‎شەرەف لە بنەماکانی مرۆڤ دۆستیدایە نەک جەستەی ئافرەت

لیا سیفەدین

کۆمەڵگەی دواکەوتووی نەریتی پیاوسالاری، لە بابەتگەلێکی هەستیاری وەکو تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف، کۆسپ دەخاتە بەردەم جێبەجێکردنی یاسا
‏‎بە پێی جەند توێژینەوەیەک لە سالی ٢٠٠٨ بۆ سالی ٢٠١٨ کراوە، سێ لەسەر یەکی ئافرەتان لە جیهاندا تووشی تووندوتیژیی جەستەیی، سێکسی و دەروونی بوونەتەوە، تەنانەت لە کاتی تەنگژەکاندا ئەوە ئافرەتانەی بەهۆی پێگە لاوازەکەیانەوە لە بەشێکی زۆری جیهاندا زۆرترین ئازار دەچێژن. لێرە تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف بەشێکە لە مۆدێلە گەورەکەی تووندوتیژیی رەگەزی و لە هەردوو فۆرمی جەستەیی و دەروونییدا دژی ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا پیادە دەکرێت.
‏‎ئەمڕۆ تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف بە زۆری لە ناوچەکانی وەکو باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدات. لە کار و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، گرنگە خۆمان لە حوکمی پێشوەخت و ستیگماتیزەکردن بەدوور بگرین، چونکە توێژینەوەکان دەریدەخەن تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف هیچ پەیوەندییەکی بە ئایین و کولتوورێکی دیاریکراوەوە نییە.
‏‎لە هەرێمی کوردستانیش
‏‎”شەرەف”ـی بەشێک لە خێزانەکان لە جەستەی ژن و رەفتاری کۆمەڵایەتی و سێکسیدا کورت کراوەتەوە. لەبەرئەوەیە لە بەشێکی خێزانەکاندا ئازادیی ژن بە لادان لە بەها نەریتییەکان و نۆرمەکان لە قەڵەم دەدرێت.
‏‎تاوانی ئەخلاق و شەرەف تاوانێکە تەنها ئافرەت باجەکەی دەدات، وەک بڵێی ئەخلاق و شەرەف بچوک کراوەتەوە تەنها لە داوێنی ئافرەتاندا و پیاو پشکی تێیدا نیە، خۆ ئەگەر تاوانە پیاوێکیش تێیدا بەشدارە بۆچی شەرەفی ئەویش ناشکێ و کۆمەڵگە بەچاوی بێزراو قێزەون سەیری ناکەن.
‏‎پرسیارەکە ئەوەیە کێ ئەو مافەی داوە بەپیاوێک مافی ژیان لە خوشکی یان کچی یان هاوسەی زەوت بکات لەژێر پەردەی ئابڕوو چون؟ بۆچی پیاوان یەکسەر پەلاماری ژن دەدەن؟ لەو تێگەیشتنەوە کە ژن شەرەفی ئەوانە، راستەوخۆ چاویان لەسەر جەستەی ژن ئەبێت.
‏‎لە گۆمەڵگەی پیاوسالاریی دواکەوتوودا تێڕوانین بۆ ئافرەت وەک مرۆڤی پلە دوو وە خۆ بەخاوەن زانینی و ماف بە خۆدان لە مامەڵەکردنی بە هەموو جۆرەکانی توند و تیژی تا دەگاتە کوشتنی، بونی یاسا و سزا بۆ ئەم تاوانە نەیتوانیوە لەم دیاردەیە کەم بکاتەوە بەڵکو ڕۆژانە گوێبیست دەبین لێرەو لەوێ ئافرەتێک دەکوژرێت، ئەمانەش ئەوەمان پێدەڵێن کە چەندێک یاسا گرنگە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی تاک و دەستەبەر کردنی مافەکان، هێندەش هۆشیاری خێزانی و کۆمەڵایەتی و کارکردن لەسەر نەهێشتنی دابونەریتە نادروست و ستەمکارییەکان گرنگن، گرنگە لە سەرەتاوە پەروەردەیەکی دروستی تاکەکان بکرێن لە جیاتی پەنا بردن بۆ کوشتن.

ھەواڵی زیاتر