حەسەن حەمەد ئاندێکی – ههولێر
دڵخۆش ئەنوەر مەحەمەد، توێژەروکۆمەڵناس، لە دیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر”، تیشکی خستەسەر رۆڵ و گرینگی کۆمەڵناسان لە کۆمەڵگە و بازاڕی کار و ناوەندی بڕیاردا.
لە ئێستادا دۆخی زانستی کۆمەڵناسی لە نێوان “تیۆریی ئەکادیمی” و “واقیعی کۆمەڵایەتی”دا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا توانیویەتی لە دیوارەکانی زانکۆ بێتە دەرەوە و بچێتە ناو ژیانی خەڵکەوە؟
زۆربەی توێژینەوەکان تیۆریان بەهێزە، بەڵام پەیوەندیان بەژیانی ڕۆژانەی خەڵک کەمە. هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی تیۆرییەکان نزیک ببنەوە لە واقع و بهێنرێتە ناو کۆمەڵگا و نزیک بکرێنەوە لە واقع، بەڵام هێشتان نەگەیشتوین بەو ئاستەی کەوا کۆمەڵناسی ببێتە بەشێکی چالاک لە ژیانی کۆمەڵگا. سەبارەت بەهاتنە دەرەوەی کۆمەڵناسی لە چوارچێوەی زانکۆدا هێشتا کۆمەڵناسی لە کۆمەڵگاکەماندا لەناو دیوارەکانی زانکۆ قەدبڕ ماوەتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵناسی بواری مەیدانی کەمترە وەک لە بەشە زانستییەکانی تر، قوتابیان لە کۆمەڵناسیدا تەنها تیۆری دەخوێنن و کاری مەیدانی ناکەن.
هەندێک پێیان وایە کۆمەڵناسی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە قەیراندایە و نەیتوانیوە شرۆڤەی ورد بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵگە بکات؛ خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم بۆچوونە چییە؟
بە هۆکاری ئەوەی کەوا کۆمەڵناسی تیۆری خۆماڵی کەم بەکار دەهێنێت و بابەتەکان دوورن لە واقعی کۆمەڵگای خۆمان، بووەتە هۆکاری قەیران لە ڕووی شرۆڤەکردن، گرنگە بتوانین توێژینەوەکانمان لە واقعی کۆمەڵگای خۆماوە سەر هەڵ بدات و ببێت بە بەشێک لە شیکەرەوەی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای کوردی و کاری پێ بکرێت.
ئایا توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا تەنها بۆ بەدەستهێنانی پلەی زانستین، یان بەراستی دەبنە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی دیاردە و کێشەکان؟
لەڕاستیدا بەشێکی زۆر لە توێژینەوەکان بۆ مەبەستی ئەکادیمی ئەنجام دەدرێن، لەناو کەمپی زانکۆکان ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە چونکە توێژینەوە دەبێت ببێتە بنەماییەکی گرنگ بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی تاک و گرووپ و کۆمەڵ، هەروەها ببێتە بنەمای بڕیارسازی و چارەسەر بخاتە ڕوو بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و دیاردانەی کەوا بەرۆکی کۆمەڵگاکەمان دەگرێت، ئەگەر بێت و کارکردنەکە بەم جۆرە نەبێت ئەوا ئەو پەیوەندیەی نێوان زانست و کۆمەڵگا دەبێتە شتێکی داخراو، بە واتای ئەوە دێت وای لێ دێت کاری پێ ناکرێت و شوێنی خۆی ناگرێت.
تا چەند ناوەندەکانی بڕیار گوێ لە دەرەنجامی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکان دەگرن بۆ داڕشتنی پلان و ستراتیژی وڵات؟
زۆر گرنگە دامەزراوەکان گرنگی بە توێژینەوە بدەن بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی کاروبارەکانیان و، زیاتر گەشەسەندنی ئاستی کارکردنیان، بەڵام لێرەدا بە ڕادەیەکی کەم گوێ لە تیۆر و توێژینەوە دەگیرێت، هەر ئەمەش بە هۆکاری کەمکردنەوەی ڕۆڵی کۆمەڵناسان لە کۆمەڵگادا دەزانم و وەک بەربەست وایە بۆ کارکردنێکی دروست. هەربۆیە کۆمەڵناسی هێشتا نەبووە بە ئامرازێکی سەرەکی لە داڕشتنی ستراتیژی وڵات.
