ڕەند زارعی، رۆمانی ” فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی” لە سێ زمانی بیانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

نووسەر و وەرگێڕ ڕەند زارعی، رۆمانی ” فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی” لە سێ زمانی بیانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بڵاویکردەوە. رۆمانی “فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی” کە لە وەرگێڕانی ڕەند زارعییە و ئەم بەرهەمەی لە ڕووی سێ زمانی نۆڕوێژی، فارسی و ئینگلیزی وەرگێڕاوە و بە هەزاران پەند و ئیدیۆمی کوردی لەم دەقەی خزاندووە کە خوێنەر هەست ناکات ئەم دەقە وەرگێڕانە.

نووسەر و وەرگێڕ ڕەند زاڕعی، دەربارەی وەرگێڕان بۆ ئەو رۆمانە نوێیەی بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئەم کتێبە یەک لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی دۆستۆیۆڤسکییە، لەبەر ئەوەی وەک جۆرێک دانپێدانان و باسکردنی ئەو ئازارانەیە کە نووسەر خۆی لە سەردەمی منداڵیدا چێشتوونی. جگە لەوەی کە ئەم ڕۆمانەی لە کاتێکدا نووسیووە کە لە نێوەڕاستی ڕۆمانەکەدا کوڕەکەی لە دەست دەدا و پارەی نییە کە هەقی کفن و دفنەکەی بدات تا لە گۆڕستان بینێژن. بۆیەش مەجبوور دەبێ پێشوەختە ئەم ڕۆمانەی بە بڵاوکەرێک (چاپەمەنییەک) بفرۆشێ تا پارەی ناشتنی کوڕەکەی بدات بە خاوەنی گۆڕستانەکە. دۆستۆیۆڤسکی نامەیەک بۆ کەسێکی نزیکی دەنووسێ و دەڵێ: بە تەمابووم بۆ دڵی خۆم ڕۆمانێک بنووسم (مەبەستی ئەم ڕۆمانەیە)، بەڵام قورسی ژیان لێنەگەڕا و ناچار بووم ئەمیش بە پەلە بنووسم.
دەڵێتیش: بۆیەش دەبینی هەتا نیوەڕاستی ڕۆمانەکە نووسەر بە بەرزترین و هەستیارترین شێوە دەقی ڕۆمانەکەی داڕشتووە، کە ئەگەر بیتوانیبووایە بە دڵی خۆی بەردەوام بێ لە نووسین، بێگومان ئەم بەرهەمە یەکێک لەو دەگمەن شاکارانەی ئەدەبی گێڕانەوە دەبوو. وەک دەزانین دۆستۆیۆڤسکی بە داڕێژەی قوتابخانەی بوونناسی (ئێگزیستانسیالیزم) و هەروەها بە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرەکان لە بواری دەروونشیکاریدا ناسراوە، هەربۆیەش لەم ڕۆمانەدا بە تەواوەتی و بەبێ هیچ درێژدادڕییەک هەتا نێوەڕاستی ڕۆمانەکە ئەم دوو تەوەرە دەخاتە بەرامبەر یەک و شەڕ و ململانێی نێوان ئەوین و هونەر، ویژدان و ڕاستەقینە و پەروەردە و چارەنووس دەخاتە بەرامبەر یەک و بە جۆرێک خوێنەر ڕادەکێشێ کە خوێنەر بەبێ ئەوەی بە دەست خۆی بێ فرمێسک لە چاویدا قەتیس دەبن.
زیاتر گوتی: کاتێک ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە، ئێوارەیەک دەستم بە خوێندنەوەی کرد و هەتا بەیانی ڕۆژی دواتر نەمتوانی داینێم. کاتێک لە خوێندنەوەی تەواو بووم لە سەفەر بووم. بە پەلە هەر ئەو ڕۆژە گەڕامەوە و ملم تەرجەمەکردنی نا.
بە ٢٠ ڕۆژ تەرجەمەکەییم تەواو کرد، بەڵام ١٠ ساڵ وەرگێڕانەکەی یەکەمجار چاپ بوو. باوەڕ بکە لانیکەم چەندجار لەسەر خوێندنەوە و وەرگێڕانی هەستم دەکرد ئێستا نا ئێستا لەو هەموو ژان و ڕاچڵەکاندنەی ئەم ڕۆمانە جەڵدە لێم دەدا.

ھەواڵی زیاتر