كارزان گلی – هەولێر
لەسەر داوای داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ، قەیوم لەسەر گەورەترین كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دانرا، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
كەناڵی تەلەڤزیۆنی (سۆزجۆ تی ڤی)، كە سەر بەئۆپۆزسیۆنی توركیا بوو و نزیك بوو لە پارتی نوێ، كە خاوەنی ٩٤ كورسی پەرلەمانن، لەسەر داوای داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ قەیوم كرا.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی نوێ، لەبارەی قەیوم كردنی (سۆزجۆ تی ڤی) بەتوندی هاتە وەڵام و دەڵێت، ئیدی ئەوانە بەرگەی بچووكترین راستی ناگرن.
لەهەژماری خۆی لە (X) ئۆزەل نووسیویەتی: ”ئیدی بچووكترین رەخنە، یاخود بەرگەی یەك راستی ناگرن و نایانەوێت گوێگری بن. ئەوان بەو جۆرە بڕیارە گۆشەگیر بوونە و كۆتاییانە.“
زیاتر لە ١٠ دەزگای میدیایی و رۆژنامەنووس و رێكخراوەكانی رای ئازاد لەتەواوی توركیادا، ئیدانەی قەیوم كردنی (سۆزجۆ تی ڤی)یان كرد و دەڵێن ئەمە سنوورداركردنی بۆچوونی ئازادە.
لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆندا بۆ سەر ئەو تەلەڤزیۆنە، بەشێكی زۆری بەرپرسانی تەلەڤزیۆنی ناوبراو دەستبەسەر كران، وەكوو فوندا تونجەر، سەرۆكی میدیا (سۆزجۆ تی ڤی) و هەروەها بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆن بەناوی موستەفا ئاكگول.
بەگوێرەی راگەیێندراوی داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ، بەرپرسانی (سۆزجۆ تی ڤی) بەنهێنی ئەندامی رێكخراوی بزوتنەوەی خزمەت و یەپەگە بوونە، هەروەها پاڵپشتی دارایی تیرۆریان كردووە، بۆیە داوا كراوە دەستگیر بكرێن و سزا بدرێن.
ئەرسەن باركن، پارێزەری تایبەتی دەزگای میدیایی (سۆزجۆ تی ڤی)، ئاماژەی داوە پێشتر بەهیچ شێوەیەك لەسەر ئەو تۆمەتانە قسەمان لەگەڵدا نەكراوە و دۆسییەكەش كۆنە و لەسەر بنەمای ئەو دۆسییە كۆنە بڕیاریان داوە و ئەمەش رەت دەكەنەوە.
پەرلەمانتارانی پارتی نوێ، ئەمڕۆ لەناو پەرلەمانی توركیا و لەكاتی قسەكردنی وەزیری ناوەخۆ لەبارەی بودجەی ٢٠٢٧، بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد و ئیدانەی موستەفا چیفتچی، وەزیری ناوەخۆی توركیایان كرد.
تەحسین ئۆجاكلی، پەرلەمانتاری سەر بەپارتی نوێ، بە وەزیری ناوەخۆی گوت: ”پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری بەگوێرەی دەستوور ئەركی تۆیە، بەڵام لەم وڵاتەدا ئازادی رۆژنامەگەریی بوونی نەماوە.“
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لەوتارێكیدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتەكەی لەناو پەرلەمانی توركیا، پشتگیریی لەقەیومكردنی (سۆزجۆ تی ڤی) كرد و گوتی: ”هۆكاری ئەو كێشەیە و ئەنجامەكەی دەبێت لەو كەسانە بپرسن كە بەرپرسیارییەتی ئەو كەناڵەیان هەیە. هەموو ئێوارەیەك لەو كەناڵە بەبێ ئەوەی گوێ بەقسەكانیان بدەن و ئاگاداری قسەكانیان بن تۆمەتیان دەبەستەوە، بۆیە دەبێت لەوان بپرسن بۆچی ئەو كێشەیە روویدا.“
ئۆزەل، لەبەشێكی تری قسەكانیدا، دەڵێت بەدڵنیاییەوە رێگەیەك دەدۆزینەوە و ئەم وڵاتەیان رادەست ناكەین.
گوتیشی: ”ناتوانن رێگرن بن لەبەرزكردنەوەی دەنگی میللەت و گوێگرتن لەمیللەت و نزیكبوونەوە لەهاواریان، بەدڵنیاییەوە رێگەیەك دەدۆزینەوە و ئەو دكتاتۆرییەتە كۆتایی پێدەهێنین.“
عەلی ماهیر باشەریر، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی نوێ لەپەرلەمانی توركیا، دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و دەڵێت هەرچەندی رێگەكە قەڵەباڵغ بكەن، لەنگەری بۆ دابنێن، مرۆڤەكان هەر رێگەیەك دەدۆزنەوە بۆ رزگار بوون.
دەم پارتیش، دژی قەیوم وەستایەوە و لەرێگەی تولای حاتیمئۆغڵو، هاوسەرۆكی دەم پارتییەوە و گوتیان، ناتوانن وا بكەن قەیوم بكەنە بابەتێكی ئاسایی و بێدەنگ بین.
دەیان نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی، دژی قەیوم كردنی (سۆزجۆ تی ڤی) وەستاونەتەوە و دەڵێن ئەگەر ئەمە بۆ دەسەڵات بچێتە سەر، ئیدی قەیوم و داخستنی رای ئازاد دەبێتە بابەتێكی ئاسایی و دەبێتە كلتوور لای دەسەڵاتدارانی لەتوركیا.
