رۆژنامەی ھەولێر

زمان و چەواشەکارییەکانی میدیا

فەرەیدوون سامان
ناساندن و وەسفکردنی زمانی نەتەوەیەک بە کۆمەڵە زمانێک دەبێتە ئامرازێک بۆ گاڵتەکردن بە هەست و هزری نەتەوەیەک، کە هەزاران ساڵە لەسەر زێدو نیشتمانی خۆی خاوەنی زمانێکی هەڤپارو ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەتی، ئەو کەسانەی کە بە هەمان شێوە بیرناکەنەوە، یان تێگەیشتنێکی تەواویان نییە بۆ هەندێک لایەنی ژیانی مێژوو و کۆمەڵگەکەیان، کێشەکە چیتر لەگەڵ خودی وشەکەدا نابێت، بەڵکو لەگەڵ ئەو ئاوەزەدایە کە کردوویەتی بە ئامرازێکی سووکایەتیکردن. بەڵام ڕاستییەکە سادەترە: کاتێک ئارگومێنت شکست دەهێنێت، هێرشەکە دەست پێدەکات؛ کاتێک بیرکردنەوە مایەپووچ دەبێت، سووکایەتییەکان بە ناسنامەو مێژووی نەتەوەیەک قسە دەکەن. بیهێنە بەرچاوت کە لە وڵاتێکدا بژیت کە ئەم جۆرە کەسایەتییانە وەک “ڕۆشنبیر” و زمانناس” خۆیان پێشکەش دەکرێن، لە کاتێکدا ئاسۆی ڕۆشنبیرییان لە توێکڵێکی تەسکدا قەتیس کراوە، کە دوژمنایەتی هەموو ناڕازییەک دەکات و بە شۆڤێنیزم و دوورخستنەوە مامەڵە لەگەڵ نەیاران دەکەن.
کێشەکە هزرین و عەقڵیەتێکە کە خۆی وەک تاکە خاوەنی حەقیقەتی ڕەها دەبینێت، داوای ئەوە دەکات کە هەمووان بە هەمان شێوە بیربکەنەوە، ئەوجا وتارمان لەسەر زمان و نەتەوە و سەروەری بۆ بدات!
مخابن ماوەیەکە پۆدکاستێک لەلایەن دوو لاوی کوردزمانەوە بە ناوەکانی ئیحسان و موختار جاف، لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیای وەک یوتوب و فیسبووک و تیکتوک، بەڕێوەی دەچێت، بەڵام نەشارەزایانە و بێ هیچ بنەمایەکی زمانەوانی و زانستی، مەترسی لەسەر ئاساییشی نەتەوەییمان، بانگەشەی زمانە کوردییەکان دەکەن(نەک زمانی کوردی)، گوایە هەورامی، زازاکی، تەنانەت سۆرانی و بادینیش زمانن نەک شێوەزار، بیانگەشیان ئەوەیە کە هەورامییەک لە بادینییەک تێ ناگات، هەروەها زازاکییەک لە بنزاری سۆرانی حاڵی نابێت، بە کورتی هەمان ئەو قەوانە کۆنە سواوە لێدەدەنەوە کە سەدەیەک لەوپێش کوردێکی کرماشانی لە پیکهاتەی گۆران و بە ئایین یارسان بە ناوی ڕەشید یاسەمی، هەروەها کوردناسانی وەک مینۆرسکی و مەکنزی، چەند کوردێکیش وەک ئەمیری حەسەنپوورو میهرداد ئیزەدی و د.محەمەد موکری و …تد، دووپاتی ئەم تێزەیان دەکردەوە کە شتێک نییە بە ناوی زمانی کوردی، ئەوەی هەیە زمانە کوردییەکانە، بەداخەوە ئەم تێزە نازانستییەی بەناوی زمانە کوردییەکان کەم و زۆر کاریگەری لەسەر بەشێک لە هزرو هەست و ڕوانینی کوردانی هەورامی و زازاکی و لەک و لووڕ و کەلهووڕیش کردووە، کە ئەوانیش لە ژێر باندۆری گوتاری سیاسی ئەم گرووپە گومان لێکراوانە حاشا لە زمانی کوردی بکەن و بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەم شێوەزارانە زمانن، تەنانەت وەک نەتەوەش جیاوازن لە کورد.
