وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – ههولێر
خانەنشینێکی تەمەن ٧٠ ساڵ، لە (تۆرۆنتۆ – Toronto)ی کەنەدا، پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «کە جەحێڵ بووم، کتێبەکانی (جەیمس جۆیس و – James Joyce) و (ساموێل بکێت – Samuel Beckett)م دەخوێندنەوە (دوو لە گەورەترین نووسەرانی ئێرلەندی و پێشەنگی ئەدەبیاتی مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕن لە سەدەی بیستەم). خوێندنەوەی ڕۆمانی (پیاوی شیرفرۆش – Milkman) لە نووسینی (ئانا بورنس – Anna Burns)ی ئیرلەندی کە لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی بووکەری بردەوە و باس لە ژیانی کچێکی جەحێڵ دەکات لە سەردەمی ململانێ سیاسییەکانی ئێرلەندای باکوور و کتێبی (لینکۆڵن لە باردۆ – Lincoln in the Bardo) لە نووسینی (جیۆرج ساوندرێس – George Saunders)ی ئەمریکی کە ڕۆمانەکەی لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی بووکەری بردەوە و بە شێوازێکی زۆر تایبەت و فرەدەنگ باس لە شەوی بەخاکسپاردنی کوڕەکەی (ئەبراهام لینکۆڵن – Abraham Lincoln) دەکات، حەز و خولیایەکی زۆریان بۆ ڕۆمانە مۆدێڕنەکان تێدا زیندوو کردوومەتەوە. من زۆر حەزم لە ئەدەبیاتی ئەوروپایە و ئاشقیمە. بۆیە پێویستم بە ڕۆمانە مۆدێڕنەکانە کە ئەم خولیایە زیاتر بەرەوپێش ببەن. تکایە چەند کتێبێکم لەمبارەوە بۆ پێشنیاز بکەن؟»
(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (ئەلێکس پرێستۆن – Alex Preston)ی نووسەر و ڕەخنەگر کردووە تا وەڵامی پرسیارەکەی ئەم خانەنشینە بە تەمەنە بەڵام تەندرووستە بداتەوە. ئەلێکسیش بەم شێوەیەیە وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە:
دروشمی (نوێی بکەرەوە – Make it new) و ڕۆحی تاقیکاری و ئاڵنگاریی مۆدێڕنیزم، مەودایەکی زۆری لەگەڵ (وەستان و چەقبەستوویی)ی ئەدەبیات هەبوو، هەر ئەم ڕۆحەش بووە بزوێنەری ئەدەبیات و پێشخستنی. ئەگەر تا ئێستا بەرهەمەکانی (ڕۆبێرتۆ بۆلانۆ – Roberto Bolano)ت نەخوێندووەتەوە، پێم باشە کە چاوێک بە کتێبەکانیدا بخشێنیت. ڕاستە ڕۆبێرتۆی شاعیر و نووسەر خەڵکی ئەوروپا نییە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی شیلییە، بەڵام دوو ڕۆمانی نایابی هەیە بە ناوەکانی (پشکنەری کێوی – The Savage Detectives) و ڕمانی (2666) سەرسامت دەکەن. (ناتاشا وایمێر – Natasha Wimmer) هەردوو کتێبەکەی کردووەتە ئینگلیزی. ڕۆبێرتۆ بە یەکێک لە گرنگترین دەنگەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین لە دوای سەردەمی (بووم) دادەنرێت. هەردوو ڕۆمانەکەشی شاکاری ئەدەبین و تێیاندا تێکەڵەیەک لە تاوان، ئەدەب و گەڕان بەدوای مانا دەبینرێت.
لەم دواییانەدا ئاشقی نووسینەکانی نووسەرێکی پۆڵەندی بووم بە ناوی (ئۆلگا تۆکارچوک – Olga Tokarczuk). لە کتێبی (فڕینەکان – Flights)یەوە دەست پێبکە کە براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتیی مان بووکەر و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتە بۆ ساڵی ٢٠١٨ و (جنیفێر کرافت – Jennifer Croft) کردوویەتی بە ئینگلیزی و باس لە گەشتکردن و توێکاریی جەستەی مرۆڤ دەکات. پاشان شاکارەکەی دواتری واتە (ژیان لە ژێر سێبەرە گەورەکان – Drive Your Plow Over the Bones of the Dead) بخوێنەرەوە کە ئەمیش (ئانتۆنیا لۆید جۆنز – Antonia Lloyd-Jones) کردوویەتی بە ئینگلیزی و ڕۆمانەکە فەلسەفی و پۆلیسییە و دەربارەی پاراستنی مافی ئاژەڵان و ژینگەیە.
