“کیان باهۆز” یاريزانێکی کوردە و بەدەوامە لە ئەنجامە باشەکانی، دوای ئەوەی لە کوردستان و عێراق ئاستێکی نایابی پێشکەشکرد. ئەو جارە لە “ئەڵمانیا – هەرێمی باکووری ڕاین” بەشداری پاڵەوانیەتی کرد، کە یەکێتی تێنسی ئەڵمانیا ڕێکیخستبوو بۆ تەمەنی (١٠) ساڵان. لەم پاڵەوانەتییە “کیان” توانی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت. “کیان” لە هەولێرەوە بۆ بەشداریکردنی ئەو پاڵەوانەتییە چووبووه ئەڵمانیا و به ئاستە بەرزەكةي هەمووانی سەرسام کرد.
پرسیاری ئەوەیان دەکرد، کە “کیان” لە کامە ئەکادیمیا یاری دەکات، کە زانیان کیان یاریزانی یەکێتی تێنسی هەولێرە و لە کوردستان هاتووە زیاتر سەرسام بوون.
کیان باهۆز، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە یاری تێنس دەکات و تا ئێستاش بەشداری چەندان پاڵەوانیەتی کردووە، سێ پاڵەوانیەتی لە بەغدا ؛ دوو پاڵەوانیەتی لەشاری دهۆک ؛ شەش پاڵەوانیەتی لە شاری هەولێر ؛ ئەمجارەش لە وڵاتی ئەڵمانیا بەشداری کرد و بەکەم دەرچوو.
کیان باهۆز سەرسامە بە یاریزانی ئیسپانی (کارلۆس ئەلکاراس) کە ئێستا دووەمی جیهانە لە تێنسی سەر زەوی.
لە کۆتادا کیان دەڵێت : حەزدەکەم زوو گەورەبم هەتا ( گراندسلام) بەدەست بێنم و بگەمە ئاستی جیهانی.

