د. بەشیر حەداد : هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی، وڵات بەرەو قۆناغێکی نوێ و چاکتر دەبات

د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت، ئەگەر هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی سەرکەوتوو بێت، عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ و چاکتر دەبات و وڵات دوور دەبێت لە بەش بەشێن، هەر ئەوەش وای کردووە کە عێراقیەکان ئۆمێدیان بەو هاوپەیمانەتیە سێ قۆڵییە هەبێت. دەشڵێ، پێویست بوو هەموو لایەنەکان لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێم کۆببانەوە بەیەکڕیز روویان لە بەغدا کردبایە، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە هێزێک بەلایەنی کەم بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە پۆستی سەرکۆمار یەکلا دەکرێتەوە
د. بەشیر حەداد،بۆ هەولێر، گوتی:” رێکنەکەوتنی هەر دوو لایەنی شیعە، لەوانە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدر کاریگەریان هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی، ئەوە وای کردووە کە عێراق لە قەیران و داخران بمێنێتەوە، ئەوەی رۆژی شەممە روویدا چاوەڕوان کراو بوو، چونکە بۆ هەڵبژاردنیسەرکۆمار دەبێت 220 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەرسەرکۆمار بدەن، نزیکەی 18 پەرلەمانتار کەم بوون، بۆیە دانیشتنەکە بووە دانیشتنێکی ئاسایی، نەک دانیشتن بۆ هەڵبژاردنیسەرکۆمار، بۆیە پێموایە تا لایەنە شیعەکان لەسەر ئەو بابەتە رێک نەکەون، ئەو پۆستانە زەحمەتە کەسیان بۆ دەست نیشان بکرێت، بۆیە ئەگەر هەر دوو لایەن تا رۆژی چوار شەممە گەیشتنە رێککەوتن،یان هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی توانی 18 ئەندام پەرلەمان بڕوایان پێ بهێنێت، بۆ ئەوەی نیسابی 220ـەکە تەواو بکات بۆ خۆی کۆبوونەوەکە دەکرێت و سەرکۆمار هەڵدەبژێردرێت، بۆیە ئۆمێد هەیە کە رۆژی چوار شەممە پۆستیسەرکۆماریەکلا بکرێتەوە.

هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی، وڵات بەرەو قۆناغێکی نوێ و چاکتر دەبات
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، روونیشی کردەوە:” ئەگەر هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی سەرکەوتوو بێت، عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ و چاکتر دەبات و وڵات دوور دەبێت لە بەش بەشێن، لایەنێک کە زۆرینەیە حکوومەت پێک دێنێت، لایەنەکەی دیکەش دەبێتە ئۆپۆزسیۆن ئەو کات زیاتر خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێت، زیاتر پرۆسەی سیاسی بەرەو پێشەوە دەڕوات، چونکە بەرپرسیارەتی دیاری دەکرێت، دیار دەبێت کە کێ حوکم دەکات، ئەو کات کەموکوڕی لەسەر ساغ دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر هەموو لایەنەکان بەشدار بن وەکو حکوومەتەکانی پێشوو، کەواتە کەموکوڕتییەکان دیار نابن، ئەوەش بەو مانایە دێت کە هیچ نەکراوە، وەکو لە حکوومەتەکانی رابردوو کرا و کەموکوڕتی هەبوو و کەس بەرپرسیارەتی نەخستە ئەستۆی خۆی، عێراقیەکان ئۆمێدیان بەو هاوپەیمانەتیە سێ قۆڵییەهەیە و پرۆسەی سیاسی و سیستەمی سیاسی عێراق لە پشک پشکێنە دەگۆڕێت بۆ زۆرینە کە ئەمە کڕۆکی ناوەڕۆکی رۆحی دیموکراسییە، بەوەش عێراق دەچێتە قۆناغێکی باشتر بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان”.

شەقام زۆرینەی دەوێت
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکراشی کرد:” چوارچێوەی هەماهەنگی رەنگە هەندێک کێشە و ئالۆزی بنێتەوە، بەڵام ئەگەر بووە ئەمری واقع ئەوان ناچار دەبن ملکەچ بن، ئەگەر هاوپەیمانی سێ قۆڵی بۆ خۆی توانی پرۆسەکە بەڕێوەببات و حکوومەت پێک بهێنێت ئەو کات چەند ئەگەرێک دێنە ئاراوە لەوانەیە توندوتیژی رووبدات و هەرەشە بکەن، بۆیە ئەو ئەگەرە هەیە، بەڵام لە واقعدا بەرژەوەندی ئەوان و عێراقیەکان لەوە دایە کە ئەوان بە ئەمری واقع رازی دەبن و شتەکە هاتووە و تەواو شەقام زۆرینەی دەوێت و ئەوانی ناوێت.

لایەنە کوردیەکان تا ئێستا یەکڕیز نین
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتیشی:” چەندین ساڵە پێکهاتەی سوننە پەرتەوازە بووە، بەوەش زەرەرێکی زۆریان کرد، ئەمجارە ئەوان دڕکیان بە زیانەکانی خۆیان کرد و بینیمان ئەوان پێش هەموو پێکهاتەکانی دیکەیەکڕیز بوون و کارەکانیان تەواو کرد، بەڵام بەداخەوە لایەنە کوردستانییەکان تا ئێستایەکڕیز نین، هەر چەندە زۆر داوا کراوە بە هەموو لایەکیش گوترا و چاوەڕوان دەکرا کە پارتی و یەکێتی بەیەک کاندید بچن بۆ هەڵبژاردنیسەرکۆمار، هەموو لایەنەکان بەیەکەوە و لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێم بەیەک بەرنامە و یەکڕیز بچنە بەغدا، بۆ ئەوەی هێزێک بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، لەو بەغدایەی کە زۆرینەی هەرە زۆری لایەنەکان دژی کورد و هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەداخەوە کورد هەر پەرتەوازەیە و هەندێک لە فراکسیۆنەکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادە نابن، ئەمە کارێکی خراپە و زیان بە ئەزموون و بە هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە مامەڵە کردن لە بەغدا وەکو مامەڵە کردن نییە لە هەرێم، چونکە ئەگەر لە هەرێم ناکۆکیش هەبێت کێشە نییە، بەڵام لە بەغدا هەموومان بەرەویەک ئامانج دەڕۆین، ئەویش دابین کردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویست دەکات لایەنە کوردییەکان هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان بەلاوە بنێن و لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێم کار بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە هێزێک بەلایەنی کەم بۆ داکۆکی کردن و بەرگری کردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر