رۆژنامەی ھەولێر

لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد

د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی

د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بە یاوەریی شاندێکی نوێنەرایەتی، سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد و لەلایەن سیسیلیا سترادا، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە گرووپی سۆسیالیست و دیموکراتەکانەوە، پێشوازیی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، د. دلاوەر ئاژگەیی باسی لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق کرد و ئاماژەی بە پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا کرد.
هەروەها لە دیدارەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و زیانە مرۆیی و لێکەوتە ئابوورییەکانیان. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچەکە، بەڵکوو هەمیشە هەوڵی پاراستنی ئاشتی و ئارامی داوە.
د. دلاوەر ئاژگەیی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی ئاشتیخوازانەی خۆی بەردەوام دەبێت و وەک ناوچەیەکی ئارام و نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ڕۆڵی خۆی لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا دەگێڕێت. لەو پێناوەشدا، جەختی لە گرنگیی پشتگیریی زیاتری هاوپەیمانان و دۆستانی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی یەکێتیی ئەورووپا کردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئاراستەی هەرێم دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، سیسیلیا سترادا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا و هاوسۆزی و پشتگیریی خۆی بۆ حکوومەت و گەلی کوردستان دەربڕی. هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی پەرلەمانی ئەورووپادا دووپات کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، چەندین بیرۆکە، پڕۆژە و پلان بۆ گەشەپێدانی کاری هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە داهاتوودا، لە چوارچێوەی پەرلەمانی ئەورووپا، تاوتوێ کران.