رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر 10 هەزار ڤەیپ و 120 کارتۆن یاری ئاگرین لە ناوبردرا

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتیان، بە سەرپەرشتیی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و بە یاوەریی پۆلیسی شارەوانیی هەولێر، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند شوێنێکی جیاوازی شارەکە دەست بەسەر بڕی ١٠ هەزار ڤەیپ و ١٢٠ کارتۆن یاریی ئاگریندا گیرابوو، سەرجەمیان لە شوێنێکی تایبەت و دوور لە ئاوەدانی لەناوبردران.

​هاوکات، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە یارییە ئاگرینەکان و ڤەیپ بە شێوەی نایاسایی و بەبێ مۆڵەت، بە تەواوی قەدەغەیە؛ چونکە جگە لەوەی زیانی تەندروستییان هەیە، دەبنە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی نەخوازراویش دروست دەکەن.

​هەروەها قایمقامیەتی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە لیژنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی بەردەوام دەبن لە گەڕان و پشکنینەکانیان لە بازاڕ و کۆگاکاندا، و هەر کەس و لایەنێک سەرپێچیی ڕێنماییەکان بکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.