هەڵبەت خودی دەستەواژەی “میدیای چەواشەکار” فراوان و فرەلایەنە، لە ڕاستیدا من باوەڕم بە بێلایەنی هیچ دەزگەیەکی ڕاگەیاندن نییە، جا فیسبووک، ئینستیگرام و تیکتۆک بێت یان ڕۆژنامە، کەناڵی تەلەفزیۆنی، ڕادیۆ بێت. ئێستا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سەرهەڵدانی پلاتفۆرمی نوێ کە بەربڵاوتر و ئاسانتر دەستیان پێ دەگات، گەیشتن بە زۆرترین بینەر، وەک یوتیوب و تیکتۆک، هەمان پرسیار دێتە ئاراوە: بۆچی میدیا؟ پێویستی چییە؟
بە بڕوای من وشەی “میدیا” خۆی ئەرکی بنەڕەتی خۆی ئاشکرا دەکات: ئاگادارکردنەوەی خەڵکە لەوەی چی ڕوودەدات و چ ڕووداوێک لە کوردستان و جیهاندا دەقەومێت. ئەمە ئەرکەکەیەتی بە واتا تایبەتەکەی، هەروەک هەموو ئاسانکارییەکانی دیکەی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤەوە. زۆرێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی کوردستان لە دوای هاتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە پەرەیان سەندووە و دەتوانرێت بڵێین ئەم پەرەسەندنە زۆرێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی نەریتی لەناوبردووە، یان لانیکەم پێگەی ئەوانی بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێزخستووە و کەمکردووەتەوە، بۆ نموونە جاران کۆمپانیای پەخشی بەریتانی (BBC) و ڕادیۆی مۆنتیکارلۆ وێستگەیەک بوون کە بیستەر و بینەرێکی زۆری جیهانی هەبوو و ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پەخشی هەواڵ و بەرنامەکانی دیکەی ئەوان بووین.
بەڵام هەندێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی تەقلیدی نەیانتوانی هاوسەنگ بن لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و زانستییەکان، ئەمەش بووە هۆی دابەزین یان کەمبوونەوەی ئامادەبوونیان، وەک زۆرێک لە وێستگەکانی دیکە، لە بەرامبەردا ئەوانەی توانیان خۆیان لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنن، ڕۆڵی پێشەنگیان گرتە ئەستۆ.
خەڵک زیاتر ئامادە و کاریگەرتر بوون و زۆرجاریش ڕاستەوخۆ پشتگیری لە پلاتفۆرمە میدیاییە نوێیەکان دەکەن، کە پێویستیان بەو سەرمایە و هەوڵە جەوهەرییە نییە، کە ڕۆژنامەگەری تەقلیدی ڕۆژێک هەیبوو.
سەرکەوتووترین میدیا لە ئێستادا لە کوردستاندا ئەو میدیایە کە باس لە پرس و نیگەرانییەکانی خەڵکی هەموو چین و توێژەکانی ژیانی کۆمەڵگە دەکات، لە دۆزی ناسنامەو پرسگەلی زمانی کوردیدا، نەک ئەو میدیایەی کە خزمەت بە ئایدۆلۆژیایەکی تەسک و تایبەت و پلان و ئەجیندایەکی بیانی دەکات.
بەڕای من میدیای سەرکەوتوو ئەو میدیایە کە لە کۆژان و خەباتی خەڵکەوە نزیکە، دەست لە پرسی کۆمەڵایەتی دەدات و بە ڕاستگۆیی و بوێرانە پرسیار و نیگەرانییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو.نەک میدیایەکی چەواشەکارانە سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەی و زمان و ناسنامەکەی بکات.
سەبارەت بەو پلاتفۆرمانەی کە ناتوانن لەگەڵ ڕووداوەکان و نیگەرانییەکانی خەڵکدا بگونجێن، ئەوان بە گۆشەگیری دەمێننەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە هێشتا لەناو بیرکردنەوەی بەسەرچوو و بیرۆکەی ڕەقدا گیریان خواردووە. کێشەکە کاتێک گەورەتر دەبێت کە ئەم پلاتفۆرمانە لەلایەن ئەو عەقڵانەی کە توانای هاوسەنگکردنی لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکاندا نییە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی ژیری دەستکرد (AI) کۆنتڕۆڵ دەکرێن، هەندێکیان AI وەکو دیاردەیەکی کولتووری نیشان دەدەن کە دەبێت لێی دوور بکەونەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕۆڵی ئەوان لەناو دەبات.
بۆ ئەو گروپەی کە ترسیان لە پەیوەندی کردن لەگەڵ کولتوری هاوچەرخدا هەیە، دەڵێم: مەترسی لەناوچوونتان لەسەرە، نەک بەهۆی AI، بەڵکو بەهۆی بێتواناییتان لە بەردەوامبوون لەگەڵ پێشکەوتنەکان. مێژوو چاوەڕێی کەس ناکات، پێشکەوتنی کولتووری و شارستانییش بۆ ئەو کەسانە ناوەستێت کە لە گۆڕان دەترسن.
