رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانی شەترەنج (پەروە پشتیوان): لە ئۆلۆمپیادى جیهانى ساڵی ٢٠٢٦ لە ئوزبەکستان نازناوى کاندید ماسترم پێ بەخشرا

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

شەترەنج هونەرێکە بۆ بیرکردنەوە، پلاندانان و بڕیاردان لە ساتە هەستیارەکاندا. ئەم یاریە مرۆڤ فێری پشوودرێژی، خۆڕاگری، هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکان و پێشبینیکردنی ئەنجامی بڕیارەکانی دەکات، چونکە هەر جووڵەیەک واتایەکی هەیە و هەر بڕیارێک دەتوانێت ئاراستەی یاریەکە بگۆڕێت.

وەرزشوانی بواری شەترەنج (پەروە پشتیوان ئەحمەد) لە دیمانەکی رۆژنامەی هەولێردا تیشکی خستە سەر ئاستی ئەم وەرزشە لە کوردستاندا؛ ئاستەنگەکانی پەرەسەندن، ڕۆڵی خێزان و دامەزراوە وەرزشییەکان لە پشتگیریکردنی کچانی وەرزشوان، هەروەها ئەزموونی بەشداریە نێودەوڵەتیەکان و دەستکەوتەکانی لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی کوردستاندا.

دەکرێ خۆتمان پێ بناسێنێت و، پێمان بڵێیت لە کەینێوە دەستت کرد بە شەترەنج؟ کێ یەکەم هاندەرت بوو بۆ ئەم وەرزشە؟
ئەمن پەروە پشتیوان ئەحمەد، 2007/9/11 لەدایک بوومە؛ ‎لە تەمەنی 5 ساڵانەوە دەستم بە وەرزشی شەترەنج کردووە، خانەوادەکەمان بە گشتی و تایبەتتریش باوکم هاندەر و پشتیوانم بووە.

لە ڕێگای گەیشتن بە پاڵەوانەتی، گەورەترین تەنگانە و بەربەستەکانت چی بوون و، چۆن سەر کەوتیت بەسەریاندا؟
کێشە و تەنگەژە زۆرن، سەرەتا خۆئامادەکردنێکى باش و هەبوونى ڕاهێنەرێکى باش و خەمخۆر و تەرخانکردنى کات بۆ مەشق و راهێنان لەگەڵ ڕاهێنەر و لەگەڵ خۆت، زۆر جار ئەمانە لە ڕێگاى خێزانەکەمانەوە بە باشترین شێوە چارەسەر دەکرێت، بەڵام پاش بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیەکى بەهێز زۆر گرنگە تەندروستیی خۆت بپارێزیت و، نەخۆش نەکەویت؛ چونکە هەر یاریەکى شەترەنج پێویستى بە لاى کەمەوە سێ کاتژمێر دەخایەنێت؛ هەندێکجار دەگاتە زیاتر لە پێنج کاتژمێر ئەوەش پێویستى بە تەندروستیى جەستەیی و دەروونى هەیە.

شەترەنج تا چەند کاری کردووەتە سەر کەسایەتی و شێوازی بیرکردنەوە و، بڕیاردان و ژیانی ڕۆژانەت؟
وەرزشى شەترەنج تایبەتمەندىی خۆى هەیە؛ پێویستى بە پشوودرێژی و هێمنى و بیرکردنەوەی بەر گوشار و دانانى پلان و تێکدانى پلانى بەرامبەر هەیە؛ زۆر لە یاریزانانى شەترەنج کەسایەتى هێمن و لەسەرخۆن و پێش جووڵە و قسە، بیر دەکەنەوە و گران و سەنگینن؛ شەترەنج ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیانم هەبووە و خۆیشم بە خۆشحاڵ دەزانم کە یاریزانى شەترەنجم.

