پەشێوییەکانی کەسێتیPersonality Disorders

سامان سیوەیلی

بەشی حەوتەم

مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری بێزاری و گرژی و نائارامی زۆر بەرهەمدەهێنێت، خۆ ئەگەر مرۆڤ ناچار بێت لەچوارچێوەیەکدا مامەڵە لەگەڵ کەسێکی وەهادا بکات ئەوا بێگومان دووچاری هەست بەشکستهێنان و نائومێدی دەبێت، کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری بێباکە بەرامبەر هەستی ئەوانی دیکە، گوێ بەپێداویسستیەکانیان نادات، ئەوەی بۆی گرنگە خودی خۆی و حەوانەی خۆی و بەدیهاتنی ئارەزووەکانییەتی، خۆپەرستی لای خاوەن کەسێتی هیسیتری بێسنوورە، توانای بەخشینی نیە بۆ ئەوانی دیکە، کاتێک نزیکترین کەسی خۆی و هاوڕێکانی پێویستیان بەبەخشینێکی ئەو بێت، پشتیان تێدەکات، بەڵام لەبۆنەیەکی دیاردا دەبەخشێتەوە تەنها بۆ ئەوەی دەربکەوێت و ناوی بهێنن.
خۆپەرستی لای خاوەن کەسێتی هیستیری هاوشانە لەگەڵ چاوچنۆکی و ئارەزووە بێسنوورەکانی بۆ دەستبەسەراگرتنی هەموو شتێک، ڕەفتارەکانی خاوەن کەسێتی هیستیری بەمانای وشە نائاسایین، هەمیشە لەبەردەمی خەڵکدا و لەهەموو شوێن و کاتێکدا ڕەفتارگەلێک ئەنجامدەدات کە ببێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر، بە دەنگی، بە هەڵسوکەوتی، بە ئاخاوتنەکانی، بە هاتوهاوارەکانی، بە جلوبەرگی، بە قاقای پێکەنینی، بە جوڵەی دەموچاو و جەستەی، تێکڕا پاڵنەری سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر لەپشت ڕەفتارەکانیەوەیەتی، واتە خۆدەرخەر و نماییشکارە، لەهەر جێیەک بێت لەو جێگەیە قەرەباڵغی و ژاوەژاو دروستدەکات بەمەبەستی خۆدەرخستن و سەرنجڕاکێشان، ئەو لەخۆبوردوو نیە و شەرم ناکات، نە لە کەسەکان و نە لەهەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان، هەرگیز ڕێگە بەخۆی نادات تەنانەت لەڕیزی دووەمیشدا بوەستێت یان دابنیشێت، یان کەسێک بخاتە پێش خۆیەوە، یان بێدەنگ دابنیشێت، بەڵکو هەمیشە دەیەوێت لەڕیزی پێشەوەدا بێت و ببێتە چەقی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر، خاوەنی ئەمجۆرە لەکەسێتی تەنانەت لە کاتی ناشتنی تەرمی کۆچکردووانیشدا کاتێک لە گۆڕستان خەڵکی کۆدەبنەوە بۆ شاردنەوەی جەستەی کۆچکردووەکە، ئەگەر پەیوەندی نزیکیشی لەگەڵ کۆچکردووەکە و کەسوکاریشی نەبێت بەڵام دەخوازێت خۆی فڕبداتە ناو گۆڕەکە و بەشداریەکی کارا بکات لەپرۆسەی ئامادەکاری ناشتنەکە و لەبەرچاوی ئامادەبوواندا دەیکاتە هاوار هاوار، بەجۆرێک بۆ دەوروبەر دەردەخات (تەماشام بکەن، ئەوە منم ئەم ڕۆڵە دەبینم)، لە پرسەکانیشدا هەمیشە لەجێگەیەکدا دەوەستێت کە ببێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی ئامادەبووان، لەناو بۆنە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکانیشدا هەمیشە بە هەڵسوکەت و قسەی سەیر و سەمەرە و هاتوهاوارکردن دەیەوێت کۆنترۆڵی دانیشتنەکە بکات و هەموو ئامادەبووان چاویان تەنها لەسەر ئەو بێت.
خاوەنی پەشێوی کەسێتی هیستیری ئەگەر ئافرەت بێت هەمیشە پۆشاکێک دەپۆشێت کە سەرنجڕاکێش بێت و ڕەنگ و دیزاین و مۆدێلی پۆشاکەکەی جێی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر بێت، کاتێکیش خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی بەو هەموو ڕەفتارە نائاساییانەوە سەرزەنشت بکرێت یان لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتیەکاندا گرنگیان پێنەدرێت، ئەوا لەناخیدا تەواو هەڵدەچێت و ئەگەر بۆی بکرێت هێرش دەکاتە سەر دەوروبەر یان هەستیان بریندار دەکات.
کەسی خاوەن ئەم پەشێوییە، هەمیشە بەدوای قسەی وروژێنەر و نوکتەی سەرنجڕاکێش و درێژدادڕییەوەیە لەئاخاوتنەکانیدا، زۆر زێدەڕۆیی دەکات، بەهەستێکی قوڵی درۆزنانەوە قسەکان دەگێڕێتەوە، کاتێک قسە دەکات وەک ئەوە وایە کە لەسەر شانۆ نماییش بکات، بۆیە زۆر جار بەهۆی ئەو ڕەفتارە درامییانەیەوە ئەگەر هەیە فرمێسکیش بەچاوەکانیدا بێتە خوارەوە، زۆر بە سانایی دەگری، بەڵام پاش ماوەیەک دەبێتە ناحەزێکی سەرسەختی ئەو کەسانەی دوێنێ بۆیان گریاوە، زۆر گەرموڕە لەسەرەتای هەر بابەتێکی نوێدا یان لەسەرەتای ناسینی کەسێکدا بۆ یەکەمجار، بەڵام پاش ماوەیەک ئەو گەرموگوڕیەی دەبێتە هەڵم و پێچەوانەکەی دەردەکەوێت، ئەمڕۆ هاوسۆز و بەبەزەیی و دەروون گەرم و چاو بەفرمێسکە بۆ کەسێک یان بابەتێک، سبەینێ دەڵێی نە بای دیوە و نە بۆران.
کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری لەپەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداریشدا بەهەمان شێوە ڕەفتار دەکات، ماوەیەک خۆی لێدەگۆڕێت بە (فەرهاد) ئەگەر کوڕ بێت، بە (شیرین) ئەگەر کچ بێت، هەموو دنیا و هەست و کات و وزەکانی دەبەخشێت بەبەرامبەرەکەی، هێندە نابات وەک ئەوەی لەژێر کاریگەری (مەی)دا بووبێت، کاتێک مەستیەکە بەریبدات و بگەڕێتەوە سەر سروشتی ڕاستەقینەی خۆی، ئیدی بێزار و وەڕس لە خۆشەویستەکەی دوێنێ، بێباک لە هەست و دڵی بەرامبەرەکەی، بێخەم لە چاوەڕوانیەکانی بەرامبەرەکەی، سەد و هەشتا پلە دەگۆڕێت، هەموو خەون و بەڵێن و یادەوەریەکان دەبنە هەڵم، بەهەمان شێوە کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری لە هاوڕێیەتی و خزمایەتیشدا بەو گەرموگوڕیە دەستپێدەکات و هێندە نابات پەیوەندیەکانی سارد دەکاتەوە دەیانبچڕێنێت، تەنانەت لەزۆر باردا لەگەڵ کەسە هەرە نزیکەکانی خۆیشیدا بەمجۆرە ڕەفتار دەکات.
بەمهۆیانەوە کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری ناتوانێت پەیوەندی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و خزمایەتی هەتاسەر و ڕاستەقینە بکات، کاتێکیش لای دەوروبەری دەناسرێت ئیدی زۆربەیان لێی دوور دەکەونەوە، چونکە بە کەسێکی بێبار و ناجێگیر و ناڕاستگۆ و نادڵسۆز دەیناسن، تێدەگەن کە ئەو کەسەیە ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت و متمانەی پێبکرێت.
کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری لەچوارچێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیدا چەند خەسڵەتێکی دیار و بێزراوی هەیە وەک: (درۆکردن، باسکردنی ئەوانی دیکە بەخراپی، گەڕان بەدوای کەموکوڕیەکانی ئەوانی دیکە، گواستنەوەی ئەو زانیاریانەی ئەو هەیەتی دەربارەی کەسێک یان خێزانێک بۆ کەسانی دیکە و پێوەنانی درۆ و زێدەڕۆیی بۆ زانیاریە بنەڕەتیەکە، هەندێجار داتاشینی قسەی نەشیاو و خراپ لەسەر کەسانی دیکە)، هەموو ئەمانە دەکات بەمەبەستی زیانگەیاندن بە شکۆ و ناوبانگی ئەو کەسانە، زۆر بێباکیشە لەو زیانانەی لەئەنجامی ئەو ڕەفتارانەیەوە بەو کەسانە دەگات، تەنانەت ئەگەر نزیکترین کەسی خۆیشی بێت، بەڵکو چێژ لە هەر خراپی و نەهامەتیەک دەبینێت کە بە کەسە نزیک و هاوڕێ و خزمەکانی خۆی دەگات.
وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ سەرنجڕاکێشانی دەوروبەری بەلای خۆیدا، ڕۆحێکی شەڕەنگێزانەش زاڵە لەسەر ڕەفتاری ئەمجۆرە کەسانە، ئەم کەسانە لەڕێی وروژاندنی سێکسیانەی بەرامبەر و پەلکێشکردنیان بۆ داوی پەیوەندی سۆزداری و پاشتر پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنیان بەدوو ئاڕاستە کار دەکەن، لایەک لەمڕێیەوە سەرنجی بەرامبەر بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، لایەکیش لەمڕێیەوە هەستی شەڕەنگێزی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە، بۆ نموونە ئەگەر خاوەنی ئەم کەسێتییە ئافرەت بێت لەڕێی مێینەیی خۆی و جوڵە و وروژاندنی سێکسییەوە سەرنجی پیاو بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، بەجۆرێک وا لەپیاو دەکات هەست و سۆزی بۆی هەبێت و تامەزرۆی جەستە و وروژاندنەکانی بێت، ئافرەت لەمبارەدا هەموو جوڵە و ئاماژەکانی ئاماژەدەرن بۆ بوونی ئارەزووی بنیادنانی پەیوەندیەکی تایبەت لەگەڵ پیاوەکە، تەنانەت هەندێجار ئافرەتەکە خۆشەویستی و هەستی خۆیشی بۆ پیاوەکە دەردەبڕێت، کاتێک پیاوەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەم مەبەستە و تەواو هۆگری ئافرەتەکە دەبێت، ئینجا لەو کاتەدا ئافرەتەکە وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە بۆران، پشت دەکاتە پیاوەکە و فەرامۆشی دەکات، هەمان نموونە لەسەر پیاوانیش دروستە، کە هەوڵی زۆر دەدەن لەڕێی باسکردنی توانا سێکسیە بێوێنەکانی خۆیان و ئەو چێژانەی بە بەرامبەری دەبەخشن، ئەو کەشە ڕۆمانسیانەی دەیخوڵقێنن، ئەو هەست و سۆزەی بۆیان دەردەبڕن، هەموو ئەمانە دەکەن بەئامانجی پەلکێشکردنی ئافرەتان بۆ ئەوەی هۆگری خۆیانیان بکەن و بکەونە داویانەوە، کاتێکیش ئەوە ڕوودەدات زۆر بێباک و خەمساردانە پشت دەکەنە ئافرەتەکان، لەهەردوو بارەکەدا کەسی بەرامبەر دەبێتە قوربانی ئەو پشت تێکردنە و کۆژانی دەروونی زۆریان بۆ دروست دەبێت.