بۆ هاوسەنگ بوون لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، بەڵێ بۆ AI، بەڵێ بۆ هەموو ئەوانەی AI وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردن و پەرەپێدانی کارەکانیان بەکاردەهێنن، نەک لێی بترسن و لێی هەڵبێن. ئەو میدیایەی کە شکست دەهێنێت لە پەرەسەندن لەگەڵ سەردەمەکەیدا، توانای کاریگەری لەسەر بینەرەکانی لەدەست دەدات؛ بەڵام ئەو میدیایەی کە لە سەردەمەکەی تێدەگات و پەیوەندی بە خەڵکەوە هەبێت، توانای بەرگەگرتن و کاریگەری لەسەر دەمێنێتەوە.
زمانی کوردی بەدەست کێشەیەکەوە دەناڵێنێت کە لە جیاوازی کەم و زۆری شێوەزارەکانیدا درێژدەبێتەوە تا دەگاتە هەر ناسەقامگیریی زارەکانی. چەندان سەدە لە چوارچێوەی کایە سیاسی و کولتوورییەکاندا بوونی هەبووە کە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی زاڵن و لە سەردەمی مۆدێرنیشدا کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانە ئەوروپییەکانەوە. لە ئەنجامدا چەندان وشە بۆ دەربڕینی هەمان مانا داڕێژراون و ئەسڵی تێکەڵ بە زاراوەی قەرزکراو بووە. ئێستا هەندێک زاراوە لە زمانێکی نێوەندگیرەوە وەرگێڕدراون، نەک لە پێکهاتە و یادەوەریی کوردییەوە وەربگیرێن.
پاڵاوتنی زارە کوردییەکان بە مانای داخستنی زمان بە ڕووی زمانەکانی دیکەدا نییە؛ زمانە زیندووەکان وشەسازی دەگۆڕنەوە و لە ڕێگەی کارلێککردنەوە پەرەدەسەنن. بەڵام مەترسییەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە وشەیەک وردبینییەکەی لەدەست بدات، یان زمانێک لەگەڵ وشەسازییەکەیدا شێوازی بیرکردنەوەی زمانێکی دیکە قەرز دەکات و وەرگێڕان دەکاتە تەنها گواستنەوەی دەنگ نەک گەڕاندنەوەی مانا. بۆیە پێداچوونەوە بە زاراوە، دەبێتە پێویستییەکی کولتووری، نەک لوکسێکی زمانەوانی، بەتایبەتی لە دەقە هزری و ئەکادیمییەکاندا.
پێم سەیرە هەندێ بەناو ڕۆشنبیرو ئەکادیمی کورد ئەوەندە کاریگەرن بە ڕاوبۆچوونی ئەو ڕۆژهەڵاتییە بیانییانەی کە سەردەمانێک بە ئامانجی سیخوری و هەواڵگری و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردەواری لێکۆڵینەوەیەکی سەقەتیان لەسەر زمانەکەمان کردووە، ئەمانیش دێن دەیکەن بەسەرچاوەیەکی زانستی باوەڕپێکراو، گوایە کورد نەتەوە نییە، زمانەکەشی کۆمەڵە زمانێکە، بەداخەوە هزرو بیرکردنەوەی هەر مرۆڤێک تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگەیە کە تێیدا پەروەردە بووە. کاتێک کەسێک لە ڕووی هزرییەوە مایەپووچ دەبێت، بەهۆی زانیارییەکی سنووردارەوە گیر دەخوات و ناتوانێت بە زانیاری یان بە ئارگیومێنتێکی لۆجیکی وەڵامی ڕەخنەیەک بداتەوە، دواتر کە لە خەوە قووڵەکەی بەئاگا دێتەوە، کاردانەوەکانی دەست دەکەن بە دەرخستنی کەموکوڕی و ناتەواوییەکانی. ئەم جۆرە هزرینانە دەبن بە ڕەفتار و دەگۆڕدرێن بۆ هەڵوێستی کەسێکی شەرانگێز و خراپەکار، بە هێرش کردنە سەر بەرامبەرەکەیان، پەنا دەبەنە بەر قسەی ناشیرین و ناوزراندن و قسەی ئازاربەخش، هەوڵدەدەن کاریگەریی شکستەکەیان لە گفتوگۆدا کەم بکەنەوە و ئەو بڕوایە بدەن بە بەرامبەرەکەیان کە هێشتا کۆنترۆڵی گفتوگۆکە دەکەن.
دواجار ئەم پرسە ئەرکی دەزگە کەلتوورییەکانی حکومەتە، بەڕێوبەرانی ئەم جۆرە پۆدکاست وڤیدیۆیانە بە وردی چاودێری ئەم جۆرە چالاکییە بەناو کەلتوورییانە بکرێن و باشتریش ئاخاوتنەکانیان بەنێو فلتەری زمانەوانیدا تێپەڕێت ، ئەوسا ڕێگەیان پێ بدرێت بۆ بڵاوکردنەوە.