كارزان گلی – ههولێر
لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥، پەكەكە بەشێوەیەكی سومبولی و بەسەرپەرشتی بەسێ هۆزات، لە رێوڕەسمێكی گەورەدا چەكەكانیان سوتاند، ئەمەش پەیامێك بوو بۆ دونیا و توركیا، بەوەی بەگوێی رێبەرەكەیان دەكەن و چەك فڕێ دەدەن. ئەوەی قسەی زۆری لەسەر كرا، ئەو كەمپانەبوون كە پەكەكە لە ناوچە جیاجیاكاندا دروستی كردوون، یەكێك لەوانە كەمپی مەخموور بوو.
عەبدوبقادر سەلڤی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیكی رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە مانگی هەشتی ٢٠٢٥دا، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردەوە، باسی لە چۆڵكردنی كەمپی مەخموور كرد و زانیاری ئاشكرا كرد، بەوەی جیا لە چەكدانان، پەكەكە پێی راگەیاندوون كەمپی مەخموور و هەموو ئەو كەمپانەی تریش چۆڵ دەكەن، كە لە عێڕاقدا بوونی هەیە.
لە ٩ی ٨ی ٢٠٢٥دا، مورد قەرەیلان، بەرپرسی باڵای پەكەكە لە پەیامێكدا گوتی: ”ئێمە هەموو هێزكمان لە عێڕاق كشاندەوە، بۆ ئەوەی فشار نەكرێتە سەر عیڕاق و هەموو رێكارەكانیش بەشێوەیەكی یاسایی بەڕێوە بچێت. كەمپی مەخمووریش فشاری زۆری لەسەرە و تەنانەت ئەو خەڵكەی لەوێشن فشاری زۆریان لەسەرە بۆ ئەوەی چۆڵی بكەن.“
بەگوێرەی زانیاری چەند میدیایەكی توركیا، لەچوارچێوەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، هەماهەنگی لە نێوان ئەنكەرا و عێڕاق و هەولێر هەیە، تا كەمپی مەخموور چۆڵ بكەن و ئەو هەزاران هاووڵاتییەی تێیدایە بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لەو یاسایەی بڕیارە لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، لێبوردنی گشتییە بۆ چەكدارانی پەكەكە، كە ئەو چەكدارانەش دەگرێتەوە لە كەمپی مەخموورن و دەتوانن لەگەڵ خێزانەكانیان بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان و زێدی خۆیان.
بەگوێرەی زانیارییەكان دوو هەزار چەكداری پەكەكە لەناو كەمپی مەخمووردا هەن، بەگوێرەی ئەو یاسایەی بڕیارە لەناو پەرلەمانی توركیا تێپەڕێت لەبارەی چارەسەری پرسی كورد، ئەگەر ئەو دوو هەزار چەكدارە، دەستیان لە هیچ تاوانێك و كاری تیرۆرستی نەبێت، ئەوكات بۆیان هەیە بەر لێبوردنی گشتی بكەون، بۆ ئەمەشیان لێكۆڵینەوە دەست پێدەكات.
عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، دوای ئەوەی چەندین جار لەگەڵ شاندی ئیمیڕاڵی دانیشت و لەبارەی چەكدانانی پەكەكە گفتوگۆیان كرد، نامەیەكی تایبەتی بۆ كەمپی مەخموور نارد.
ئۆجەلان لە نامەكەدا دەڵێت: ”بڕوام بەوە هەیە، گەلی ئێمە لە مەخموور لە رابردوودا، بنەمای سەرەكییان خەبات و بەرگریی بووە، هەروەها بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و كۆمەڵگەیەكی دیموكرات، هەمان رۆڵ دەبینن و هەمان رۆڵیان دەكەوێتە سەر شان. ئومێد دەكەین خەڵكی ئێمە لە مەخموور بگەڕێنەوە ناو ژیانی خۆیان و زێدی خۆیان“
كەمپی مەخموور بۆ دروست بوو؟
لە ١٩٩٨ كەمپی مەخموور لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دروست بوو، پاشان پەكەكە توانی كۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو كەمپە بكات. جیا لەوەی هاووڵاتی مەدەنی لێ نیشتەجێ كرا، كە بەهۆی فشاری حكوومەتی توركیا لە نەوەدەكاندا ناچار كرابوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، چەندین چەكداری پەكەكەش چوونە ناو ئەو كەمپە و لەوێ نیشتەجێ بوون، بۆیە هەمیشە توركیا ئەو كەمپەی بەمەترسی بۆ سەر خاكی خۆی زانیوە و چەندین جاریش بۆردومانی كردووە.