لەکاتێکدا خاوەنی پەشێوی کەسێتی هیستیری ئەم ڕەفتارە سێکسیە زێدەڕۆیانەی لێدەوەشێتەوە، لەهەمان کاتدا خۆی بەجۆرێک لەجۆرەکان ساردی سێکسیی هەیە، خۆ ئەگەر لەپەیوەندیە سێکسیەکانیشیدا بەجۆرێکی زێدەڕۆ خۆی دەربخات، ئەوە لە بوونی ئارەزووەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەمەبەستی سەرنجڕاکێشانی بەرامبەرە.
کەسی خاوەن پەشێوی کەسێتی هیستیری لەدەست گرێ و گرفتی سێکسی دەناڵێنێت، بۆ نموونە ئەگەر ئافرەت بێت ئەوا متمانەی بە تواناکانی خۆی نابێت وەک مێینەیەک، بۆیە بەردەوام بەرامبەر ئافرەتانی دیکە ئیرەییەکی کوشندەی هەیە، هەر کاتێکیش ببینێت ئافرەتێکی دیکە سەرکەوتووبووە لە سەرنجڕاکێشانی پیاوێکدا، ئەوا هەتا ئاستی سوتان ناخی دەهەژێت. کاتێکیش لەلایەن بەرامبەرەکەیەوە دەستی ئاشکرا دەبێت و بخرێتە ژێر گوشارێک یان پەراوێز بخرێت، ئەوا بە خۆکوشتن هەڕەشە لەدەوروبەری خۆیدەکات، هەڕەشەی خۆکوشتن لای کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری وەک ئامڕاز و گەمەیەکی پەسەند وایە، کە لەڕێیەوە دەیەوێت باڵادەستی خۆی لەسەر بەرامبەر یان دەوروبەری بەدەستبهێنێت، هەرچەندە لەلایەن دەوروبەریەوە ئەم گەمەیە دەناسرێت و دەستی ئاشکرا دەبێت، چونکە لەهەموو بۆنەیەکدا پەنای بۆ دەبات، بەڵام ئەگەریش هەیە پەنای بۆ ببات بەڵام بە ئامڕازگەلێک کە نەبێتە هۆی مردنی ڕاستەقینەی. لەمبارەدا ئافرەتانی خاوەن پەشێوی کەسێتی هیستیری بەر لە هەوڵی خۆکوشتنەکانیان هاوار دەکەن، بەرەو دەرگا و پەنجەرە ڕادەکەن، وەک هەوڵێک بۆ خۆسوتاندن هەوڵی کردنەوەی ئاگر دەدەن، بەئامێرێکی زامدارکار خۆیان زامدار دەکەن، یان نوسراوێک دەنووسن و لەجێیەکی دیار دایدەنێن کە ئاماژە بۆ هەوڵی خۆکوشتنی خۆی تێدابێت، یان چەند دەنکە حەبێک لەجۆری (ئەسپرین یان پاراسیتامۆڵ یان ڤیتامینەکان) دەخوات، هەموو ئەم ڕەفتارانەیان بۆ ئەوەیە بەدەوروبەر بڵێن (من خۆم دەکوژم)، کاتێکیش قسەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی دەستەبەرداری ئەو ڕەفتارەیان بن، ئەوا مەرج دادەنێن و ئامادەی سازشکردن دەبن، ئەم ڕەوشەش دەوروبەریان بێزار و ماندوو دەکات و دەکەونە ململانێیەکەوە لەنێوان وەڕسبوونیان لەدەستیان و پەرۆشیان بۆ ژیانیان.
کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری مەزاژیان توندە، بەهۆکاری زۆر بێ مانا زۆر توڕە دەبن و دەتەقنەوە، هاوار دەکەن، دەقیژێنن، جلوبەرگ لەبەری خۆیاندا دەدڕن، قژی خۆیان دەردەهێنن، ئەو کەلوپەلانەی دەکەونە بەردەستیان دەیشکێنن یان فڕێی دەدەن.
