حسێن عارف و قۆناغی نوێی چیرۆکنووسین

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەمیشە لە دوورەوە بینیومە، لە دوورە لە کۆڕەکاندا، لە بۆنە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکاندا، یان ئەو وێنە خەمبارەی کە لە ڕۆژی ناشتنەکەی “شێرکۆ بێکەس”دا بە کامێراکەم چرکاندوومە، لە یادمدایە. لەوە زیاتر لێی نزیک نەبووم. هەرگیز وێنەشم لەگەڵ نەگرت. ئەمەش نازانم لەبەر چی بووە و خۆشم هۆکارێکی ڕوونم نییە بۆی. بەڵام هەمیشە دڵنشینم بووە، هەمیشە لێمەوە نزیک بووە و رۆمان و چیرۆکەکانیم بە تامەزرۆییەوە خوێندووەتەوە. یادگارییم لەگەڵ چیرۆک و کتێب و وشەکانیدا زۆرە، بەڵام نەمتوانیوە گوزارشتیان لێ بکەم. بە جۆرێک زمانم هەمیشە لەئاستی ئەم پیاوەدا کورتی هێناوە.

چەند ساڵێک بوو دەستم بە خوێندنەوە کردبوو، کە پێی ئاشنابووم و زۆر بەدوای بەرهەمەکانیدا گەڕام دەستم نەدەکەوت، ڕۆژێک لە سلێمانی ڕێم کەوتە کتێبخانەیەکی دەستی دوو، بینیم یەک نوسخە لە کتێبی “گەلەگورگ و سیوپێنج چیرۆک هەڵبژاردە” دانراوە. دڵم کەوتە ختوورە و ویستم یەکسەر دەستی بەمێ، بەڵام نەموێرا، ئەمەش لەبەر ئەوەی خاوەن کتێبفرۆشییەکە لەو جۆرەی کتێبفرۆشیانە بوو کە (لە کاتی ئاساییدا) کتێبێک بە چەندقات دەفرۆشن، خۆ ئەگەر بزانێت خوێنەرێک تامەزرۆی کتێبێکە ئیدی بە خواستی خۆیان نرخ لێ دەدات. (هەرچەندە نرخی هەرچەند بوایە دەمکڕی) بەس لە دڵی خۆمدا گوتم با تامەزرۆییم بشارمەوە، بەڵام دڵم هەرلای کتێبەکە بوو، چەند دەقەیەک خۆم سەرقاڵ کرد بە سەیرکردنی کتێبی دیکەوە و ساوای چەند کتێبێکم کرد و لە هەواڵی چەندانەیەکی ترم پرسم و ئەوسا ئاوڕم لە کتێبە دڵخوازەکەم دایەوە، گوتم ئەمە بەچەند؟ نرخێکی گوتم و دەست بەجێ هەڵمگرت و ئەوەی دەیویست پێمدا و ئیدی لەو ناوە دوور کەوتمەوە نەوەکو کتێبفرۆشەکە پەشیمان بێتەوە. ئەم چیرۆکە سادەیە، چیرۆکی تامەزرۆیی من بوو بۆ ئاشنابووم بە حسێن عارف، چیرۆکنووسێک کە ڕچەشکێنی نەوەکەی خۆی بوو.
دواتر کە بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانیم خوێندەوە لە دوو پرۆژەی نووسینم لەسەر چیرۆکی کوردی وەکو سەرچاوە گەڕاومەتەوە بۆ بەشێک لە ڕۆمان و چیرۆکەکانی و نرخاندنم بۆ ئەزموونەکەی کردووە.
حسێن عارف لە چەشنی ئەو چیرۆکنووسانەیە، کە پێیەکی لەنێو گێڕانەوەی کلاسیکی کوردییدایە و پێیەکی لەنێو گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردییدایە. دەتوانم بڵێم لە یەکەمین ئەو چیرۆکنووسانەی قۆناغەکەی خۆیەتی کە ئاگاداریی تیۆرەکانی چیرۆکنووسییە و ئەمەشی بە وتار و کتێب ئاماژەی بۆ کردووە. هاوکات لەسەر دەستی حسێن عارف و قۆناغێکی نوێی چیرۆکنووسین دەست پێ دەکات، کە دەتوانم بڵێم چیرۆکی هونەریی، یان چیرۆک وەکو هونەری گێڕانەوە گەشە دەکات.
ئەگەر ئاوڕ لە مێژووی چیرۆکی کوردی و قۆناغەکانی گەشەکردنی بدەینەوە پێگەی ئەم چیرۆکنووسە بە جۆرێکە کاریگەریی لەسەر نەوەیەکی زۆری دوای خۆی داناوە و ئەو کاریگەرییەش تا ئێستا درێژ دەبێتەوە. ئەو چیرۆکنووسانەی ئێستا دەنگی دیار و سەنگینن، ئەو چیرۆکنووسانەن، کە ئاگاداری ئەزموونەکەی ئەم چیرۆکنووسەن. کاتی خۆی دۆستۆیڤسکی لەبارەی کاریگەریی گۆگۆڵەوە لەسەر ئەدەبیاتی ڕووسی و نووسەرە نێودارەکانی دەڵێت: هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆڵەی هاتینە دەرەوە. ڕەنگە پڕکێشیش نەبێت، کە بڵێین نەوەیەک لە چیرۆکنووسانی کوردیش لەژێر پاڵتۆکەی حسێن عارفەوە هاتنە دەرەوە. ئەزموونی ئەم نووسەرە بە جۆرێکە ئەگەر خوێنەر مەیلی لێ بێت دەتوانێت لێیەوە فێری چیرۆکنووسین بێت و چیرۆکەکانی هێندە ڕوون و قوڵن، کە خوێنەر دەتوانێت هەم درکیان بکات و هەم بەباشی بە هونەری گێڕانەوەش تێیاندا شارەزا بێت.
رۆژی 27ی ئایار چاپخانەی کارۆ خولی پێنجەمی خەڵاتی کارۆی بەخشییە ئەم چیرۆکنووسە گەورە و نێودارە و لە مەراسیمێکی شایستەدا لە سینەما سالم خەڵاتی ئەمساڵی پێشکەش کرا. ئەم خەڵاتەی کارۆ ئەگەرچی خەڵاتێکی مەعنەوەییە، بەڵام نرخاندنی هەوڵی و ماندووبوونی چیرۆکنووسێکە کە نزیکەی نیو سەدە خزمەتی ئەدەبی کوردی کردووە و یەکێکە لە دەنگە دیار و کاریگەرەکانی نیو سەدەی ڕابردوو. خەڵاتەکە ڕێزگرتنە لە داهێنان و وشەی ڕەسەنی کوردی. چونکە حسێن عارف لە ڕیزی ئەو نووسەرانەیە کە جگە لە خزمەتکردن بە ئەدەبیات، خزمەتی بە زمانی کوردی و هونەری گێڕانەوەی کوردی کردووە. دەشێ ئەم خەڵاتە دەرفەتێک بێت بە دەنتگە داهێنەرەکانی دونیای گێڕانەوە و ئەدەبی کوردی بڵێین سوپاس بۆ خزمەتتان بە وشەی کوردی و فروانکردنی ڕووبەرەکانی جوانی.

ھەواڵی زیاتر