رۆڵی کۆمەڵناس لە کاتی قەیرانەکاندا (وەک قەیرانی ئابووری، جەنگ، یان دۆخی نالەبار) چییە؟ ئایا لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵناسانی ئێمە ئامادەییی مەیدانییان هەبووە؟
کۆمەڵناسان دەبێ شیکەرەوەی قەیران بن، نەک تەنها بینەر بن، لە قەیرانی ئابووری، جەنگ، یاخود کۆچدا، ڕۆڵی کۆمەڵناسی بریتییە لە تێگەیشتن لە کاردانەوەی خەڵک و پێشنیارکردنی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ کەم کردنەوەی زیانەکان، هەروەها بەخێرایی پێشنیارکردن بۆ چارەسەری گونجاو لەکاتێکدا کۆمەڵگا بە بارێکی سەختی وەک قەیران، جەنگ، کۆچکردن و هتد، تێدەپەڕێت.
بەداخەوە زۆر جار ئامادەبوونی کۆمەڵناسان لەو مەیدانەدا زۆر سنووردارە یاخود هەر نابینرێن و ڕۆڵیان لەم بوارەدا نییە، گرنگە کۆمەڵناس پێگەی خۆی لە کۆمەڵگادا قاییم بکات و تواناکانی خۆی دەربخات بۆ ئەوەی هەم وەک پسپۆڕییەکی گرنگ دەرکەوێت، هەم هەستێت بە ئەرکی سەرەکی خۆی.
جیاوازیی نێوان “کۆمەڵناس” و “كەسێكی ئایینی یان بانگخواز” لای خەڵکی ئاسایی ڕوونە؟ یان هێشتا سنوورەکان تێکەڵن و خەڵک چاوەڕێی ئامۆژگاری دەکەن لەبری شیکردنەوەی زانستی؟
کۆمەڵناسان بەهۆکاری جۆراوجۆر لە کۆمەڵگاکاماندا ناسراو نین، بەجۆرێک زۆربەی هەرە زۆری خێزانەکان زانیاریان لەسەر کۆمەڵناس وەک پسپۆڕێک نییە، هەروەها زۆربەی خەڵک ڕاهاتوون چاوەڕێی ئامۆژگاری دەکەن لە بەرامبەرەکەیان نەک شیکردنەوەی زانستی و، کاری ئەکادیمی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کۆمەڵناسان زیاتر بەشێوەیەکی سادە قسەیان کردوە نەک بەشێوەی زانستی و ئەکادیمی، یاخود بە باشی ئەرکەکانیان بۆ ناسراوبوونیان جێبەجێ نەکردووە.
میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر رۆڵی کۆمەڵناس دروست کردووە؟ ئایا “شیكەرەوەی فەیسبووکی” جێگەی توێژەری ئەکادیمیکی گرتووەتەوە؟
میدیا بەشێوەیەکی گشتی دوولایەنە، لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی گەورەی دروست کردووە بەڵام مەترسیشی هەیە، لە کاتێکدا میدیا هاتە ئاراوە، ئێستاکە هەست دەکەم ڕۆڵی کۆمەڵناسانی دەرخستووە و ئامرازێکە بۆ ناساندنی کۆمەڵناسان و، بۆ کارکردنیان بە شێوەیەکی سەرهێڵ (ئۆنڵاین)، بەڵام مەترسیەکەی ئەوەیە ڕەنگە لە ڕێگای ئۆنڵاینەوە کەسانێکی ئاستنزم بتوانن خۆیان بکەن بە کۆمەڵناس و خەڵکی لەڕێ دەربکەن یاخود بۆ مەبەستی تر زیان بە خەڵکی بگەیەنن، لەگەڵ ئەوەشدا زیان بە ناوودەنگی کۆمەڵناسان دەگەیەنن لەبەر ئەوەی بە ناوی ئەوانەوە کار دەکەن و کاری نەشیاو دەکرێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا میدیا لایەنی زۆر باشی هەیە کە دەتوانێ خزمەتێکی گەورە بە هەموو بوارێک بکات لە کۆمەڵگادا بەڵام بەمەرجی ئەوەی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەکار بهێنرێت، یەکێکیش لە زیانەکانی ئەوەیە زۆربەی کات شیکەرەوەی فەیسبوک یاخود بابەتێک لە بابەتەکانی کە کەسێک نووسیویەتی بەبێ هەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو شوێنی توێژینەوەی قووڵی ئەکادیمی گرتۆتەوە، کە ئەمە کاریگەری خراپی هەیە.
ئایا کۆمەڵناسی لە ناوچەکەماندا توانیویەتی “تیۆری خۆماڵی” بەرهەم بهێنێت کە لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی بگونجێت، یان هێشتا هەر پشت بە تیۆرییە ڕۆژئاواییەکان دەبەستین؟
هەوڵ هەیە بۆ داڕشتنی تیۆری خۆماڵی بەڵام هێشتا سیستەماتیک نییە، زۆربەی کارەکان پشت بە تیۆری ڕۆژئاوا دەبەستن، ڕەنگە ئەوەش هۆکار بێ بۆ ئەوەی کەوا توێژینەوەکانمان لە واقعی کۆمەڵگای خۆمانەوە دوورن، بۆیە بە گرنگی دەزانم لە واقعی کۆمەڵگای خۆمانەوە دەست پێ بکەین و تیۆری خۆماڵی پەرە پێ بدەین تاوەکو ببێتە واقعی کۆمەڵگای کوردی و بتوانین لە دام و دەزگاکاندا کاری پێ بکەین.