وەک کچێکی وەرزشوان، هەستت بە پشتیوانیی پێویست لە خێزان، کۆمەڵگە و دامەزراوە وەرزشییەکان کردووە؟
خۆشبەختانە خێزانەکەمان بە گشتى و بەتایبەتیش باوک و دایکم پشتیوانیی تەواوم دەکەن و دەرفەتى بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکانى ناوەوە و دەرەوەى هەرێمم بۆ دەڕەخسێنن و ئاسانى دەکەن، سەبارەت بە دامەزراوە وەرزشییەکان تاکو ئێستا هاوکارى نە ماددى نە مەعنەویم لێ نەبینیون، بەڵام پێویستە سوپاسى دەزگاکانى ڕاگەیاندن بکەم بۆ بڵاوکردنەوەى ئەنجامەکانم کە ئەوەش باشترین و گەورەترین دەستکەوتە بۆ من.

کێ لە پاڵەوانانی شەترەنجی جیهان و ناوخۆیی وەک نموونەی سەرکەوتن سەیر دەکەیت و، چ شتێکت لێوە فێر بوویتە؟ بۆچی؟
زۆرن ئەو یاریزانانەى کە شەیداى بینینى یاریەکانیانم و لە کتێبەکاندا یاریەکانیان دادەنێمەوە بۆ بینینى شێوازى یاریکردنیان و وەک بۆبى فیشەر و میخایل تاڵ و کاسپارۆڤ و کارڵسن، لە خانمانیش سۆزان پۆڵگەر و جودێت پۆڵگەری خوشکی، کە شانبەشانى پیاوان یارییان دەکرد و ئەنجامى نایابیان هەبوو. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا خاتوو فرمێسک وریا باشترین یاریزانى کورد بووە کە ئەنجامى نێودەوڵەتى لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى بەدەست هێناوە، زۆر شانازیی پێوە دەکەم.

ئاستی شەترەنج لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت و، پێویستە چی بکرێت بۆ پەرەپێدانی ئەم وەرزشە؟
ئاستى شەترەنج لە کوردستان زۆر باشە؛ بەردەوام ژمارەى یاریزانان زیاد دەبێت و ئاستیان بەرز دەبێتەوە، بەڵام پێویستە ڕاهێنەرى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ پەرەپێدانى ئاستەکان بە خێرایی و گەیشتن بە ئاستى وڵاتانى دەوروبەر چەنکە جیاوازیمان زۆرە؛ بە بۆچوونى من هێنانى ڕاهێنەرى باش و کردنەوەى خولێ پەرەپێدانى ئاست بۆ یاریزانان و کردنەوەى پاڵەوانیەتى بەهێز و ڕەخساندنى دەرفەت بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان ئەنجامى باش و خێرای دەبێت و ئایندەیەکى گەش بۆ یاریزانان فەراهەم دەبێت.

ئامانجە نزیک و دوورەکانی تۆ چین؟ ئایا بیر لە بەشداریکردنی زیاتر لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەکان دەکەیت؟ پلانی لەمەولات چییە؟
ئامانجى سەرەکیم ببم بە پاڵەوانى عێراق لە ئایندەیەکى نزیکدا و بتوانم وەک یاریزانێکى کورد خۆم بناسێنم لە پاڵەوانیەتیە جیهانیەکاندا و بە زووترین کات نازناوى ماستەر یان گراندماستەر بەدەست بێنم و ببم بە پێشەنگى کچانى کورد و ئەوانیش چاوم لێ بکەن.