گرنگترین نیشانەکانی کەسێتی هیستیری، ئەمانەن:
. پێنەگەیشتوویی لەڕووی هەڵچوونەکانیانەوە:
واتە کەسانی خاوەن پەشێوی کەسێتی هیستیری لە هەست و سۆزەکانیاندا ناجێگیرن، لە مەزاژیاندا هەڵبەز و دابەزیان زۆرە، هەرچەندە لەهەندێ باردا ئەم کەسانە وەها دەردەکەون کە خاوەن هەستوسۆزێکی بەهێز و دروستن، بەجۆرێک ئامادەی بەخشین و قوربانیدانن بۆ مەسەلەیەکی دیارکراو، بەڵام هێندە نابات ئەو گەرموگوڕییەیان دەبێتە هەڵم و نامێنێت، ئینجا بەدوای مەسەلەیەکی دیکەدا دەگەڕێن. پەیوەندییەکانیان چ لەڕووی هەست و سۆزەوە و چ لەڕووی هاوڕێیەتییەوە جێگیر نییە و زوو زوو گۆڕانکاری و گەرمی و ساردی بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێک ناتوانن پەیوەندی جێگیر و بۆ ماوەی درێژ لەگەڵ کەسانی دیکەدا بپارێزن، هەروەها لەگەڵ دەوروبەر و پەیوەندییەکانیاندا پشوو کورتن، ئەگەرچی پەیوەندییەکانیشیان زۆر و زەوەند بێت لەڕووی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتییەوە، بەڵام ئەم پەیوەندیانەیان سەرپێییانەیە و قوڵ نابنەوە تیایاندا و ناجێگیرە، واتە پەیوەندییەکانیان ناگاتە ئەو ئاستەی هاوڕێیەتی یان دۆستایەتییەکی هەتاسەر یان دێرینی لێبکەوێتەوە، مەزاژیان ڕووکەشانەیە.
. خۆشباوەڕی و زوو کاریگەربوون:
ئەم کەسانە بە ڕووداوەکانی ڕۆژ و هەواڵە وروژێنەرەکان زوو کاریگەر دەبن، بەتوندی کارلێکیان لەگەڵدا دەکەن، زۆر بایەخ بە وتی وتی دەدەن، ئەم کاریگەربوونەشیان ڕەنگدانەوەی لەسەر بڕیار و هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنەکانیاندا لەگەڵ هەڵوێستە جۆراوجۆرەکان دەبێت، هەر بۆیە بڕیارەکانیان لەژێر کاریگەری هەڵچوون و مەزاژدایە زیاتر لەوەی بابەتیانە بڕیار بدەن. ئەم کەسانە بەئاسانی ئاڕاستە دەکرێن، زوو کاریگەر دەبن بە هەندێ کەس و هەندێ هەڵوێست، بەئاسانی لەخشتە دەبرێن.
. خۆپەرستی و خۆدەرخستن:
کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری لەڕووی بەرژەوەندییەوە خۆپەرستن، هەمیشە لە کاروبارەکانیاندا دەوروبەر یان بەرامبەرەکانیان دەکەنە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتییەکانیان، واتە لەدیدی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە تەماشای کاروبار و پێشهاتەکان دەکەن. حەزی خۆدەرخستنیان زۆرە و ڕەفتارەکانیان زیاتر نزیکە بە نماییشکردن، زۆر لەخەیاڵدا دەژین، زێدەڕۆییان زۆرە لە دەربڕین و قسەکردندا، لە پۆشینی پۆشاکیشدا خۆدەرخەرن، هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن سەرنجی دەوروبەر بۆ خۆیان ڕاکێشن و لەزۆر هەڵوێستدا وەک ئەکتەر یان شانۆکار ڕەفتار دەکەن.
