رۆژنامەی ھەولێر

شەقامی عێراقی نیگەرانە لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکوومەت

ڕۆژی هەینی ئەو مۆڵەتە کۆتایی هات کە حکوومەتی عێراق بۆ چوونە ناو ناوچەی جورف سەخر دیاری کردبوو و هەر ئەو ڕۆژە هێزی هاوبەشی پۆلیسی فیدراڵی، حشدی شەعبی و لیوای تایبەت بە پاراستنی نەوت چوونە ناو جورف سەخر بەڵام هیچ هێزێک لە جورف نەهاتە دەرەوە، ئەگەرچی حکوومەت ئەم هەنگاوە وەک گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا پێشان دەدات، بەڵام وردەکارییەکانی پشت پەردە ئاماژە بە ڕێککەوتنێکی هەرێمی و کشانەوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو دەکەن نەک کۆتاییهاتنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچە هەستیارە.

رۆژی هەینی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستپێکردنی بڵاوەپێکردنی هێزە هاوبەشەکانی لە جورف سەخر بە خاڵی دەستپێکی سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هەژمار کرد. زەیدی پێداگری کرد کە نابێت هیچ چەک و ئاڵایەک لە سەرووی چەک و ئاڵای عێراقەوە بێت، بەڵام هاوکات داوای دانبەخۆداگرتنی لە هێزەکان کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان لە جەنگدا نین و ئەوەی ڕوودەدات تێکەڵکردنەوەی هێزەکانە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، فەرماندەیی پۆلیسی وزەی عێراق دانانی دوازدە خاڵی ئەمنیی نوێ، دروستکردنی بارەگای فەوجێک و کردنەوەی ڕێڕەوێکی تایبەتی بە درێژایی بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە ڕاگەیاند. ئەم ڕێکارە ئەمنییە خێرایە ڕاستەوخۆ دوای ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی بەقاچاخبردنی نەوت دێت، کە تێیدا تۆڕەکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان تۆمەتبار کران بە دزینی نەوتی عێراق بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار لەو ناوچەیەدا.
زیاتر لە دوازدە ساڵە و لە دوای شەڕی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤، جورف سەخر بووەتە ناوچەیەکی داخراو و قەدەخەکراو لەژێر دەسەڵاتی ڕەهای کەتیبەکانی حزبوڵای نزیک لە ئێران. لەم ماوە درێژەدا، ئەم گرووپە ڕۆڵێکی نەرێنی و مەترسیداری لە ناوچەکەدا گێڕاوە؛ لە لایەکەوە بە زەبری هێز ڕێگریی کردووە لە گەڕانەوەی دەیان هەزار دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکە و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی بەسەردا سەپاندووە، لە لایەکی دیکەشەوە ناوچەکەی کردووەتە سەربازگەیەکی نهێنی، کارگەی دروستکردنی مووشەک و درۆن، زیندانی نهێنی و سەرچاوەیەکی دارایی نایاسایی لە ڕێگەی دزینی نەوتەوە، بە جۆرێک کە تەنانەت بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراقیش بۆیان نەبووە بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی ئەوان پێ بنێنە ناوچەکەوە و هەموو جووڵەیەکی دەوڵەت لەوێ پەک خرابوو. چەندین سەرۆک وەزیران گۆڕان و ویستیان هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن بەڵام نەیانتوانی و هیچ هەنگاوێکیان نەنا.
کاتێک حکوومەتەکەی زەیدی دوای ئاشکرابوونی گەندەڵیی نەوت مۆڵەتی ٢٠ی تشرینی دووەمی دا بە حزبوڵا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، گرژییەکان گەیشتنە لێواری تەقینەوە و پێکدادانی سەربازی، بەڵام ئەوەی بووە هۆی ڕزگارکەری شەڕێکی ناوماڵی شیعە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو کە بە پەلە گەیشتە بەغدا. قائانی بە کۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵا، توانی ڕێگری لە پێکدادانی چەکداری بکات. تاران لە ڕێگەی قائانییەوە هەژموون و دەسەڵاتی خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی مامناوەند بهێنێتە ئاراوە و کارێک بکات نە شیش بسووتێت و نە کەباب، لە لایەک ئابڕووی حکوومەتەکەی زەیدی لە بەردەم شەقام و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت و لە لایەکی دیکە هاوپەیمانە عێراقییەکەی لە گورزێکی سەربازی و هەڵوەشاندنەوە ڕزگار بکات.

سەرەڕای بانگەشەکانی حکوومەت بۆ سەپاندنی سەروەری و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، ڕاستییە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە تا ئێستا چەکدارانی دەرەوەی دەوڵەت لە جورف سەخر نەچوونەتە دەرەوە و هێشتا لە شوێنە هەستیار و ستراتیژییەکانی خۆیاندا ماونەتەوە. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت چەکداماڵین نییە، بەڵکو کشانەوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو و قۆناخ بە قۆناخە، کە دەگوترێ ماوەی مانگێکی بۆ دیاری کراوە. لەم پرۆسەیەدا بەشێک لەو چەکدارانە بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەوانەش سنوورەکانی سووریا و بیابانی ئەنبار، لە جێگەیاندا جگە لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی، چەند لیوایەکی دیکەی حەشدی شەعبی جێگیر دەکرێن تا هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا تێکنەچێت.

ئەوەی لە جورف سەخر ڕوودەدات پاشەکشەیەکی تاکتیکی و کاتیی حزبوڵایە لەژێر گوشاری ئەمریکا و شەقامی عێراقی، نەک دەستبەرداربوونی یەکجارەکی لە چەک و هەژموونەکانیان، بۆیە گەڕانەوەی ڕاستەقینەی دەوڵەت بۆ جورف سەخر و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان هێشتا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و یەکلاکەرەوەدایە و داهاتووی ناوچەکە بە لێڵی دەهێڵێتەوە.