كارزان گلی – هەولێر
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی نوێ كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بڕیاریدا پارتەكەی لەلیژنەی پرسی چارەسەری كورد و چەكدانانی پەكەكە بكشێتەوە، ئەم بریارەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
كشانەوەی پارتی نوێ كە خاوەنی ٩٤ كورسی پەرلەمانە، كاریگەریی زۆری لەسەر ئەو پرسە دەبێت، چونكە بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات و شەرعییەتی ئەو پڕۆسەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
پارتی نوێ دەڵێن، كشانەوەمان بەو مانایە نایەت بڕوایان بەپرسی چارەسەری كورد نەبێت، یاخود دژی ئەوە بین پرسی كورد چارەسەر بكرێت، نەخێر ئەوان نەخشەرێگەی تریان دەبێت و بەرنامەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو پرسە دەبێت.
چەند رۆژێك بەر لەئێستا، عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، تازەترین وێنەی خۆی لەشوێنە تازەكەی لەئیمیڕاڵی لەگەڵ خانەوادەكەی بڵاوكردەوە، پاشان نوعمان كورتوڵمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، لەگەڵ هەموو سەرۆك پارتەكان كۆبووەوە، ئەوانەی ئەندامیان لەلیژنەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە هەیە، ئۆزگوور ئۆزەلیش یەكێك بوو لەوان.
لەناو پارتەكەیدا پاڵپشتییەكی زۆری كراوە
بەگوەێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC)ی توركی، دوای ئەوەی ئۆزەل بڕیاریدا لەو لیژنەیە بكشێنەوە، پەرلەمانتارەكانی پارتی نوێ پشتگیرییان كرد و پێیانوایە كاتەكەی زۆر گرنگ بوو بۆ كشانەوە.
هەر دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كورتولمووش، ئۆزەل گوتی: ”ئێمە لەناو ئەو یارییەدا نین“ ئەمە لە سۆسیال میدیا دەنگدانەوەی هەبوو و بەهەزاران لایەنگرانی پارتی نوێ ئەو گوتەیەی ئۆزەلیان دانابوو و پشتگیریی بڕیارەكەیان كرد.
پارتی نوێ، یەكێتییەكی هەیە لەبارەی كشانەوەیان لەو پڕۆسەیە، بۆیە ترسیان نییە بەوەی بەشێك لەسەركردەكانی ئەو پارتە ناڕەزایی دەرببڕن.
بۆچی پارتێ نوێ ئەو بڕیارەیدا؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی ناوبراو، دوو هۆكاری سەرەكی هەن كە پارتی نوێ بڕیاریداوە لەپڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە بكشێتەوە.
یەكەم: لەرێگەی دادگاوە فشاری زۆر لەسەر ئەو پارتە هەیە و هەروەها فشاری سیاسیش رۆژ بەرۆژ فراوانتر دەبێت، بۆیە ئەگەر لەبارەی پرسی چارەسەری كورد و چەكدانانی پەكەكە لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدا یەك بن و یەك هەڵوێست بن، بنكەی جەماوەری ئەو پارتە قبوڵی ناكات و تەنانەت بەشێكی زۆریان هەر لە سەرەتاوە دژی بوون.
دووەم: پارتی نوێ دەڵێن، لەمادەی ٧ی پڕۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكەدا هاتووە، دەبێت توركیا بەدیموكراتی بكرێت، بەڵام دژی دیموكراتی وەستاوەنەتەوە و رۆژانە قەیوم دەخەنە سەر شارەوانییەكانی پارتی نوێ و لەكار دووریان دەخەنەوە و هەروەها دەستگیریان دەكەن. هەروەها پێیانوایە حكوومەت بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای لەبارەی ئازادبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش جێبەجێ نەكردووە، كە هەر لەسەرەتاوە پارتی نوێ گوتوویەتی دەبێت دەمیرتاش ئازاد بكرێت، بۆیە مانەوەی ئەوان لەناو ئەو پڕۆسەیە مانای نییە.
لەلایەكی ترەوە باس لەوەش دەكرێت، رەنگە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی ئەوەی دەرگا بۆ هاووپەیمانییەتێكی تازە بكرێتەوە لەنێوان پارتی نوێ و پارتی زەفەر و پارتی خاس، چونكە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٣دا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەیەكتری دوور كەوتبوونەوە و رەنگە ئەم بریارە لەیەكیان نزیك بكاتەوە.
بەڵام پارتی نوێ زۆر بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا دەكات تا كورد لەخۆی نیگەران نەكات، بۆیە چەند پەرلەمانتارێكی ئەو پارتە دەڵێن، ئێمە دژی چارەسەری پرسی كورد نین و لەگەڵیداین، بەڵام نەك بەم شێوەیە كە دەسەڵات بەویستی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەو پڕۆسەیە بەكاردەهێنێت.
رەنگە لەداهاتوویەكی نزیكدا پارتی نوێ، بەشێوەیەكی فراوان لەبارەی كشانەوەیان قسە بۆ كورد بكەن و هۆكاری كشانەوەیان روون بكەنەوە.
پێشتریش ئۆجەلان بەگرنگییەوە باسی لەڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن كرد لەو پڕۆسەیە و پێیوابو دەبێت بەهەموو شێوەیەك ئەوانیش لەناو ئەو پڕۆسەیە بن و رۆڵی گەورەیان پێبدرێت، بۆیە بەكشانەوەی پارتی نوێ، دەم پارتی جموجۆڵی دەستپێكردووە تا بتوانن بڕوا بە ئۆزەل بهێنن بگەڕێتەوە ناو لیژنەی چارەسەری پرسی كورد و چەكدانانی پەكەكە.