. تەشقەڵەی سێکسیی:
کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری هەمیشە هەوڵ دەدەن سەرنجی ڕەگەزی بەرامبەر لەڕێی ڕەفتاری سێکسییەوە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، هەمیشە شرۆڤەی ڕەفتار و دیاردەکان لە بۆتەیەکی سێکسییدا هەڵدەسەنگێنن، بۆ نموونە کاتێک کوڕێک وەسفی جوانی کچێک بکات، ئەگەر کچەکە خاوەنی پەشێوی کەسێتی هیستیری بێت، کچەکە وەها لێکی دەداتەوە کە ئەو کوڕە حەزی لێدەکات یان ئارەزووی سێکسیی بۆی هەیە، یان ئەو کوڕە دەیەوێت پەیوەندی سۆزداری لەگەڵدا ببەستێت، لەکاتێکدا ئەو کوڕە مەبەستیشی هیچ کام لەوانە نەبووبێت، یان کاتێک کچێک زەردەخەنەیەک بۆ کوڕێک بکات، ئەگەر کوڕەکە خاوەنی کەسێتی هیسیتری بێت، کوڕەکە وەهای لێکدەداتەوە کە ئەو کچە خۆشیدەوێت یان ئارەزووی سێکسی بۆی هەیە.
کەسانی خاوەن پەشێوی کەسێتی هیستیری ڕەفتارەکانیان بۆ ڕەگەزی بەرامبەر زیاتر وەک تەشقەڵەکردنێکی سێکسیانە وایە، زەردەخەنە بۆ بەرامبەر دەکەن، چاو دەبڕنە چاویان، چاویان لێدادەگرن، بە جوڵەی جەستەیان سەرنجی بەرامبەرەکانیان ڕادەکێشن، بەڵام بەشێکی زۆر لەو کوڕ و کچانەی تا ئاستێکی بەرز ئەو تەشقەڵە سێکسییانەیان هەیە بەبەردەوامی لەڕووی سێکسییەوە ساردن.
. توانای جیابوونەوە لە کەسێتی خۆی:
کەسانی خاوەن پەشێوی کەسێتی هیسیتری لەکاتی پێویستدا توانای جیابوونەوەیان هەیە لە کەسایەتی خۆیان، لەشێوەی کەسایەتیەکی دیکەدا خۆیان دەردەخەن، بەجۆرێک خەسڵەتەکانی ئەو کەسێتییە نوێیە دەنوێنن کە ڕەوشە تازەکە گەرەکیەتی، هەروەکو چۆن بۆ نماییشکردن و بەرجەستەکردنی کەسێتییەک لە درامادا یان لە شانۆدا، داوا لە ئەکتەرێک دەکرێت خەسڵەتەکانی ئەو کەسایەتییە هەڵبگرێت کە بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکە پێویستە.


خاوەنی پەشێوی کەسێتی هیستیری کاتێک هاوسەرگیری دەکات، سروشتی کەسێتییەکەی دەبێتە مایەی کۆژانی گەورە بۆ هاوسەرەکەی، نە سازان و پەشێوی و کێشە و ئاژاوە بەرۆکی پەیوەندییە هاوسەرییەکەیان دەگرێت، هەرکاتێکیش خاوەنی ئەمجۆرە پەشێوییە بکەوێتە ژێر فشارێکی کۆمەڵایەتی یان خێزانی توندەوە، ئەوا ڕەوشی دەروونی و کەسێتی بەتەواوی دەشێوێت و نیشانەکانی نەخۆشی هیستیریای لێدەردەکەوێت، وەک: (نۆرەی هیستیری، ڕەقبوونی پەلەکان، لەدەستدانی کاتی فەرمانی یەکێک لە هەستەوەرەکانی وەکو بیستن یان بینین، ئیفلیجی کاتی دەستێکی یان قاچێکی، یان هەرچوار پەلی، لەدەستدانی دەنگ)، هەرچەندە ئەم نیشانانە کاتی دەبن و لەسەر دەستی چارەسازی دەروونی و پزیشکی دەروونیدا چاک دەبنەوە، بەڵام دواجار بۆ هاوسەرەکەی کۆژانێکی دەروونی بەردەوام دەخوڵقێت و بەردەوام هەست بە نائارامی و نەگونجاندن دەکات لەگەڵیدا، کەواتە دەتوانین بڵێین خاوەن کەسێتی هیستیری بە ڕووکەش جوان و لەناخدا پڕکێشەیە، بەڕووکەش میهرەبان و لەناخدا بێ هەست و نامیهرەبان، بەڕووکەش خەمخۆر و لەناوەوە خەمسارد، بەڕووکەش سێکسی و بەکردەیی سارد و سڕ، بەڕووکەش بەبەزەیی و لەناخدا ستەمکار، هەربۆیە پێکەوەژیان لەگەڵ کەسێکی لەمجۆرە جگە لە شکستهێنان و ئەشکەنجە چەشتن و کێشمەکێش، چی دیکەی لێ چاوەڕوان ناکرێت.
