رۆژنامەی ھەولێر

ھێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ڕفێنراوانی دەستی داعش لە سووریا و عێراق ماون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی، نوێترین ئاماری لەبارەی قوربانیانی دەستی داعش لە ھێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ـی سەر شنگال و دەوروبەری ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە کۆی ٦٤١٧ کەس کە کەوتبوونەتە دەست داعش تا ئێستا ٣٥٩٥ کەس ڕزگار کراون، ھەوڵەکانیش بۆ ئەوانەی کە ماون بەردەوامە.

ڕفێنراوانی ئێزدی ئەو کەسانەن کە لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا لە کاتی ھێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، ڕفێنران و تووشی کۆمەڵکوژی بوون.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدوای ٣ی ئابی ٢٠١٤ـەوە نووسینگەیەکی تایبەتی بە ناوی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی بە پاڵپشتیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دامەزراندووە بۆ دۆزینەوە و ئازادکردنی ئەو کەسانەی لە دەستی داعشدا ماونەتەوە.
بەشێک لە ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام زۆریان ھێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین، پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەھۆی کەمی سەرچاوە و ناسەقامگیری سیاسی بە ھێواشی بەڕێوەدەچێت، ھێشتا ناوچەکە بە تەواوی ئارام نییە، بوونی گرووپە چەکدارە جیاوازەکانیش وەک مەترسییەک لەولاوە بوەستێت، جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەلایەن حکوومەتی عێراق، کێشەی زۆری بۆ ناوچەکە دروست کردووە.
بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، داعش کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی کردبوو، سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پلاندانانی ئۆپەراسیۆنێکی بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانان کرد، بەتایبەت ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، ئەنجام درا، لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردن دەستی پێکرد، ھێزەکانی پێشمەرگە سەرەکیترین ھێزی بەشداربووی زەمینی بوون، ستراتیژی سەربازی ئەوەبوو لە چەند قۆڵێکەوە بۆ گەمارۆدانی داعش پێشڕەوی بکرێت، ھێزی ئاسمانی ھاوپەیمانانیش بۆ لێدانی مۆڵگەکانی داعش بە بەشداری ھێزە تایبەتەکانی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکە بەکاربھێنرێت.
ئازادکردنی شنگال لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی، سەرکەوتنێکی گرنگ بوو، ئەم ئۆپەراسیۆنە نەک تەنیا گرنگییەکی سەربازی ھەبوو، بەڵکو گرنگییەکی مرۆیی و سیمبولیشی بۆ ئێزدییەکان و ھەموو قوربانیانی داعش ھەبوو، ھەرچەندە ئازادکردنی شنگال ھەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام ئاڵنگارییەکانی دوای ئازادکردن، وەک ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، ھێشتا بەردەوامن.
شنگال دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای عێراق، لە پارێزگای نەینەوایە لە نزیک سنووری سووریا، چیای شنگال بەشی سەرەکی ناوچەکەیە، درێژی چیاکە نزیکەی ٧٠ کیلۆمەترە و بەرزاییەکەی دەگاتە ١٤٦٣ مەتر، دەشت لە دەوروبەری چیاکە بڵاوبوونەتەوە.
شنگال دەکەوێتە نێوان مووسڵ و سنووری سووریا، ڕێگای بازرگانی کۆنی نێوان عێراق و سووریا بەم ناوچەیەدا تێپەڕیوە، زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە ئێزدین، شاری شنگال ناوەندی قەزاکە لە باشووری چیاکەیە، چەندین گوندی بچووک لە دەوروبەری چیاکە و لە دەشتەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، چارەنووسی ٢٨٢٢ ڕفێنراوی تر کە زیاتر لە نیوەیان ژن و کچن و ژمارەیەکی زۆری منداڵیشیان تێدایە، ھێشتا نادیارە و نەدۆزراونەتەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی، گوتیشی: کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە شنگال ڕفێنرابوون، بریتی بوو لە ٦٤١٧ کەس.
حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی، زیاتر گوتی: زۆربەی ئەو کەسانەی لەمدواییانەدا ڕزگار کراون، لە ناو خاکی سووریادا بوون و ھێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ڕفێنراوان لەو وڵاتەدا ماون، بەتایبەتی لە کەمپی ھۆڵ ماونەتەوە، جگە لە بوونی ژمارەیەکی تر لە ناوخۆی عێراق لەگەڵ خێزانی چەکدارانی داعش و ئەگەری گواستنەوەی ھەندێکیشیان بۆ دەرەوەی عێراق و سووریا.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی، دووپاتی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامن و تیمەکانیان لێکۆڵینەوە لە ھەموو زانیارییە وەرگیراوەکان دەکەن، بەتایبەت کە ئێستا گرنگیی سەرەکیی کارەکانیان لەسەر خاکی سووریا چڕ کراوەتەوە بەو پێیەی ھێشتا ڕفێنراوانی ئێزدی لەوێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەکدارانی داعش دوای دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤، لە مانگی ئابی ھەمان ساڵدا ھێرشیان کردە سەر شنگال و جینۆسایدیان دژی پێکھاتەی ئێزدی ئەنجام دا کە بووە ھۆی کوشتن، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ڕفاندنی ھەزاران ژن و کچ و منداڵی ناوچەکە.