ئیبراهیم هەورامانی
(١)
کە دێیت،
بە بەهار دەچیت،
کە لە دوا ڕۆژەکانی زستاندا دێ!
(٢)
چ پرسیارێکی گرانە،
کە پێم دەڵێی:
چەند منت خۆش دەوێ؟
(٣)
پێکەنینت،
حەوت کیشوەر و
چاوەکانت،
دوو هەناری مێخۆشی هەڵەبجەن!
(٤)
شەمەندەفەرەکە ڕۆشت،
وێستگەکە چۆڵ بوو.
شەمەندەفەرەکە گەشت،
وێستگەکە،
هەر بە چۆڵی مایەوە.
تەنیایی،
چەند زامێکی قوڵە!
(٥)
زۆر نامەی،
خۆشەویستیم، بۆ نووسیوی.
نامەکان،
زۆر.. زۆرن.
هیچیان،
تامی یەکەم نامە نابەخشن.
تەنیا دوو وشە،
هەزاران تام!
(٦)
پایز،
خوێیەکی زبرە،
سوێ دەخاتە تەنیاییەوە!
(٧)
ژنەکەم،
ئاوی گوڵەکان دەدات و
زۆر دڵی پێیان خۆشە.
کاتێک،
ئاوی باخچەکە دەدات،
من سەرنج دەدەم،
لەو وایە،
لە گوڵەکان و ئاودانەکە دەڕوانم.
لەکاتێک دا،
من لە دڵخۆشییەکانی دەڕوانم،
کە دڵخۆشم دەکەن!
(٨)
زستان سارد و
ههوا بارانییه.
دهستهكانم،
تهنیان،
تهنیا.
تا بههاردێ،
دهبنه سههۆڵ!
(٩)
هەناسەکانم،
بۆ زستان و
تەنیاییەکانت بۆ من و
خەندەکانیشم، بۆ تۆ!
(١٠)
من و زستان،
سپی پۆش دەبین.
ئەو بە بەفر و
من بە کفن!
(١١)
شاعیر،
کە تەنیا دەبێتەوە،
دەبێتە، عاشق.
عاشقیش،
دواجار دەبێتە پایز!