کتێبی (ساڵەکان – The Years) لە نووسینی (ئانی ئێرناوخ – Annie Ernaux)ی فەڕەنسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بخوێنەرەوە کە لە ڕواڵەتدا ژیاننامەی خودی نووسەرە. ئەم کتێبە لە لایەن (ئالیسۆن ئێڵ. سترایێر – Alison L. Strayer) کراوەتە ئینگلیزی و تەکێکە لەو کتێبانەی لە یەککاتدا هەم ئاڵۆز و هەم پارچەپارچەشە. ئەم ڕۆمانە بە پێشکەشکردنی کۆلاژێک وێنە، بڕگە، بیرەوەری و خەیاڵ، بە دەوری ڕاستییەکاندا دەسووڕێتەوە. دەنگی گێڕەرەوە، هەندێک جار قسەکەری یەکەمی کۆیە (واتە ئێمە) و هەندێک جاریش کەسی سێیەمی تاکە (واتە ئەو). ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانێکی نایابە، وەک ئەوە وایە نووسینەکانی (جەی. ئێم. کۆیتزی – J. M. Coetzee) تێکەڵ بە نووسینەکانی (جۆئان دێدێۆن – Joan Didion) کرابن. لە کتێبی (ساڵەکان)، لە ڕێگەی بیرەوەرییە کەسییەکانی خودی نووسەرەوە، مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی فەڕەنسا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم تا ئێستا دەگێڕدرێتەوە.
چەند پێشنیارێکی تر:
با باسی ئەو بلیمەتە پورتووگالییەت بۆ بکەم کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بوو لە ساڵی ١٩٩٨، ئەویش (خۆزە ساراماگۆ – Jose Saramago)یە یان بەداخەوە کە بوو (چونکە لە ژیاندا نەماوە). بە ڕۆمانی (کوێری – Blindness)یەکەی دەست پێبکە و دواتر بچۆرە سەر (بینایی – Seeing)ییەکەی. یەکەمیان لەلایەن (جیۆڤانی پپۆنتێری – Giovanni Pontiero) و دووەمیشیان لەلایەن (مارگارت جول – Margaret Jull Costa) وەرگێڕدراون و کراونەتە ئینگلیزی. ڕۆمانی (کوێری)یەکەی باس لە بڵاوبوونەوەی پەتایەک لە نێو خەڵکی شارۆچکەیەک دەکات کە هەموویان کوێر دەبن و ڕۆمانی (بینایی)یەکەشی تەواوکەری هەمان چیرۆکە بەڵام بە تێڕوانینێکی سیاسیی قووڵەوە.
دوایین کتێبی (مارلۆن جەیمز – Marlon James)ی جامائیکایی بە ناوی (پڵینگی ڕەش، گورگی سوور – Black Leopard، Red Wolf) بۆ هەمووانم پێشنیار کردووە کە ڕۆمانێکی فانتازیی ئەفریقی و تاریک و ئاڵۆزە، بەڵام ئەگەر بە دوای ڕۆمانگەلێکدا دەگەڕێیت کە سنوورە زمانەوانی و فۆڕمەکان دەبەزێنن، بچنە زگ دوو کاری پێشەنگی تری مارلۆن کە ئەوانیش بریتین لە: (مێژووی کورتکراوەی حەوت کوشتن – A Brief History of Seven Killings) کە خەڵاتی بووکەری پێبەخشراوە، و بەرهەمە نایابەکەی (کتێبی ژنانی شەو – The Book of Night Women).
لە کۆتاییدا، (ئالی سمیت – Ali Smith)، یەکێکە لە گەورەترین ڕۆماننووسە زیندووەکان و خەڵکی سکۆتلەندایە و بە یەکێک لە داهێنەرترین نووسەرانی هاوچەرخی بەریتانیا دادەنرێت.
لەم نووسەرە کە بە (ڤێرجینیا وۆڵف – Virginia Woolf)ی سەردەمی ئێمە دادەنرێت، چوارینەی وەرزییەکانی بخوێنەرەوە واتە (زستان، بەهار، پاییز، هاوین – Autumn، Winter، Spring، Summer). من هەرگیز هێندە چاوەڕێی چاپبوونی هیچ ڕۆمانێک نەبووم هێندەی کە چاوەڕێی چاپبوونی (هاوین – Summer)ەکەی بووم. ئەم چوارینەیەی، کاردانەوەیەکی ئەدەبیی خێرا و قووڵە بەرامبەر بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک برێگزیت و پەتای کۆرۆنا. هەروەها پێشنیار دەکەم کتێبەکانی (هەردووبوون – How to Be Both) و (بەهەڵکەوت – The Accidental) و هەموو بەرهەمەکانی تریشی بخوێنیتەوە.
سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2019/jun/15/book-clinic-modernist-fiction-in-translation
