“بەهای خۆشەویستی،لە بەرزی و نشێوی ژیان بە هەڵسوکەوت دەردەکەوێ “

فەزیلە شۆرش

کاتێک هەر پەیوەندیەک بە هەستێکی جوان لە نێوان کەسانێک دروست دەبێت لە سەر بنەمای یەک بیر و یەک روانگە و دوور لە بەرژەوەندی کەسی، کارگەرێکی راستەخۆی دەبێت بۆ بەردەوامی دان بە ژیان بە شێوە راستەکەی، مرۆڤ بە ویژدانێکی ئارام و رێرەوێکی دروست ژیان دەباتە سەر، دەربرینی هەستی جوان لە پەیوەندی گرنگە بە تایبەتی بۆ بەردەوامی دان بەم پەیوەندیە، بۆ نمونە پەیوەندی نێوان دووهاوسەر، بێشک دەربرینی هەستی خۆشەویستی لە نێوان هاوسەران بناغەی ژیانێکی بەختەور و بەخشینی وزەی ئەرینیە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزانێکی پر لە خۆشەویستی.
لە زۆر حالەت کەلتوور و نەریتی کۆمەڵگە شێوەی هەستی دەربرین دیار دەکا، بەداخەوە دەربرینی هەست و سۆز و خۆشەویستی لە لایەن پیاو بۆ هاوسەرەکەی لە کۆمەڵگەمان زۆر بە کەمیە، ئەمەش کاریگەری ئەو پەروەردەیە کە دەڵێ ؛ دەبێ پیاو بە تایبەتی لە نێو خەلک ئاگاداری دەربرینی هەست و سۆز و خۆشەویستی خۆی بیت بەرامبەر هاوسەرەکەی و دەرینەبری و یا کەمی بکات تا پیاوێکی زۆر پیاوانە دیار بێت، بێگومان مندالەکانیش بەم شێوەیە پەروەردە دەکرێن، ئەم کەلتورە سەقەتە بەردەوامی پێدەدرێت لە لایەن هەندێک خێزان، ئەمە گەورەترین هەلەیە لە نێو خێزان دەکرێت، بەڵکو وشەی جوان پاڵپشتییە بۆ متمانەکردن و هاوسۆزی و خۆشەویستی لە پرۆسە و ژیانی هاوسەرگیری و،زەمینە دروست کردنە بۆپەروەردە کردنی منداڵ لە سەر بنەمای رێز و خۆشەویستی.
پێویستە دەربرینی خۆشەویستی و هەستی جوان بۆ یەک تەنیا قسە نەبێت،بێگومان بەهای خۆشەویستی لە بەرزی و نشێوی ژیان بە هەڵسوکەوت دەردەکەوێ کە گرنترین شێوەی دەرخستنی هەستە.
خۆشبەختانە هەندێک لە پیاوان هەن بە شانازیەوە زۆر بە راشکاوانە هەست و سۆز و خۆشویستی خۆیان بۆ هاوسەری خۆیان دەردەبرن، دەربرینی هەست کارێکی نامۆ و عەیبە نیە و پێویستیشە و دەبێ لە سەری رابێن و پەروەدەی مندالەکانیش وا بێت کە بتوانن بە ئازادی ئەوەی لە ناخیەتی دەریببری،چونکە دەربرینی هەست پێویستیەکی سروشتی مرۆڤە.
پەروەردەی هاوچەرخیش جەخت لە سەر دەربرینی هەست دەکا و بەرهەمەکەی دەبێتە بەرچاو روونی و لەیەکتر نزیک بوونەوە بە دەروونێکی پاک و دوور بوون لە لێکەوتە خراپەکانی لە لێکتێنەگەیشتن.

ھەواڵی زیاتر