ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی هەولێر تێدەپەڕێت، كە لە ٢٠ی ١١ی ٢٠٠٥ یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەكە دەرچوەو تا ئێستایش بەردەوامە، بە دامەزراندنی بەشی جیاوازی ماڵپەرو وێبتیڤی و ڕۆڵی لەمەیدانی سۆشیالمیدیا، بۆتە تۆڕێكی میدیایی كاراو كاریگەر.
هەولێر جگە لەوەی بە ڕۆژنامەی ڕۆژە سەختەكان و قۆناغی ئالەنگارییەكان ناسراوە. لە ڕێگەی بایەخدان بە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی. وەک دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندنی پێشەنگ، توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەپێدانی کۆمەڵگای کوردستانیشدا بگێڕێت
ئەم ڕۆژنامەیە بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی گەشەسەندنی کۆمەڵگاکەمان.
ئەوەی زیاتر ڕووی گەشی ئەم ڕۆژنامەیە پیشان دەدات، ئەوەیە توانیویەتی نوسەرانی بیروڕاجیاوازی کورد لە دەڤەرە جیاجیاکانی کوردستان و لەتاراوگەیشەوە لەدەوری خۆی کۆبکاتەوەو، بە ئیمکاناتێکی کەمەوە، هەمووان بهێنێتە بەردەم لاپەڕەکانی هەولێر. واتە ڕۆژنامەیەکی لۆکاڵی نییە و، یەکێکە لەو مینبەرە ئیعلامیانەی کە توانیویەتی سنورەکان ببڕێت و، لەپرۆسەی مرۆڤسازی و نەتەوەسازیدا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. ئەڵبەتە ئەوەش شەونخونی زۆری ویستووە تاکو ڕۆژنامەکە بووەتە جێگەی متمانەی نوسەران و، هەمووان ڕوویان لەوە کردووە هەولێر ببێتە کۆکەرەوەی جیاوازییەکان و، وەک چۆن لەسیاسەتدا هەولێر پایتەختی هەمووانە، بەهەمان شێوەش لە دنیای ڕۆژنامەگەریدا، ئەم هەولێرە دەبێتە سەكۆو سەنتەری کۆکردنەوەی هەمووان، ئەوەش ئەزمونێکی گرنگە و پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت.
