شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە چوارچێوەی چالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، ئاهەنگێکی خنجیلانە بۆ منداڵانی تووشبو بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر بە ئامادەبوونی “سیروان عوسمان” بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە یاوەری هەریەكە لە (سەلیم قادر) جێگری بەڕێوەبەری گشتی، (ڕەهێڵ ڕەشید) بەڕێوەبەری رۆشنبیری منداڵان، (خاتوو نەورۆز) بەڕێوەبەری ژمیریاری، (سەردار قادر) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان سازکرا.
لە ئاهەنگەکەدا بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەكە پێشوازی گەرمی لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری هەولێر کرد و ڕایگەیاند: سەردان و بەسەركردنەوەی منداڵانی تووشبوو بە بە شێرپەنجە و سازکردنی ئاهەنگێكی گۆرانی بۆیان، لەلایان گرووپێکی موزیسیانی گەنج و بەخشینی دیاری منداڵانە و دابەشكردنی چەند ژمارەیەكی گۆڤاری (هەنگ)ی منداڵان بەسەریاندا مایەی دڵخۆشی و بەختەوەرییە.
ئەم چالاكییەس لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگی و كاری پێكەوەییە دێت، كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی نانەكەلی دا لە ڕابردوو ئێستادا بەردەوامە، بۆ ئەوەی ناوە ناوە بەشێك لە چالاكی و كارەكان ببەنە ناو نەخۆشخانە و ڕاستەوخۆ پێشكەش بە نۆخشان و بەركەوتووانی شێرپەنجەی بكەن.
ئاهەنگ و چالاكییەكە بوو بە مایەی دڵخۆشیی ئەو منداڵانەی بەهۆی شێرپەنجەوە ئەم نەخۆشخانەیە بووە بە ماڵی دووەمیان.
