كارزان گلی – ههولێر
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی پارتی ئاییندەی توركیا، بێئومێدکەوتنی خۆی لە سیاسەتی توركیا راگەیاند و گوتی پارتەكەم هەڵدەوەشێنمەوە و دەستبەرداری سیاسەت دەبم.
داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا و سەرۆكی پێشووی ئاكەپە، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، سیاسەت لە توركیا پیس بووە، بۆیە پارتەكەم هەڵدەوەشێنمەوە و دەستبەرداری سیاسەت دەبم.
لە پەیامەكەیدا ئاماژەیداوە، هەڵوەشانەوەی پارتەكەی پەیوەندیی بەوەوە نییە خۆی رادەست بكات، بەڵكوو دەیەوێت بە سیاسییەكانی توركیا بڵێت، سەرلەنوێ سیاسەت دابڕێژنەوە و بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانن بگەن بە هیچ شوێنێك.
داودئۆغڵو، هاوڕێی نزیكی عەبدوڵا گوڵ بوو، لەسەر داوای ئەو سەرەتا بووە راوێژكاری ئاكەپە و پاشان بووە وەزیری دەرەوەی توركیا و تا پۆستی سەرۆكوەزیران رۆیشت.
بە هۆی ئەوەوە کە خاوەن بڕیاری خۆی بوو و دەیگوت پۆستی من لە پۆستی رەجەب تەیب ئەردۆغان گرنگترە، بۆیە لە پرسە ستراتیژییەكاندا پرسی بە ئەرۆدغان نەدەكرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەردۆغان لە ئێوارەیەكدا بانگی كۆشكی كۆماری كرد و پێی گوت دەبێت دەست لەكار بكێشیتەوە و لە شوێنی ئەو بینالی یڵدرمی دانا.
لەوكاتەوە نێوانی لەگەڵ ئەردۆغان تێك چوو و بە ناچاری پارتی ئاییندەی دروست كرد و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٣دا، توانیی ٤ كورسی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی میللەتدا بەدەست بهێنێت.
چەند رۆژێك لەمەوبەر، داودئۆغڵو لە وتارێكدا لە كۆنیا گوتی: ”ئێستاش رۆحم لە ئاكەپە جیا نەبووەتەوە“
لەسەر ئەم گوتەیە، شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە ئەم گوتەیە بەو مانایە دێت كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو ئاكەپە و ئیدی لەناو ئەو پارتەدا سیاسەت بكات.
ئاكەپە دووچاری قەیرانێكی سەختی بەرپرس بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی داودئۆغڵو كەسایەتییەكی سیاسی و ئەقڵێكی گەورەی سیاسییە، بۆیە گومان هەیە ئەردۆغان داوای لێ كردبێت پارتەكەی هەڵوەشێنێتەوە و پاشان لەناو ئاكەپە و حكوومەتدا بەرپرسیارییەتێكی بداتێ.
بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسیەكانی توركیا، هەر پارتێك بیەوێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، دەبێت كۆنگرە ببەستێت، بۆیە بڕیارە لە ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٦، پارتی ئاییندە بچێتە ناو كۆنگرە و ئیدی بەیەكجار پارتەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، داودئۆغڵو زۆر هەوڵی دا تا لەگەڵ پارتی سەعادەت و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ یەك بگرن، بەڵام هەوڵەكەی بێسوود بووە و سەركەوتوو نەبوو، بۆیە بڕیاریدا پارتی ئاییندە هەڵوەشێنێتەوە.
پارتی ئاییندە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر پەرلەمان و هاوكێشەی سیاسی لە توركیا نەبوو، چونكە گەلی توركیا پێشوازیان لەو پارتە نەكرد، ئەمەش داودئۆغڵوی نیگەران كرد و چەندین جاریش هەوڵیدا لەگەڵ پارتی تردا یەكبگرن و سەركەوتوو نەبوو، بۆیە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی پارتەكەی هەڵوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی بۆچوونی سیاسییەكان بێت، ئەستەمە داودئۆغڵو دەستبەرداری سیاسەت بێت، بەئەگەرێكی زۆرەوە دەچێتەوە ناو ئاكەپە، بەو مەرجەی ئەرۆدغان پۆستی باڵای پێ بدات و دووریش نییە بیكاتە جێگری سەركۆماری توركیا.
لە رۆژانی داهاتوو دەردەكەوێت ئاخۆ داودئۆغڵو بە یەكجاری دەستبەرداری سیاسەت دەبێت و ئیدی دەبێتەوە مامۆستای زانكۆ و خەریكی كاری ئەكادیمی خۆی دەبێت، یان لە پۆستێكی باڵاتر و پارتێكی تردا سیاسەت دەكات؟

