کزبوونی هەستی نەتەوایەتیی لای تاکی کورد

هەژین لوقمان

خۆشویستنی خاک و نیشتمان بە هیچ خۆشەویستییەکی تر بەراورد ناکرێت و ئەستەمە هاوشێوەی بدۆزرێتەوە. هەستێکە تێکەڵ بە ڕۆحی مرۆڤ دەبێت و دەچێتە خوێنەوە،
نەتەوە و نیشتمان و ئاڵا شەرەفن بۆ مرۆڤ شوناسی بوون و مانەوەن. ئەمە جگە لەوەی كە مۆڕاڵ و کەسایەتیی مرۆڤیان پێوە بەستراوەتەوە .
کورد هەمیشە خودان هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەریی بەرز و بەهێز بووە، بۆیە بەردەوام بە سەر و ماڵ قوربانی بۆ نیشتمانەکەی داوە. بە سەربەرزی و بەبێ ترس و دوودڵی، سنگی بە گوللەی دوژمنەوە ناوە. مێژوو شاهێدە و ئەمەی سەلماندووە ..بەڵام ئێستا هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەرێتی لای بەشێك لە تاكی کورد لەوپەڕی لاوازیدایە ، تەنانەت لای بەشێك لەوانە هەر نەماوە. ئەمەیش وایكردووە كە ئەتوانین بڵێین هەست و خۆشەویستی و ئینتیما بۆ نیشتمان و نەتەوە لەبەردەم مەترسیدایە .بێگومان بۆ ئەمەیش هۆکارگەلێک هەیە ،بەشێك لەو هۆكارانە دروستکردنی قەیرانی دارایی بە مەبەست بۆ هەرێمی کوردستان و برسیکردنی هاووڵاتییان و کۆسپ خستنە بەردەم پڕۆسەی چاکسازی و پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی و ململانێی بەردەوامی لایەنە سیاسییەکان و نەبوونی یەکڕیزی و برایەتی لەناو کوردا وایكردووە متمانە بە حكوومەت و دەسەڵاتی كوردی كەم ببێتەوە . بە داخەوە ئەمە وایکردووە تاکەکانی ئێمە هەستی نەتەوایەتی و ناسنامەی خۆیان لەگەڵ ململانێ سیاسییەکان تێکەڵاو بکەن.
بەڵام هۆكاری سەرەكیی ئەو زەمینەسازیە كە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە بۆی كراوە. ئەمەیش هەم بە ڕێگەی ڕاستەوخۆ و هەم بە ڕێگای ناڕستەوخۆ لەڕێی بەكارهێنانی كەسانی بێ ئینتیمای ناوخۆییەوە، كە ئەمانە بە بەرنامە ئاراستە كراون و دەكرێن بۆ كاركردن لەسەر نەهێشتنی هەست و خۆشەویستی و ئینتیمای مرۆڤی كورد بۆ نیشتیمان و نەتەوەكەی.
دوژمنان بە ڕێگەی كۆن هەمیشە هەوڵیان داوە بە کوشتن و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و داگیرکاری و زۆرەملێ کورد لەسەر نەخشەی جیهان بسڕنەوە ، بەڵام نەیانتوانی گیانی ئازادیخوازی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوەی لێ زەوت بكەن ، بۆیە ئێستا خەریكن بە شێوازی دیكە هەوڵی ئەمە دەدەن ، ئەویش بە کەمردنەوەی نەهێشتنی هەستی نەتەوایەتی و ئینتیما لای تاکەکانی کۆمەڵگە و ناشرینکردنی مێژوومان و ساردکردنەوەی کورد لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواکانی خۆی ، هەوڵ دەدەن ئێمە خۆمان دەستبەرداری مێژووی پڕ لە قوربانی و خاک و زمان و نەتەوەی خۆمان بین ، ئەم هەوڵەشیان بەهاوكاری كەسان و گروپ و چەند لایەنێک بەڕێوە دەچێت. تاڕادەیەك سەری گرتووە ، ئەوەتا دەبینین بەشێكی زۆر لە تاکەکانی ئێمە لە منداڵ و گەنج و بە تەمەن هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستییان بۆ خاک و نیشتمان و ناسنامەی خۆیان زۆر لاواز بووە.
گرنگتریین فاكتەری بوون و مانەوەی نەتەوە هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمای تاکەکانیەتی بۆ نەتەوەو نیشتمان ، کە ئەوەش پاڵنەرە بۆ ئەوەی سووربێت لەسەر بەرگریکردن لە نەتەوە و نیشتمان و زمان و کولتوور و مێژوو ناسنامەی خۆی و ئامادەش بێت قوربانی بۆ بدات.
یەکێک لە بوارە هەرە کاریگەرەکان سێکتەری پەروەردەیە، تێیدا هەستی نەتەوەیی و ئینتیما خەریكە تەواو لاواز دەبێت ، بۆ ئەوەی بەر بەم كارەساتە بگیرێت دەبێت لە سیستەمی پەروەردە و ناوەندەكانی خوێندنەوە دەست پێ بكرێت، پاشان کار لەسەر گەنجان بکرێت سیستەمی پەروەدەی قوتابخانە و پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگا و میدیاکان و لایەنە سیاسییەکان ئەمانە هەموی ڕۆڵیان هەیە لە پەروردەکردنی مرۆڤ لە قۆناغی منداڵیدا، پاشان ئەم کاریگەرییە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی گەنجی و پاشان پیری ..
ئەگەر لەم قۆناغەدا لایەنی پەیوەندیدار و حكوومەت و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران و وتاربێژان و مامۆستایان و دایک و باوکان کار لەسەر ئەم پرسە نەكەن و بەرهەڵستیی ئەم مەترسییە گەورەیە نەکەن، دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات.
پێویستە کار لەسەر چینی گەنجان بکرێت، گەنج وزەی لە بن نەهاتوو و داینەمۆی کۆمەڵگایە، دەتوانرێت پشتی پێ ببەسرێت ، ئەمەش بە پێگەیاندنی گەنجان و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆیان تا لەبوارە جیاجیاكاندا خۆیان بدۆزنەوەو پێش بكەون و ڕۆڵی كاریگەری خۆیان ببینن…
هەوڵ بدرێت گەنجان لەگەڵ کۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتمانی خۆیان ئاشت بكرێنەوە ئەو بێ متمانەیی و بۆشاییە گەورەیەی لەنێوان حكوومەت و لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتییان و گەنجان دروست کراوە نەهێڵدرێت، چونكە ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكان، دەبێت بە گشتی هاووڵاتییان متمانەیان بۆ دروست بکرێتەوە ئەگەر متمانە و یەکدەستی و یەکدەنگی هەبێت، ئەوا هاووڵاتییانیش هەوڵی ئەوە دەدەن، کە دان بە خۆیاندا بگرن و هەمووان خۆڕاگر بن و بەهێز تر بن، تا بتوانرێت ئەم بارودۆخە ناهەمووارە تێ بپەڕێنرێت و سەرلەنوێ خۆشەویستی و ئینتیما بۆ نیشتیمان و نەتەوە بەهێز بكرێتەوەو خەون و پیلانی دوژمنانی كوردیش لەگۆڕ بندرێت .

ھەواڵی زیاتر