بۆ دەستنیشانکردنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی پشت بەبوونی ئەم خەسڵەتانە دەبەسترێت:
١- ئارەزووی کەسەکە بۆ ئەوەی جێی بایەخ و سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر بێت.
٢- ڕەفتارەکانی خۆدەرخەرانە و نماییشکارانەن.
ئەم خەسڵەتانە لەڕێی ئەم نیشانانەوە بەرجەستە دەبن:
١- کەسانی زیندوو و چالاکن، بەهەڵپەن، سەرسامی خۆیان بۆ دەوروبەر دەردەبڕن.
٢- بەدوای سەرنجڕاکێشانی دەوروبەردا دەگەڕێن، هەرکاتێک لەمبوارەدا شکست بهێنن دووچاری خەمۆکی دەبن.
٣- بەمەبەستی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر، پۆشاکی وروژێنەر بۆ قوتابخانە یان شوێنی کارەکانیان دەپۆشن.
٤- گۆڕانکاری خێرا لە هەڵچوونەکانیاندا ڕوودەدات، لە توڕەییەوە بۆ هێمنی، لە گریانەوە بۆ پێکەنین و بەپێچەوانەشەوە، هەڵچوونەکانیان بەشێوەیەکی درامی (نماییشکارانە) دەردەبڕن.
٥- لەلایەن کەسانی ترەوە بەئاسانی کاریان تێدەکرێت.
٦- بەسەختی هاوڕێیەتی نزیک دروست دەکەن.
٧- حەزیان بە وروژاندن و شتی نوێیە، زوو بێزار دەبن، بەمهۆیەوە زوو زوو کار و هاوڕێکانیان دەگۆڕن.
تێبینی:
١- ڕێژەی بڵاوی پەشێوی کەسێتی هیستیری لەناو کۆمەڵگەدا دەگاتە (٢٪ – ٣٪)، لەهەندێ کۆمەڵگەدا ڕێژەیەکەی بەرزە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی میسریدا ئەم ڕێژەیە دەگاتە (١٠٪) (د. احمد عکاشة، ١٩٩٨).
٢- ئەم پەشێوییەی کەسێتی زیاتر لەنێو ئافرەتاندا زیاترە.
٣- خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی ئەگەری تووشبوونی بە پەشێوییەکانی کەسێتی لەجۆری دیکە یان نەخۆشی خەمۆکی هەیە.
٤- ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لە پاش دەستپێکی قۆناغی هەرزەکاری بە ماوەیەکی کەم نیشانەکانی دەردەکەون.
٥- کەسانی خاوەنی پەشێوی کەسێتی هیستیری، کەسانێکی زۆر خۆشمەشرەب و سەرنجڕاکێشن، یان هەوڵی سەرنجڕاکێشانی ئەوانی دیکە دەدەن، بەڵام کاتێک ئەم ڕەفتارانە بە پەشێوی دادەنرێن، کە ئەم کەسانە بەردەوام هەوڵی ئەوە بدەن ببنە جێی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر، هەرکاتێکیش ئەو هەوڵانەیان بێ ئاکام بێت تووشی خەمۆکی ببن.
*ده‌روونناس

ھەواڵی زیاتر