مه‌سرور بارزانی لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/9 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازاديی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرا.

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازاديی بیروڕا و ڕاگەیاندن و ئازاديی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دووپات کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت کردنەوە بوو لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان

ھەواڵی زیاتر