کوشتنی ئافرەت بەپاساوی گێڕانەوەی شەرەف

هەژێن لوقمان

‎شەرەف گوزارشت لە ڕەوشت بەرزی دەکات لە مرۆڤدا، ڕەوشت بەرزیش لە کلتوری کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەک جیاوازە، بۆیە جیاوازیش پێناسەیان کردوە، لە كۆمەڵگا كراوەو پێشكەوتوەكاندا شەرەف بە مانای ڕەوشت بەرزی بەکار دەهێنرێت بنەماكان و مەرجەكانی شەرەف لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێدا بەنزیكەیی وەكو یەكن، واتا ئەو کارەی ڕەوشتی ڕەگەزی مێ لەکەدار دەکات بە هەمان شیوە ڕەوشتی ڕەگەزی نێریش لەکەدار دەکات.
بەڵام لە کۆمەڵگە دواکەوتوەکاندا بە هۆی زاڵبوونی کلتوری پیاو ساری بەو شیوەیە نیە، شەرەف كورت کراوەتەوە لە ئافرەتدا جا ئەو ئافرەتە هاوسەربێت یان كچ، دایك بێت یان خوشك، زۆر جار بازنەكە فراوانتر دەبێت بۆ پور و براژن و ئامۆزاو خاڵۆزاو تادوایی، لەم کۆمەڵگایانەدا پیاو خۆی بە خاوەنی ئافرەتەکە دەزانێت، ئەگەر ئەو ئافرەتە هەڵس و كەوت یان كارێكی نەشیاو ئەنجام بدات(نەشیاو بەو پێوەرانەی لە دابونەریتی ئەو کۆمەڵگاکەدا داندراوە ) ئەوە ڕاستەوخۆ شەرەفی پیاوانی خێزان و بنەماڵەو خێڵەكەی لەكەدار دەكات، بێگومان سزای ئەو لەكەدار كردنەش زۆربەی كات كوشتنە.
لە کۆندا تا ئێستاش لە زۆربەی شوێن لە ناو زۆرێك لە خێزان و بنەماڵەكان ئافرەت ئەگەر بچوکترین هەڵە بکات ئەوا بە کوشتن لە لایەن باوک یان برا یان هاوسەرەکەی كۆتایی دێت، ئەمەش پێی دەوترێت كڕینەوەی شەرەف، ئەگەر بەدوای هۆكارەكانی ئەو كێشەیەشدا بگەڕێین دەبینین زۆربەی جار ئافرەت بوەتە قوربانی کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە کاتێکدا خۆیان هۆکاری کێشەکە بوون بەڵام باجەکەیان بە ڕۆحی ئافرەتێک داوە کوشتویانە یاخود خۆیان هۆکاری ئەوە بوون ئافرەتەکە بە ڕێگایەکی هەڵەدا بڕوا لە ژیانیدا هەر دواتر بۆ پاک کردنەوەی شەرەفیان کوشتویانە، یاخوود بە هۆی جیابوونەوەی دایک و باوکەوە دەستیان لە کچەکەیان هەڵ گرتەوە نە باوکایەتی نە برایەتییا بۆ نەکردوە دواترە بۆ کوشتنەکەی و کڕینەوەی شەرەفی باوک و برای بوون، وە زۆرجار ئەم تاوانە بە کەسانی خوار ١٨ ساڵ ئەنجام دەدەن لە بنەماڵەکەدا بۆ ئەوەی سزای یاسایی لەسەری کەمتر بێت لەم نێوەندەدا دوو کەس دەبێتە قوربانی هەم کوژراو هەم بکوژ کە هەتا کۆتایی تەمەنی بە ئازاری ویژدانی ئەو هەڵەیەوە دەژیت و گەنجێتیشی لەناو دەچێت.
ئەم جۆرە بیر کردنەوەیە گەورەترین تاوانە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و دژی یاسا و ئاین و هەموو جۆرە بیر کردنەوەیەکە لە جیهاندا.
بۆیە ئەگەر تۆ پیاویت پێویستە وەک قەڵایەکی بەهێز لە پشتی ئافرەتانی ناو خێزانەکەت بوەستیت وە ئافرەتیش بە هەمان شیوە بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتانەی لە ژیانتن هەست بە ئارامی بکەن و هیچ بۆشاییەک لە ژیانیاندا نەبێت، پەروەدەیەکی تەندروست بە کچەکەت یان خوشکەکەت ببەخشە بۆ ئەوەی لە ژیانیدا قەدر و پێگەی خۆی گرنگ ببینێت خۆی بە شایەنی ڕێز و ژیانێکی شایستە بزانێت نەوەک هەست بە لاوازی و کەمی بکات و پەنا بۆ کاری هەڵە و ڕێگای نەشیاو ببات و لە قەدر و پێگەی خۆی کەم بکاتەوە، پێویستە خێزان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان ڕێگای گونجاو دوور لە توند و تیژی بگیرێتەبەر ئەگەر پێویست بکات بە هاوکاری پسپۆرانی دەرونی و کاسانی یاسایی، با بەس بێت کوشتنی ئافرەتان و کردنیان بە قوربانی لە پێناو هەڵەیەک کە لە لایەن هەردوو ڕەگەزەوە کرابێت بە پاساوی پاک کردنەوەی شەرەف تەنها باجی هەڵەکە بە ئافرەتەکە بدرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکەمان دوور بێت لە توند و تیژی و کوشتن و قوربانی دان پێویستە هەموومان لە لای خۆمانەوە ئەو بیر کردنەوەیە کە مێشکمانا بگۆڕین و چیتر ئافرەتان نەبنە قوربانی شەرەف.

ھەواڵی زیاتر