كارزان گلی – هەولێر
بەگوێرەی یاسای باری شارستانی ئازەربێجان كە هەموار كراوەتەوە، ئیدی پیاوانی ئایینی بۆیان نییە لە هیچ دام و دەزگایەكی دەوڵەتدا ببنە فەرمانبەر و ئەوانەشی فەرمانبەرن لەكارەكانیان دوور دەخرێنەوە و دەبێت تەنیا وەكوو پیاوی ئایینی مامەڵە بكەن.
بەگویرەی یاسا تازەكە بێت، هەر كەسێك بیەوێت ببێتە فەرمانبەر، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و لەباكگراوندی دەپێچنەوە، بزانن كەسێكی ئایینیە یان نا؟ چونكە ئەگەر ئایدۆلۆژیای ئایینی هەبێت بۆی نییە ببێتە فەرمانبەر.
ئایە پیاوانی ئایینی بۆیان هەیە لەدام و دەزگایەكی سەر بەكەرتی گشتی كار بكەن؟
وەڵامی ئەو پرسیارە نەخێرە، چونكە بەگوێرەی مادەی ٢٠ و بڕگەی ٢ی یاسای باری كەسی، بەهیچ شێوەیەك لەهیچ شوێنێكدا پیاوانی ئایینی نابێت كار بكەن كە دامەزراوەی گشتی بێت.
چۆن دەزانن كەسێك پێشتر پیاوی ئایینی بووە؟
بۆ ئەوەی ئاشكرای بكەن ئەو كەسە پێشتر كەسایەتییەكی ئایینی بووە یان ئایدۆلۆژیای ئایینی هەبووە؟ میكانزمی نوێ گیراوەتە بەر.
سەرەتا ناوی ئەو كەسەی دەیەوێت ببێتە فەرمانبەر دەدرێتە سیستەمی زانیاری ئەلیكتڕۆنی دەوڵەت، چونكە هەموو هاووڵاتییەكی ئازەربێجان ناوی تۆمار كراوە و دەزانن چی كارەیە و ئایدۆلۆژیای چییە؟ بۆیە لەورێگەیەوە زانیاری لەسەر وەردەگرن.
هەركەسێك بچێتە دیداری هەر دامەزراوەیەكی گشتی، سەرەتا لێی دەپرسن ئایە پیاوی ئایینی و ئایدۆژیای دینیت هەیە؟ ئەگەر بەهەڵە وەڵام بداتەوە دووچاری سزای توند دەبێت.
ئەگەر فەرمانبەرێك دوای بوونی بەفەرمانبەر ببێتە كەسایەتییەكی ئایینی چی روو دەدات؟
بەگوێرەی یاسای باری كەسی مادەی ٤١ بڕگەی ١ و ١٥، ئەگەر كەسێك دوای بوونی بەفەرمانبەر ببێتە كەسایەتییەكی ئایینی، ئەوكات دەبێت بۆ خۆی نامەیەك بنووسێت و دەستلەكاربكێشێتەوە.
حكوومەتی ئازەربێجان دەڵێت، ئەو بڕیار و یاسایانەی دەرچوونە، بۆ دژایەتی ئایین نییە، بەڵكوو بۆ ئەوەیە لەناو دام و دەزگای دەوڵەتدا نابێت هیچ كەسێك پروپاگندە بۆ هیچ ئایینێك بكات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ئاژانسی (BBC)ی توركی، ئاساییە كەسێك ئایدۆلۆژیای دینی هەبێت و فەرمانبەر بێت، بەو مەرجەی پێشتر پروپاگندەی بۆ هیچ دینێك نەكردبێت و هەروەها بەهیچ شێوەیەك لەناو دام و دەزگاكاندا باسی ئایین و گرنگی ئایین نەكات، چونكە ئامانجەكە بۆ ئەوەیە ئایین بەتەواوی لەدەوڵەت جیا بكرێتەوە.
ئازەربێجان سیستەمی سیاسی سەرۆكایەتییە و هەروەها بنەمای دەستوورەكەش سیكۆلاریزمە، لەهەمان كاتدا ٩٠٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە موسڵمانن.
چەند رۆژێك بەر لەئێستا، وەزارەتی پەروەردەی ئازەربێجان بڕیارێكیدا، كە هیچ قوتابییەكی كچ بۆی نییە بەلەچكەوە بێتە قوتابخانە و ئەوەی لەقوتابخانە لەچك بكات دەردەكرێت.
ئەم بریارە بەشێك لەوڵاتانی ئیسلامی توڕە كرد بەتایبەت توركیا، بەڵام ئیلهام عەلییەڤ، سەركۆماری ئەو وڵاتە گوێی بەهیچ وڵاتێك نەدا و بڕیارەكەی جێبەجێ كرد.
نێوانی توركیا و ئازەربێجان لەسەر ئەو بڕیارە تێك چوو، تەنانەت بڕیار بوو عەلییەڤ سەردانی توركیا بكات و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان كۆ ببێتەوە، بەڵام سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە.
ئەردۆغان بۆ ئەوەی نێوانی ئازەربێجان و توركیا ئاسایی بكاتەوە، لەگەڵ ئامێنەی هاوسەری سەردانی ئازەربێجانی كرد و لەنزیكەوە لەگەڵ هاوتا ئازەرییەكی كۆبووەوە.
