خوێندنەوە وەک گەشتێکی ڕۆحی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

شەش ساڵ لەمەوبەر ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار دەستم بە نووسینی زنجیرە کتێبی “بەکولتوورکردنی خوێندنەوە” کرد. وێڕای ئەوەی سوودم لە چەند کتێبێک پەروەردەیی وەرگرت بۆ ئەو بەشانەی کە پەیوەندییان بە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو. بۆ تەواوی بەشەکانی دیکە پشتم بە ئەزموونی خۆم بەس لە پەیوەست بە کتێبەوە. کتێب بەتەنها تەنێکی بێڕۆح نییە، بەڵکو ئاشنابوون بە کتێب وەکو گەشتێکی بەردەوامی ڕۆحی وایە. ئەوەی کتێبەکان پێمان دەدەن هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ناتوانێت بەو شێوەیە پێمان بدات. بۆیە بە کەمێک ڕەهاییەوە دەتوانین بڵێین کتێب جێگرەوەی نییە، چونکە سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفەیە.

پەیوەندی خوێنەر بە کتێبەوە تا ئەوکاتە پەیوەندییەکی سادەیە کە ئەو خوێنەرە کتێب بۆ مەبەستێکی بازرگانی، یان بڕوانامەیی، یان مەبەستی دیکەی هاوشێوەی دوو شێوەکەی یەکەم بەکاردەهێنێت. بەڵام ئەوکاتەی خوێنەرەکە کتێب وەکو سەرچاوەیەکی ڕەسەنی مەعریفی سەیر دەکات و لەگەڵیاندا دەست بە ژیان دەکات ئیدی کتێب دەبێتە بەشێک لە ژیانی ئەو کەسە و خوێنەربوون دەبێتە شێوازێک بۆ ژیانکردن. نایشارمەوە پێنج ساڵی یەکەمی کتێبخوێندنەوەم پەیوەندییەکی سادەبوو بە کتێبەوە، بەڵام هێدی هێدی پەیوەندی من بە کتێبەوە لە پەیوەندییەکی ئاساییەوە گۆڕدرا بۆ پەیوەندییەکی ڕۆحی و جۆرێک لە دەرگیربوون لەگەڵیدا کە ئێستا ناتوانم وێنای ژیان بکەم بەبێ کتێب، یان بۆرخیش گوتەنی کە بەهەشتی لە شێوەی کتێبخانەدا وێنا دەکرد. لای من نزیکبوون لە کتێب و لە کتێبخانەدابوون دەست گەیشتنە بە بەهەشت.
هەرکات پەیوەندی مرۆڤ بە کتێبەوە تەنها لە قۆناغی ئاساییدا مایەوە و ئەو کەسە کەڵکەڵەی بەدەستهێنانی کتێبی نەبوو و تامەزرۆیی و حەزی بۆ خوێندنەوە لە ئاستێکی “نائاسایی” ناسرووشتیدا نەبوو، ئەوا ئەو کەسە نەگەیشتووە بە پلەیەکی مەعریفی کە پەیوەندی بە کتێبەوە ببێتە پەیوەندییەکی ڕۆحی. نووسەرە داهێنەرەکان و وەرگێڕە بە سەلیقە و ئەزمووندارەکان ئەو کەسانەن کە پەیوەندییان بە کتێبەوە لە قۆناغی ئاساییەوە تێپەڕیوە و پەیوەستییان بە کتێبەوە بووە بە بەشێکی سەرەکی لە ژیانیان، واتە پەیوەندییەکە لاوەکی و وەکو جۆرێک لە سەرگەرمیی، یان پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵ نییە، بەڵکو جۆرێک لە ژیانکردنە، یان شێوازێکی ژیانە و بە ویستی خۆیان هەڵیان بژاردووە.
خوێنەرەکان گەلێک چانسیان هەیە کە هیچ کام لە چین و توێژەکانی دیکە ئەو چانسەیان نییە، یەکێک لەو چانسانە ئاشنابوونە بە ئەزموونی ئەوانی دیکە لە زۆرترین شوێنی گەردوونەوە. واتە دەستگەیشتن بەو کتێبانەی لە هەر لایەکی جیهانەوە بێت یەکێکە لە ئەزموون و ژیانی مرۆڤانی ئەو سەرزەمینانەمان بۆ دەگوازنەوە. هاوکات گەشتکردن بۆ هەر جێگەیەکی دونیا لە هەر سەردەمێکدا بووبێت، کە ئەمە لە واقیعدا ئیمکانی نییە و مرۆڤ ناتوانێت گەشت بۆ شارستانییەتە دێرینەکان و سەردەمە کۆنەکان بکات، بۆیە کتێب ئەو دەرفەتە دەبەخشێتە مرۆڤەکان، کە لە ڕێی ئەوەوە گەشت بۆ دوورترین سەردەم بکەن. خاڵێکی دیکە گەشتکردنی مرۆڤەکانە بە خەیاڵێکی بێسنووردا، هەموو ئەوشتانە لەنێو واقیعدا مرۆڤ خەونی پێوە دەبینێت و بۆی بەرجەستە نابن دەتوانێت لەنێو کتێبدا بەرجەستەی بکات و خوێنەریش لەوێوە بیخوێنێتەوە. بێگومان لەم سێ دەیەی دواییدا سینەما لە ڕێی بە فیلمکردنی کتێبەوە کەڵکێکی زۆری لەمە وەرگرتووە، بەڵام هێشتا ناتوانێت تەواوی ئەوەی لە کتێبدا بەرجەستەیە بۆ وێنەی بگوازێتەوە. بۆیە هەمیشە هێزی وشە زیاترە لە هێزی وێنە و وشە هێزێکی گەلێک باڵا و فراوانی هەیە.
ئەفسوونی هێزی وشە بیستوچوار ساڵە لەگەڵ خۆی دەرگیریی کردووم، بەڵام دەرگیربوونێکی جوان و چێژبەخش کە هێزێکی پێداوم، بتوانم بەرگەی ناشرینییەکانی ژیان و سپڵەیی مرۆڤەکان بگرم.

ھەواڵی زیاتر