نێچیرڤان بارزانی گۆچانی سیحری پێبوو یان كۆدی دیپلۆماتی؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هەمووان دەزانین ئێران چ كاریگەرییەكی گەورە و گاڵتەپێنەكراوی لەسەر بارودۆخەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی هەیە. ناكرێت تۆ سەرت لەسیاسەت و كایەكانی بخورێت، بەڵام بێئاگابیت لە ئێران.
ئێران ئەگەر بۆ هەر وڵاتێكی تر ژمارەیەكی ڕەفتەنی بێت، بێگومان لە عێراق و كوردستاندا، ڕێژەی نەگۆڕە و، بەكۆمەڵێك حوكمی قەتعی دەتوانێت لەهەموو دەرفەت و قۆناغەكاندا كاریگەری خۆی لەسەر ڕەوشی عێراق بەجێبهێڵێت. تەنانەت لەسەردەمەكانی پادشایەتی و كۆماری یەكەم و دواتر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسیش، ئەگەرچی بەعس دوژمنایەتی ئێرانی ڕاگەیاندبوو، بەڵام كاریگەری و هەژموونی ئێران لەسەر عێراق بۆ چركەیەكیش كەمی نەكرد!.
ئێران بەحوكمی جوگرافیا و فەرهەنگ، هەروەها بەحوكمی ئەو ئیرسە مێژووییەی كە هەیەتی، كاریگەری زیاتری لەسەر كوردستان هەیە، چونكە لینكی هاونەژادی كورد و فارس، كۆنترە لەلینكی هاومەزهەبی فارس و شیعەی عێراق. ئیدی بەوجۆرە ناكرێت هەژمونی ئێران و ڕایەڵەكانی پەیوەندی و ڕێگەكانی هاتنەناوەوەی بۆ ناو كایەی ژیانی سیاسی و تەنانەت كۆمەڵایەتی و دینی لە عێراق و كوردستان نادیدە بگیرێت. پاشان بۆچی دەبێت ئەو زەخامەتە نایدەبگیرێت؟.
كورد كەلەسەرەتای ئەزمونی خۆبەڕێوەبردن و دیپلۆماسیەتدایە، بەرژەوەندی لەوەدانیە ململانێی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بكات. بەڵكو بەرژەوەندی لەوەدایە زۆرترین دۆست و كۆنتاكتی هەبێت و، سیاسەتێكی هاوسەنگ پێڕەو بكات و، تاكە پێوەری بەرژەوەندییەكانی خۆی بێت. مەگەر هەموو سیستەمێكی سیاسیش بەهەمان شێوە نیە؟.
سەردانەكەی نێچرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران، ئەگەرچی سەردانێكی درەنگ وەخت بوو، بەڵام نەكەوتە كاتی زیادكراوی یارییەكە. بەهۆی ئاڵۆزییەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق و دۆخی ئێستای كوردستانیشەوە، ناتوانین بڵێین: ئەو سەردانە گۆچانی سیحرییە و هەموو كێشەكان چارەسەر دەكات. بەڵام ئەوەی بیری هەموو لایەك هێنایەوە، كە دەكرێت كوردیش وەك ژمارەیەكی قورس سەیر بكرێت.
نێچیرڤان بارزانی دای لەدرگای خودی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی.. ڕەسانەكانی ئێرانیش بایەخێكی زۆریان بەو سەردانە داوەو، زۆرینەی سەرنوسەرەكان سەرقاڵی دەستنیشانكردنی بەهێزترین و سەرنجڕاكێشترین تایتڵ بوون بۆ ڕۆژنامەكانیان. كەواتە كورد توانیویەتی لەلوتكەدا كار لەسەر گۆڕینی سایكۆلۆژیای بڕیار لە تاران بكات.
لەگەڵ هەموو ئەوەی گوتران لەسەر ئەو سەردانە، بەڵام پێویستە بنمیچی چاوەڕوانییەكانمان ڕیالیستی بن و، ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین كە ئێران تاكە یاریكەر نیە لە گۆڕەپانی عێراقدا. بەڵكو یاریكەرێكی بەهێزە لەڕیزی چەندین یاریكەری بەهێزی تردا. ئەوە یەكێك لەو كۆدانە بوو كە نێچیرڤان بارزانی لەناو جانتاكەی هەڵیگرتبوو و لەتاران لەبەردەمی ئایەتوڵای عوزما عەلی خامنەییدا كردییەوە.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش، بەهەمان ڕیتم لەسەر ئەو سەردانە دەدەوێت و دەڵێت: هانی هەرجۆە گفتوگۆیەك دەدەین كە ببێتە هۆی سەقامگیری زیاتر.. پەیامێكی ڕوون و ڕاشكاوەو، بەڵگەی ڕوونە لەسەر ئەوەی كە كۆدەكان پێویستە بەئاراستەی دیاریكراودا بن، نەك وەك گۆچانی سیحری و بێ قەید سەیر بكرێن.
ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی، دەستی بۆ كارتێكی گرنگ برد. یەكاڵاكردنەوەی نیگەرانییەكانی كوردستان لەبەردەم خودی ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامیدا، ڕووداوێكی گرنگە و بۆ ئەقڵی سیاسی و ئەزمونی دیپلۆماتی كوردی، وەرچەرخانێكی پۆزەتیڤە، بەچاوپۆشین لەئەنجامەكانی.

ھەواڵی زیاتر