لە رووی بابەتیبوونەوە، ئایا کۆمەڵناسی ئێمە توانیویەتی خۆی لە ئایینی و خێڵەکییەکان بپارێزێت و راستییەکان وەک خۆی بگوازێتەوە؟
ڕەنگە خۆی پاراستبێ بەڵام بە ئاستێکی کەم، کاریگەریی خێڵەکی زۆر جار شێوەی شیکردنەوەکان دەگۆڕێت، لەبەر ئەوە سەربەخۆیی زانستی هێشتا ماویەتی بە تەواوی بەدەست بێت، کۆمەڵناسیش وەک هەر زانستێکی تر گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئەو بابەتانەی کەوا پەیوەستن بە تاک و گرووپ و کۆمەڵگا، لەبەر ئەوە گرنگە کۆمەڵناسی بتوانێ پێگەی خۆی لەناو کۆمەڵگادا قایم بکات و هەستێ بە ئەنجامدانی کارە لە پێشینەکانی خۆی وەک بەدواداچوون بۆ تیۆرو لێکۆڵینەوەکردن لەسەریان، هەروەها بۆ خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەکانی، بەمەبەستی سوودگەیاندن بە کۆمەڵگا.
زۆربەی دەرچووانی بەشی کۆمەڵناسی لە بازاڕی کاردا دەرفەتیان کەمە؛ ئەمە کێشەی سیستەمی خوێندنە کە قوتابی بەهێز پێناگەیەنێت، یان کێشەی تێنەگەیشتنی دامەزراوەکانە لە گرنگیی ئەم پسپۆڕییە؟
ئەمە دوو هۆکاری هەیە: یەکێکیان سیستەمی خوێندن و تێنەگەیشتنی دامەزراوەکان.
مەبەست لە سیستەمی خوێندن ئەوەیە کەوا کۆمەڵناسی خۆی بەدوور گرتووە لە کاری مەیدانی، هەروەها کۆمەڵگا ئەو هۆشیارییەی نییە هەست بە گرنگی کۆمەڵناسی و کۆمەڵناسان بکات، ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگا لە بارێکدایە لە هەندێ شوێنی دوورەدەست ڕەنگە هەر نەزانرێت کۆمەڵناس کێیە و چییە؟
دووەمیان لە بازاڕی کاردا هێشتا کۆمەڵناسی وەک پسپۆڕیەکی پێویست ناناسێت، لە بازاڕی کاری ئەمڕۆماندا، ڕەنگە نەمانتوانی بێت بە شێوەیەکی ڕێک و پێک زانستەکان و پسپۆڕییەکان لەیەکتر جیا بکەینەوە، لەبەر ئەوەیە کۆمەڵناسیش بووە بە یەکێک لە قوربانییەکانی ئەم هەڵەیە، گرنگە پسپۆڕیەکان وەک خۆی بناسین تاوەکو بازاڕی کار سەری لێ نەشێوێت لە هەڵبژاردنی پسپۆڕەکانیدا.
لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و جیهانگیریدا، بەها کۆمەڵایەتییەکان زۆر بە خێرایی دەگۆڕێن؛ ئایا کەرەستەکانی دەستی کۆمەڵناسانی ئێمە بۆ پێوانەکردنی ئەم گۆڕانکارییانە کۆن نین؟
زانست بەردەوام لە پێشکەوتندایە و بابەتەکانی کۆمەڵناسیش دەتوانم بڵێم تا ڕاددەیەک تازەگەری تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە و لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگەدا نییە، بە گرنگی دەزانم بەردەوام زانست لە نوێبوونەوەدا بێ و بتوانی لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا بکەوێتە ڕێگا، تاوەکو دوا نەکەوێت.
گەورەترین مەترسی کە لە ئایندەدا رووبەڕووی شیرازەی کۆمەڵگە دەبێتەوە چییە و، پێشنیازی ئێوە وەک کۆمەڵناس بۆ ئامادەسازی چییە؟
گەورەترین مەترسی لەسەر لێک هەڵوەشاندنەوەی خێزاندا هەیە بە هۆکاری زۆر و جۆراوجۆر، بەتایبەت بەکارهێنانی ناهۆشیارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن زۆرێک لە خەڵکی کە بە هەڵە بەکار دەهێنرێت. ئەمەش وادەکات کێشەی خێزانی زۆرگەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت و ببێتە هۆکارێک بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەی خێزان و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگا، کاریگەری زۆر خراپیش لەسەر تاکەکانی خێزانی لێکجیابۆوە جێ دەهێڵێت.

