رۆژنامەی ھەولێر

گەشتی بێسێبەر

پــەری شێـخ ساڵح

کەشتییەکان
تەنیا نێو هەناوی ئاو دەپێون،
بەڵام پەنجەرەیەک …
کە بەرەو خەیاڵێکی ساتەوەختی دەکرێتەوە
دەتوانێت ڕووباری نادیاری بێدەنگی لە ناو وشەکاندا
بەڕێ بکات،
لێرە، لەسەر پیاسەی تەنیای ناو پارکەکە
کاتێک قاچەکانم لە ڕاکردن لە خەمێکی کۆن هیلاک دەبن
دەست دەبەم بۆ
گەرمیی فنجانێ قاوە و
خوێندنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ.
کاتێک بەرەو سەرکەوتن ڕامان دەکرد،
پەلەپەل نەیدەهێشت ئاگامان لە گوڵە بچووکەکانی لێواری رێگاکە بێت….
بەڵام کاتێک لە هەورازەکان گەڕاینەوە
تێگەیشتین کە جار هەیە دۆڕاندنی لووتکەکان
سەرەتای دۆزینەوەی ئارامییە.
پێویستم بە سەفەری ڕێگا نەخشێنراوەکان نییە
کاتێک کتێبێک دەکەمەوە
دیواری هەموو قەفەسەکان لەناو نووسیندا دادەڕمێن
لە نێوان تۆران و ئاشتبونەوەی وشەکاندا
مانگ لەسەر شانم دەنیشێتەوە و
ڕۆح پارچە پرشنگدارەکانی خۆی دەدۆزێتەوە
مرۆڤ دەتوانێت لەناو چارەنووسی ژوورێک یان پیاسەیەکی سارددا بێت
بە پێی هێڵی هەڵبەستێک
تا ئەوپەڕی ئازادی کۆچ بکات،
ئەمە ئەو گەشتە بێسێبەرەیە
کە نیشتمانەکەی لە هیچ نەخشەیەکدا
داگیر ناکرێت.