ڕائیب جادر – هەولێر
کاروانی ئاوەدانی بەردەوامە، ٤٢ شەقام و کۆڵانی ناوخۆی ئاکرێ لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی شارەکە قیڕتاو کران، بەوەش زۆربەی کۆڵان و گەڕەکی شارەکە کێشەی خزمەتگوزاریان نەما.
وەکو ھاووڵاتییانی ئەو گەڕەکانە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژەی بۆ دەکەن، لە چەند ساڵی ڕابردوودا توشی کێشەیەکی زۆر دەبوونەوە بەتایبەتی لە وەرزی زستان، بەڵام ئێستا دوای قیڕتاوکردنی کۆڵانەکانی ئێمە بەتەواوەتی لەو کێشەیە ڕزگار بووین.
ھاووڵاتییانی ئەو گەڕەکانە وێرای سوپاسی کردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان،دەڵێن، حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە دەستی ھاتووە بۆ ئێمەی کردووە، ھەر لە قیڕتاوکردنی ڕێگەوبانەکان بگرە تا دەگاتە دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی، ئێستا لە ھیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری کەموکوڕیمان نییە، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە شەو و ڕۆژی خستووەتە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی خۆی.
بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: قیڕتاوکردنی ئەو ٤٢ کۆڵانە لەسەر بودجەی گەشەپێدانی پارێزگای دھۆکە، گوژمەی پڕۆژەکە ٣ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینارە، دڕێژی ئەو کۆڵانانە ١١ کیلۆمەترە.
سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، دەشڵێ: لە بەرنامەدایە ڕێگەی چەند کۆڵانێکی دیکەش قیڕتاو بکەین، بەوەش زۆربەی کۆڵان و گەڕەکەکانی ئاکرێ کێشەی خزمەتگوزارییان نامێنێت.

