رۆژنامەی ھەولێر

وێنەكەی وەزارەتی بەرگری عێراق، دوگمەی ستارت بۆ شەڕی دەروونی دژی كورد

مەشخەڵ كەوڵۆسی
هەركەس پێی وابێ شەڕی چەك و بۆمب لەشەڕی میدیایی و شاڵاوی دەروونی مەترسیدارترە، ئەوە ڕەنگە یان لەخەیاڵدا یان لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا بژی و، هێشتا ئاگاداری ئەو ستراتیژە دەروونییانە نەبێت كە لایەنێك بۆ زاڵبوون بەسەر موقەدەراتی لایەنێكی تردا لەڕووی میدیاییەوە بەكاری دێنێت و، تاكە یەك كەناڵ یان بە دەربڕینی سەردەمی سۆسیالمیدیا، یەك پەیچی بێ دایك وباوك دەتوانێت كاری سوپایەك ئەنجام بدات.
بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و فەیكە هەواڵ و، جاری وایە بڵاوكردنەوەی یەك وێنەی ژیری دەستكرد” وەك ئەوەی وەزارەتی بەرگری عێراق لە پەیچی فەرمی خۆی كردی” پەیامێكی گەورەی سیاسی و شەڕێكی گەورەی دەروونی بەرپا دەكات و، ئەگەر لەم سەردەمەدا نەبووایە كە هەموو كەسێك مۆبایلی خۆی بەدەەستەوەیە و، پەیچێك دەتوانێت ئەو كارە گەورەیە بكات، دەبوو بودجەیەكی زۆر و كادیری مرۆیی بێشومار بۆ گەیاندنی پەیامێكی وا، بۆ بەڕێوەبردنی جەنگێكی دەروونی وا گەورە تەرخان بكرێت.
لەئێستادا لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی بەرپاكردنی ئەو جەنگە دەروونییە زۆر ئاسانە، ئاسانترە لەوەی ئێستا پەرداخێك ئاو نۆش بكەیت:
یەكەم: خودی میكانیزمەكانی گەیاندنی پەیام زۆر هەرزان و لەبەردەستی هەموو كەسێكدان و، زۆر زۆر بەدەگمەن كەسێك هەیە سۆسیالمیدیا بەكارنەهێنێت. ئەوەش وادەكات گەیاندنی پەیامەكە ڕاستەوخۆ لە نێردەرە وە بگاتە كەسی بەئامانجكراو، بەیەك كلیك و دوو سەد دۆلار سپۆنسەر.
دووەم: شەقامی سیاسی كوردستان خۆی لەبارترین ژینگەیە بۆ ئەنجامدانی شەڕی دەروونی. ئێمە لەدوای نزیكەی 35 ساڵ، نەمانتوانیوە میدیای نیشتمانی دروست بكەین. نەمانتوانیوە كۆمەڵێك پێوەر دابنێین بۆ كاری میدیایی. بەحسابی ئەوەین كۆمەڵگە و حوكمێكی زۆر دیموكراسیمان هەیە، ڕێوشوێن و یاسایەك نیە میدیا و میدیاكار پێیەوە پابەند بێت و، نەتوانن بەناوی ئازادی ڕادەربڕین و كاری میدیاییەوە بخزێنە نێو پانتاییە پیسەكانی تابووری پێنج.
ئێمە میدیامان هەیە كە بە ئاشكرا و بێ هیچ پەردەو پێچ ودەورانێك شەڕی دەروونی لەدژی نەتەوەكەی خۆی، لەدژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. میدیا هەیە تەنانەت لۆگۆ و ڕەنگ و ئێكسسواراتی كاری میدیاییشی لەداگیركەر وەرگرتووەو، پەخشی دەكات، پەیامی پڕ پڕ لە شەڕی دەروونی بڵاودەكاتەوە، نە داواكاری گشتی، نە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و نە وەزارەتی ڕۆشنبیری لەگوڵ كاڵتری پێناڵێن و، هەموو درگاكان كراوەن لەبەردەمیدا و، بە كەماڵی ئیسراحەتەوە ژەهری خۆی دەڕێژێت.
وێنەكەی پەیچی فەرمی وەزارەتی بەرگری عێراق كە تیایدا بەئاڵای عێراقەوە هەمەرەكانی ناردۆتەوە ناو شاخەكانی كوردستان و، كاپشنی ئەو وێنەیەش كە لەبری هەرێمی كوردستان وشەی ” شیمالی عێراق”ی بەكارهێناوە، كە ئەوەش پێشێلی دەستوورە، وەك هەنگی ناو گوێز لەلایەن میدیاكانی تابووری پێنجەوە قۆزرایەوەو، ئەركەكەیان لە وەزارەتەكەی عێراق گرت و، وەریانگێڕایە سەر زمانی كوردی و، ڕاپۆرت و هەواڵ و بەپەلەیان لەسەركرد!.
هەر ئەوەندەی بەسەر دوگمەیەكی ستارت بۆ جەنگی دەروونی لەدژی كورد دابنرێت، ئیتر بەناوی كاری میدیایی و ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەرییەوە مێشومەگەزەكانی تابووری پێنج هەریەك لەلایەكەوە پەنجەی پیادا دەنێن و، خراپترین جۆری شەڕی دەروونی و ڕووخاندنی ورەی كورد پێڕەو دەكەن. وەك بەرزەكی بانانیش بۆی دەردەچن و، یاسا و لێپرسینەوەو، هیچ تیۆرێكی ئەمنی ئەم بابەتە ناگرێتەوەو، بەداخەوە كۆمەڵگەی كوردی بێ هیچ مەناعەیەك لەبەردەم هەزار نەشتەری ژەهراویدا ڕاوەستاوەو، داگیركەران و تابووری پێنجی ناوخۆیی، سات لەدوای سات، جەستەی هەرێمی كوردستان كون كون دەكەن.