بەشداریی چەند پاڵەوانیت کردووە، دەستکەوتەکانت بۆ کوردستان چی بووە؟
• ساڵی ٢٠١٨، لە تەمەنی ١٢ ساڵاندا، لە فێستیڤاڵی شەترەنجی تونس بووم بە سێهەم.
• لە تەمەنی ١٦ ساڵان لەسەر ئاستی کچانی کوردستاندا بووم بە دووهەم و، مەدالیای برۆنزم پێ بەخشرا.
• ‎ساڵی 2020 لەسەر ئاستی کچانی هەولێر، پلەی سێییەمم بەدەست هێنا.
• ‎ساڵی 2021 لە تەمەنی چواردە ساڵاندا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم بەدەست هێنا و، بووم بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق.
• ‎ساڵی ٢٠٢٢ ئەگەرچی پانزە ساڵم تەمەن بوو، لەگەڵ پێڕی هەژدە ساڵانەکانی عێراقدا یاریم کرد و، بووم بە دووهەم.
• ساڵی 2022 لە پاڵەوانیەتیی شەترەنجی عەرەبدا پلەی سێهەمم بەدەست هێنا و، مەدالیای برۆنزیان پێ بەخشیم؛ ئەو کاتە تەمەنم شانزە ساڵان بوو.
• ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر ئاستی کچانی هەولێردا بووم بە دووهەم.
• ‎ساڵی ٢٠٢٣ لە تەمەنی شانزە ساڵاندا چوومە پێشبڕکێی پێڕی هەژدە ساڵانی ئاستی عێراق و بووم بە یەکەم.
• ساڵی ٢٠٢٤ لە تەمەنی حەڤدە ساڵاندا چوومە پێشبڕکێی پێڕی بیست ساڵانی ئاستی عێراق و، بووم بە یەکەم.
• رێکەوتی ١٤/٣/٢٠٢٤ لە سێهەم خولی پاڵەوانیەتی بارزانیدا، بووم بە پلەی یەکەمی سەر ئاستی کچان.
• ‎ساڵی ٢٠٢٥ لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکەی شاری مووسڵ، لەسەر ئاستی کچانی عێراقدا، بووم بە سێهەم و، ئەندامی هەڵبژاردەی عێراق.

ئەگەر پەیامێکت بۆ کچانی کورد هەبێت کە ئارەزووی چوونە ناو بواری وەرزش، بە تایبەتی شەترەنجیان هەیە، چییان پێ دەڵێیت؟
پەیامم بۆ کچانى کورد ئەوەیە: تۆ کوردى و تۆ زیرەکى هەوڵ بدە فێرى یارى شەترەنج بیت؛ شەترەنج یارىی زیرەکانە؛ لەم یاریەدا دەتوانى بەهرە و حەز و ئارەزووى خۆت بکەیت بە ڕاستى، شەترەنج بەهرەیە و هەوڵ و ماندبوونە و ئەنجامى پڕ شانازییە و خۆسەلماندنە. فێرى شەترەنج بن و ناوى وڵاتیشی پێ بەرز بکەنەوە.

مانگی ٧ـی ٢٠٢٦، وەک پاڵەوانانى لاوانی عێراق بۆ سەر ئاستی تەمەنی خوار ٢٠ ساڵان بەشداریت كرد لە پاڵەوانیەتیە عەرەبیەکەی وڵاتی میسر؛ ئەنجامی ئەم پاڵەوانیەی چی بوو؟
بە خۆشحاڵیەوە لە پاڵەوانیەتیى بلیتزدا توانم ملوانکەى برۆنز بەدەست بێنم کە ئەوەش ئەنجامێکى زۆر دڵخۆشکەر بوو بۆ شاندى عێراق و بۆ من؛ پاڵەوانیەتیەکی بەهێز بوو، باشترینەکانى وڵاتانى عەرەبی بەشدارییان تێدا کردبوو.

مانگی ٩ـی ٢٠٢٦ وەک هەڵبژاردەی عێراق بۆ پێشکەوتوان بەشداریت کرد لە ئۆڵۆمپیادی جیهانی کە لە ئوزبەکستان؛ ئەنجامی ئەم پاڵەوانیەی چی بوو؟
هەروەها بە خۆشحاڵیەوە دەرفەتم بۆ ڕەخسا بۆ بەشداریکردن لە ئۆلۆمپیادى جیهانى ٢٠٢٦ لە ئوزبەکستان کە پاڵەوانیەتیەک بوو لەسەر ئاستى هەڵبژاردەى وڵاتانى جیهان، لە پاى ئەو ئەنجامەى بەدەستم هێنا و ئەو ژمارە خاڵەى کۆم کردەوە، نازناوى کاندید ماسترم پێ بەخشرا (CM)، كە ئەوەش بە دەستکەوتێکى مەزن و پڕشانازى لە کارزانى وەرزشیم دادەنێم.