کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەمی پەرلەمانی عێراق بێ ڕێککەوتنێکی نوێ زەحمەتە سەر بگرێت

کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٦ی ئاداری پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواونەکردنی ڕێژەی یاسایی بۆ ڕۆژی چوارشەم دوا خراوە و ئەگەر هەڵوێست و پێکهاتەی فراکسیۆنەکان نەگۆڕدرێن و ژمارەی پێویست بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆ نەکرێتەوە و ڕێککەوتنێکی نوێ نەکرێت، ئەوا چارەنووسی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان هەمان چارەنووسی کۆبوونەوەی ڕابردووی دەبێت.

وەک ئاشکرایە ژمارەی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق ٣٢٩ کورسییە و بە پێی دەستووری عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کاتێک دەتوانرێ بکرێ کە دوو لەسەر سێی کۆی ژمارەی نوێنەرانی پەرلەمان ئامادە بن. بەو پێیەش ٢٢٠ نوێنەر پێویستە بەشداری بکەن. لە دانیشتنەکەی ڕۆژی ٢٦ی مانگدا ٢٠٢ پەرلەمانتار ئامادە بوون و بۆ گەیشتن بە ڕێژەی یاسایی پێویستییان بە ١٨ پەرلەمانتاری تر هەبوو.
ئەو لایەنانەی دەیانەوێ کۆبوونەوەی پەرلەمان پەک بخەن پێویستییان بە کۆکردنەوەی ١١٠ نوێنەر هەیە. جگە لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، یەکێتی و چەند لایەنێکی تر و ژمارەیەک پەرلەمانتار هۆکار بوون لەوەی نەهێڵن کۆبوونەوەکە بکرێت.
هەریەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی٨١ کورسی،یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ١٨ کورسی، هاوپەیمانی عەزم١٢ کورسی، ئیشراقەی کانوون شەش کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چوار کورسی، لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەری بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
ئەگەر یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێک کەوتبا و پەرلەمانتارەکانی هاتبانە ناو کۆبوونەوەی ئەوا ڕێژەی یاسایی تێدەپەڕاند و وێڕای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی حکوومەتی داهاتووی عێراقیش دەستی پێ دەکرد.
بەو پێیە بەشدارینەکردنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کاریگەری خراپی بۆ سەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش هەبووە و ئەگەر کورد لە پرسی بەشداریکردنی لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا یەکگرتوو بێت ئەوا دەتوانێت ڕۆڵی زیاتری لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بپارێزێت.
دابەشبوونی کورد بەسەر دوو لایەنی شیعە دۆخی سیاسی عێراقی هێندەی تر شڵەژاندووە و بەو پێیە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دوو هەنگاو دەتوانێت کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەم سەر بخات، یان کورد لە ناو ماڵی خۆیدا ڕێک بکەوێت یان شیعە لە ناو ماڵی خۆیدا ڕێک بکەوێت.
ئەگەر هەنگاوی یەکەم جێبەجێ بیت ئەوا سەدر دەتوانێت بەو پلانەی کە پێشتر دایناوە حکوومەتێکی نیشتمانی نە ڕۆژئاوایی نە ڕۆژهەڵاتی بنیات بنێت و ئەگەریش هەنگاوی دووەم جێبەجێ بێت ئەوا حکوومەتێکی سازان هاوشێوەی حکوومەتەکانی پێشتری عێراق دادەمەزرێت و ئەگەریش هیچ کام لەو هەنگاوانە نەنرێن ئەوا چارەنووسی عێراق لێڵتر دەبێت و تەنانەت ئەگەری هەڵوەشانەوەی پەرلەمان هەیە و ڕەنگە زۆر قورس بێت بۆ عێراق جارێکی تر هەڵبژاردنێکی بێگەرد بەرێوە ببات و پڕۆسەی سیاسی ڕەنگە بۆ چەند مانگ و تەنانەت ساڵیش دوا بکەوێت.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ڕای گەیاندووە مەرجی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ڕۆژی چوارشەمەدا ئەوەیە لە فراکسیۆنی زۆرینەدا بەشدارییان پێ بکرێت. عائید هیلالی لە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداریی داوە ئەگەر تا کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەم فراکسیۆنێک لە نێوان سەدر و هەماهەنگی پێکنەهێنرێت ئەوا چارەنووسی کۆبوونەوەی چوارشەمیش هاوشێوەی کۆبوونەوەی شەممە دەبێت.
موقتەدا سەدر ئێوارەی شەممە سوپاسی ئەوانەی کرد بەشدارییان لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا کرد و دووبارە پێداگری لەوە کرد کە دەبێتحکوومەتی داهاتووی عێراق نە ڕۆژئاوایی و نە ڕۆژهەڵاتی بێ.
دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق و دابەشبوونە سیاسییەکان ئەو خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەم بە بێ ڕێککەوتنێکی نوێ زەحمەتە سەر بگرێت، ئەگەرئەو ڕێککەوتنە نوێیە لە نێو ماڵی کورد بکرێت سوودەکانیشی بۆ کورد زیاترە و بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێت.

ھەواڵی زیاتر