رۆژنامەی ھەولێر

کامێراکانی چاودێریی خێرایی “خاڵ بۆ خاڵ” زیاد دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆژەی جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێری تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی گەلی عەلی بەگ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم ھەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و سەرنشینان دێت.

ڕێگەی گەلی عەلی بەگ بە یەکێک لە ڕێگە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دادەنرێت، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی ھاتووچۆی مەترسیدار لەو ڕێگەیە تۆمارکراون، یەکێک لەو ڕووداوانە ئەو کارەساتەی ئەو خێزانەی خەلیفان بوو، کە بە ئۆتۆمبێلەوە کەوتنە نێو ڕووباری گەلی عەلی بەگ و سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان دوای چەندین ڕۆژ دۆزرانەوە.
ڕێگەیەکی یەک سایدە و بەھۆی ھەڵکەوتەی ناوچەکە پێچی زۆرە و لایەکیشی ڕووبارە، زۆری ئەو ڕووداوانەی لەم ڕێگەیە تۆمار کراون خێرای ھۆکار بووە، دانانی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە پێناو پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانە. ھاووڵاتییان و گەشتیارانی ناوچەکە دڵخۆشی خۆیان بەم بڕیارە دەربڕیوە و ئاماژە بەوە دەکەن، دانانی ئەم کامێرایانە پێویستییەکی گرنگ بوو، چونکە ڕێگەی گەلی عەلی بەگ یەک سایدە و بەھۆی تیژڕەویی شۆفێرانەوە، پێشتر چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی تێدا ڕوویداوە.
بەگوێرەی ئاماری ھاتووچۆی ناوچەکە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١١٦ ڕووداوی ھاتووچۆ تۆمار کراون، لەم ڕووداوانە ١٤٠ کەس بریندار بوونە و ١٧ کەسیش گیانیان لە دەستداوە، بەشی زۆری ڕووداوەکانیش بەھۆی خێرای پابەند نەبوون بووە بەڕێنمایەکانی ھاتووچۆ، کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگەکان جیا لە کەمکردنەوەی مەترسی دروستبوونی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ ئامانجێکی دیکەش دەپێکێت ئەویش بە کلتورکردنی لێخۆڕینی ھێمن و یاساییە لەسەر شەقامەکان.
موحسین تەحسین، وتەبێژی ھاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، شەش کامێرای نوێ لە سێ لۆکەیشنی جیاوازی ڕێگەکە، لە دەروازەی سۆرانەوە تا دەروازەی خەلیفان جێگیر کراون، جەختیشی کردەوە، خێرایی ڕێگەپێدراو لەم ڕێگەیەدا تەنیا ٧٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، ھەر شۆفێرێک لەم خێراییە لابدات، بەپێی ڕێژەی تیژڕەوییەکەی سزا دەدرێت و بڕی سزاکەش لەگەڵ زیادبوونی خێراییەکەدا دەگۆڕێت.
وتەبێژی ھاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەو پێیەی گەلی عەلی بەگ ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری و بازرگانییە، پێویست بوو ڕێکاری توند بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان بگیرێتەبەر، ئەم ھەنگاوەی گیراوەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتییانە.