ئارام کۆشکی – ههولێر
چەند ساڵێک لەمەوبەر لە بەشی زۆری وڵاتانی ئەوروپیدا گەڕانەوەیەکی سەیر بۆ خوێندنەوەی کتێبی “تێڕامانەکان”ـی مارکۆس ئۆرلیۆس-ی فەیلەسوفی ڕەواقی هەبوو. ئەم گەڕانەوەیە و فرۆشی زۆری کتێبەکە جێگەی سەرنج بوو، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە مرۆڤ بەرەو جێگەیەکی دیکەی شارستانیەت و پێشکەوتن ڕۆیشتووە و زۆرجار گوێمان لەوە دەبێت کە شاشە زیرەکەکان دەتوانن هەموو شت بە مرۆڤ ببەخشن و تەنیاییەکانی بۆ پڕ بکەنەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بۆ لای ئەم تێکستە هەموو ئەو تێز و بۆچوونانەی هەڵوەشاندەوە و شاشەکان مرۆڤیان تەنیاتر کردووە، بۆیە پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ لای خۆی.
لەو چەند ساڵە و تا ئێستاش بە سەرنجەوە لە دۆخی پەرتەوازەیی مرۆڤی ئەم سەردەمە ڕادەمێنم، ئەوەی دەبێتە ئارامی ڕۆحی و دەتوانێت ئاسوودەیی بۆ دابین بکات تەسلیمبوون نییە بە جیهانی شاشە و مۆدێلبازی و نوقبوون تا ڕادەی ونبوون لە ئەپەکاندا، بەڵکو ئەوەی دەتوانێت ئارامی پێ ببەخشێت و جۆرێک لە بەختەوەری ڕاستەقینەی بۆ دابین بکات، گەڕانەوەیەتی بۆ لای خۆی و ون نەکردنی خۆیەتی لەنێو ئەم جیهانەدا، کە بە ئاسانی مرۆڤەکان قووت دەدات. لێرەوەیە کە گەڕانەوە بۆ لای کتێبی “تێڕامانەکان” بووتە پێویستییەک بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە. ئەوە مرۆڤە وشیارەکانن کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەم کتێبە و کۆمەکی لێ وەردەگرن تا خۆیان لەو ونبوونە ڕزگار بکەن و بگەڕێنەوە بۆ جیهانێک/ژیانێک، کە دڵخوازی خۆیان بێت. تێڕامانەکان ئەم پەیامەی هەیە و دەیەوێت ئێمە لە خۆمان و ژیانمان ڕابمێنین، نەک ونبین و لەگەڵ شەپۆلەکانی ڕۆژگاردا ڕێ بکەین. ئەم کتێبە دەیەوێت مرۆڤ خۆی شەپۆل بێت، یان لانیکەم ئەگەر شەپۆلیش نەبێت خۆی جۆگەیەک بێت بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کەخۆی دەیەوێت، نەک ئەو ئاراستەیەی ئەوانی تر بۆ دیاری دەکەن.
مارکۆس ئۆرلیۆس؛ ئەگەرچی بە چەند قوتابخانەیەکی فەلسەفی کاریگەربووە بەتایبەت قوتابخانەی ئەفلاتۆنیزم و ئەریستۆ، بەڵام لەگەڵ سینیکادا وەکو فەیلەسوفێکی ڕەواقی نوێ ئەژمار دەکرێت، یەکێک لە بنەماکانی ئەم فەلسەفەیە خۆبوونە. هەر بۆیە بڕوایان بە خۆکوژی هەیە ئەوکاتە مرۆڤ بوونی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات و دەکەوێتە دۆخێکەوە، کە ناتوانێت خۆی بێت و بوونی داگیر دەکرێت. ڕەنگە ئەمە وەکو خاڵێکی تاریک ئەژمار بکرێت، بەڵام بەپێی لێکدانەوەکان بۆ ئەم فەلسەفەیە مرۆڤ کاتێک ڕۆحی داگیرکرا جەستەشی داگیرکراوە، بۆیە وەک وەرگیڕ لە پێشەکی ئەم کتێبەدا ئاماژەی بۆ کردووە “ڕەواقییەکان هانمان دەدەن نە لە مەرگ بترسین و نە لە خۆکوشتن. پێویستە “ئەرمگئەندێش” بین، نەک لە “مەرگترساو”. ئەوەی لە هەڵبژاردنی مەرگدا لای ڕەواقییەکان جیاوازە ئەوەیە، کە خۆکوشتن لەپێناوی هەندێک شتی دونیایی وەکو لە دەستدانی خۆشەویستێک یان ساماندا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە لەدەستدانی “مرۆڤبوون و عیزەتی نەفسەوە هەیە، پەیوەندی بە بوون بەکۆیلە و سەپاندنی ئیرادەی دەرەکییەوە هەیە بەسەر ئەو کەسەدا.
ئەم فەیلەسووفە ئەگەر چی تەنها 59 ساڵ ژیاوە لەنێوان 121ی زاینی و بۆ 180ی زاینی، بەڵام بە وردی لە ژیان ڕاماوە و ئەم کتێبە بەرهەمی ئەو ڕامانانەیە، کە نزیکەی 20 سەدە لەمەوبەر ئەو بیری لە خۆبوون و بەهای مرۆڤبوون کردووەتەوە، کە بۆ ئێمە لەم سەردەمەدا هێشتا نوێن و ناچارین بۆی بگەڕێینەوە.
کاتێک چەند مانگێک لەمەوبەر بۆ جاری دووەم ئەم کتێبەم خوێندەوە، نەمتوانی هەر زوو دەستبەرداری بم و هەمیشە هەر لەلامەوە بوو و ناوە ناوە دەچوومەوە سەر ئەو ڕستە و پەرەگرافانەی هێڵم بەژێردا هێنابوون، وەک ئەوەی نەتوانم بەئاسایی دەستبەرداری خوێندنەوەی بم، یان خوێندنەوەی تەواو نەبووبێت، ئەمەش نهێنی هەندێک کتێبە، کە دڵنشینن و زوو خوێنەرەکان بەجێناهێڵن. من تا ئێستاش کە ئەم دێڕانە دەنووسم هەر لەگەڵ ئایدیاکانی ئەم کتێبەدا دەژیم و لە گفتوگۆدام، چونکە دەتوانین خەوشەکانی نێو ژیانمان بەم کتێبە پاک بکەینەوە.
یەکەم ڕستەی ئەم کتێبە بەوە دەست پێ دەکات مرۆڤ گرنگە فێری نەرمونیانی بێت. مارکۆس دەڵێت لە باپیرمەوە فێری نەرمونیانی بووم. دواتر دەڵێت لە باوکمەوە (باوکی زوو کۆچی دوایی دەکات) هێندەی بیستوومە و لەبیرمە فێری عیزەتی نەفس و جوامیری بووم. پاشان ئەوەش دەڵێت “فێری ئەوە بووم لەمەڕ ئازاردا ئارام بم، بە دەست و عەقڵی خۆم کار بکەم بەخۆمەوە خەریک بم و دواجار لەئاست وتیوتی کینەدۆزەرانەی خەڵکیدا خۆم کەڕ بکەم.” لەم ڕستانەوە تێدەگەین مرۆڤ گرنگە بڕوای بە خودسەنتەری هەبێت و خۆی بەوانەی ترەوە خەریک نەکات و قسەی ئەوانی تریش بۆ هەمیشەیی پشتگوێ بخات.
کتێبەکە ڕێنماییمان بۆ زۆر ڕوانینی دیکە دەکات، کە دەڵێی بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمی نووسیوە. لە بەشێکی دیکەی ئەم کتێبەدا دەڵێت “هەموو سپێدەی بەرەبەیانێک، کە لە خەو هەڵدەستیت بەخۆت بڵێ: ئەمڕۆ ڕووبەڕووی خەڵکانی خۆهەڵقورتێنەر، ناسوپاسگوزار، شەڕەنگێز، ستەمکار، کینەدۆز و ناکۆمەڵایەتی دەبمەوە.” دواتریش دەڵێت ” ئەمە نەزانیی و نەتوانینی ئەو کەسانەیە لە جیاکردنەوەی چاکەی ڕاستەقینە لە خراپە.”
کتێبەکە گەشتێکی پڕ چێژە بەنێو دونیایەکی فەلسەفی و فیکرییدا، بە زمانێک کە هەموان تێی بگەن، چونکە فەلسەفەی ئەم فەیلسووفە هەڵقوڵاوی نێو ژیانە و بەشێکی زۆری ئەم کتێبە لە ئەزموونی خۆیەوە نووسیوەتەوە چی فێربووە و بەرچی کەوتووە. ئەم کتێبە ئادارمان دەکاتەوە لە هەموو ئەو بەدکاریی و خراپییانەی لەنێو ژیاندا مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە و هاوکات پێشمان دەڵێت چی بکەین بۆ ئەوەی ژیانێک بژین کە تێیدا ون نەبین و ببینە مرۆڤێک بەرهەمدار بۆ کۆمەڵگە و کەسانی دەوروبەرمان. بێگومان لێرەدا نامەوێت زیاتر لەبارەی کتێبەکەوە بدوێم، تەنها ئەوە دەڵێم ئەم کتێبە شایانی چەندجار خوێندنەوەیە.
دەستخۆشی بۆ کاک دانا محەمەد بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و کتێبخانەی ڕۆمان بۆ چاپکردنی کتێبەکە، کە جێگەیەکی گرنگ لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ دەکاتەوە.

