رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵە نابەجێكانی ئۆجەلان لە كوردستاندا سەرناگرێت

ڕێکان سەباح
عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چەند بەرپرسێكی پەكەكە لەماوەی ” چەند رۆژی رابردوو چەندین دیمان و لێدوانی سەیر و سەمەرەی نابەجێیان داوە لەدژی ” كوردستان و پارتی و شنگال، ئەوەی كەلێرەدا دەگوزەرێت” روونتر دەردەكەوێت كە دیارە ئۆجەلان دەیەوێت ” هەمان ئەو قسانە جێبەجێ بكات، كە لە دانپێدانانی ساڵی 1999 لەدژی ” كوردستان و سەركردایەتییەکەی گوتویەتی!

هەموو كوردێكی نیشتمان پەروەر و هۆشیار باش دەزانێت” ئۆجەلان لە كوێیە و خەریكی چییە و دەیەوێ خزمەت بە چ ئەجێندایەكی دژە كوردستانی بكات. ئەوەی كە ئۆجەلان و حزبەكەی خەریكین لە شنگال مێژووێكی رەشی چەندین دەیەی رابردووی حزبەكەیەتی كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بەردەوامە لەدژی ئەم بەشە ئازادەی كوردستان كە دەزانێت ئومێدێكی گەروەیە بۆ هەموو كورد لە سەرانسەری جیهان و ئەو ڕاستیە ئۆجەلان و پەكەكە ئازار دەدات و بەردەوام لە پیلانگێرین دژی.
هەر لە دروستبوونیەوە تا ئێستا خۆی و حزبەكەی بە جموجۆڵ و بۆچوونە پۆڵ پۆتیەكان ماڵی كوردیان لە باكوور وێران كردووە. بەردەوام كاریان لەسەر لێكترازان و سەرلێشێواندن و چاندنی تۆی ڕق و كینە لەناو كوردانی دانیشتووی ئەوروپا كردووە. هەوڵیان داوە پێگە و ناوبانگی كورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بخەنە ژێر پرسیارەوە و زیانی پێ بگەیێنن. هەموو كەسێكی دەقیق و خوێندەوار و هۆشیار باش دەزانێت لە ساڵانی ڕابردوودا هەر تروسكاییەك بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە باكوور هەبووبێت، بەشێوەیەكی گوماناوی لەژێر ناوی چاڵاکیدا ئاستەنگیان بۆ پڕۆسەكە دروست كردووە.
پەكەكە لەژێر ڕێنماییەكانی ئۆجەلان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لە هەر شوێنێك بێت خێرا دەچن كار لەسەر تێكدان و بەلاڕێدابردن دەكەن و بۆ ئەو مەبەستە دەست لە هیچ كردەوەیەك ناپارێزن. ئامادەن لەگەڵ هەر نەیارێكی كورد ڕێككەوتن بكەن بەڵام ئامادە نین هیچ جۆرە تەفاهومێك لەگەڵ كورددا بكەن.
پەكەكە بە دەستوەردانەكانی خۆی لە كاروباری ڕۆژئاوای كوردستان بوونە هۆی ئەوەی دۆزی كورد لەو بەشەی كوردستاندا تووشی كێشەی گەورە بێت. هەر لە خۆسەپاندن و دانانی سیستەمێكی تۆتالیتار و تۆقێنەر بگرە هەتا دەگاتە بە كوشتدانی دەیان هەزار لاوی كورد و ئاوارەكردنی سەدان هەزار هاووڵاتی كورد و دروستكردنی مەترسیی جینۆساید لەسەر گەلەكەمان لەو بەشەی كوردستاندا.
ماوەیەكیشە لەسەر بنەمای” تێكدان و بۆچوونە سەیر و سەمەرەكانیان” خەون بەوە دەبینین هەمان سناریۆی مەترسیدار و دژە كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا پیادە بكەن.
لە شنگالیش هەتا توانیان ڕێگرییان كرد لەوەی دۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە. كاریان بۆ ئەوە كرد برینەكانی شنگال ساڕێژ نەبنەوە و بێشەرمانە ویستیان خوشك و برایانی ئێزیدی لە جەستەی كوردستان جیا بكەنەوە. كۆسپ بوون بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال بگەڕێنەوە سەر ژیان و ماڵی خۆیان. دژایەتیی جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی شنگالیان كرد لەپێناوی جێبەجێكردنی ئەجێندای شوومی دژە كورد و هەروەها بەردەوامییان لە قاچاخچیاتی و كاری نایاسایی.
هەوڵەكانی ئۆجەلان و سەركردایەتی پەكەكە بۆ دروستكردنی كێشە لە هەرێمی كوردستانیش لە سێ دەیەی ڕابردوو لە هەژمار نایەت و لای هەموو كەسێك ئاشكرایە. چونكە هەرێمی كوردستان ئومێدێكی گەروەیە بۆ هەموو كورد لە سەرانسەری جیهان و ئەو ڕاستیە ئۆجەلان و پەكەكە ئازار دەدات. ئەو لێدوان و بۆچوونە نابەجێیانەی ئێستای ئۆجەلان و چەند بەرپرسێكیان درێژەپێدانە بە سیاسەتە دوژمنكارییەكانیان.
بەڵام با ئەوە باش بزانن هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە. خاوەنی دامەزراوەی یاسایی و پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی خۆیەتی. لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆحی نیشتیمانپەروەری و ئازادیخوازی و كوردایەتی لەنێو هاووڵاتیاندا بەهێزە و هیچ جێگەیەك بۆ خەیاڵپڵاویی پەكەكە نابێتەوە.
لەبەر ئەوە ئۆجەلان و حزبەكەی ناتوانن و بۆیان نیە دەستوەردان لە كاروباری هەرێمی كوردستان و شنگالدا بكەن. ئەو ڕقەی ئۆجەلان و پەكەكە لەبەرانبەر پارتیدا هەیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پارتی ڕیشەی لە مێژوو و فەرهەنگ و ڕەسەنایەتیی گەلی كوردستاندا هەیە و ئامرازێكە بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان و ئاشتی و پێکەوەژیان. پارتی ئەركێكی مێژوویی و نیشتیمانی لەسەر شانە كە لەگەڵ ئەجێندا و تێروانینە ناواقیعی و پۆڵ پۆتیەكانی ئۆجەلان و پەكەكە ناگونجێت.