رۆژنامەی ھەولێر

هەڵوێستێکی یەکگرتوو پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک

شێرکۆ حەبیب
ئەمڕۆ عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. لە عێراق، کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، پەیوەندییە نوێیەکانی ئاسایشی عێراق، مەترسیی داعش، کاریگەریی گرووپە چەکدارەکان، و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە عێراق لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە. جگە لەوەی، ناوچەکە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و شەڕ و پێکدادان زیاتر پەرە دەسێنێت، و دۆخەکە ئاسایی نییە. کێشە و ململانێی نێوان هێزە ناوچەییەکان، کاریگەرییەکانی ئێران، گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا، و ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە چەندین بەرەدا بەردەوامن، هەموویان دەکرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر عێراق و کوردستان هەبێت.

بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە کورد لە هەر ڕووداوێکدا چۆن تێدەگات؟ بەڵکو پرسیاری گرنگ ئەوەیە: کورد پێش ڕووداوەکە چی هەڵوێستێکی دەبێ و چۆن ڕەفتار دەکات؟

هەڵوێستی یەکگرتوو واتای یەک بیرکردنەوە نییە
یەکگرتوویی کوردی نابێت بە مانای ئەوە لێک بدرێتەوە کە هەموو حیزبەکان دەبێت لەسەر هەموو بابەتەکان هەمان بۆچوونیان هەبێت. جیاوازیی سیاسی شتێکی سروشتییە. کۆمەڵگەیەکی سیاسیی زیندوو دەبێت جیاوازیی بۆچوون و تێروانینی جیاوازی هەبێت. بەڵام جیاوازیی ناوخۆیی نابێت ببێتە هۆی ئەوەی لە بابەتە نیشتیمانی و ستراتیژییەکاندا کورد دابەش بێت بۆ بیر و بۆچوونی جیاواز.
لە بابەتەکانی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، ئاسایشی کوردستان، مافی دەستووریی هەرێم، پێشمەرگە، چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان، سەروەریی یاسا و دۆخی ناوچەکە، پێویستە خاڵە هاوبەشەکان دیاری بکرێن، کورد دەتوانێت لە ناوخۆدا جیاواز بیر بکاتەوە، بەڵام لە دەرەوە دەبێت بزانرێت کە لە بابەتە بنەڕەتییەکاندا هەڵوێستی کوردایەتی پێویستە، نەک تێروانینی حیزبی. ئەم جیاوازییە لە نێوان “یەکگرتوویی سیاسی” و “یەکسانکردنی سیاسی” زۆر گرنگە.

ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو وانەیەکی ڕوونمان پێ دەڵێت
مێژووی نوێی عێراق ئەوەی خستۆتە روو کە هەرکات کورد بە هەڵوێستێکی ڕوون و هاوبەش و یەکگرتوو مامەڵەی لەگەڵ پرسە گەورەکان کردبێت، توانای کاریگەرییەکەی و ئاکامەکەی زیاتر بووە بۆ بەرژەوەندیی کورد، بە پێچەوانەشەوە، هەرکات ناکۆکیی ناوخۆیی پەرەی سەندووە و بووەتە ئامرازێک بۆ دەرەوە بۆ لاوازیی کورد، زیانەکە تەنها بۆ حیزبێک نەبووە، بەڵکو بۆ هەموو پرۆژەی سیاسیی کورد بووە.
بەداخەوە، ئەمڕۆش ئەم دیاردە لای ئەوانەی بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی کار دەکەن، بە ڕوونی دیارە و ئەگەر پێداچوونەوەیەک بۆ مێژوو بکەین، دەبینین کاتێک کورد سەرکەوتن وەدەست دێنێت، گرووپێک بۆ هەر مەرامێک دەبێتە هۆکاری نەگەیشتن بە ئاواتەکان، لە شۆڕشی ئەیلوول بە ڕوونی بەدی کرا، هەروەها لە گوڵان، لە گشتپرسی… هتد.
ئێستاش لە دوای کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکان بۆ کوردستان ئەوەیە کە ئایا پێشمەرگە دەتوانێت بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و یەکگرتوو ڕۆڵی خۆی لە سیستەمی ئاسایشی عێراقدا بەهێزتر بکات؟
گرنگە ئەو یەکگرتنەوە ببێتە هۆی یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ بەرگری لە هەر کارێکی نەخوازراو، چونکە دەبێت دان بەو ڕاستییە بنێین کە میلیشییەکان هەوڵ دەدەن سەقامگیری و ئاوادانیی کوردستان تێکبدەن، و ئەگەری زۆرە حکوومەتی بەغدا خۆی بێدەنگ بکات، هەروەک کردوویەتی لە ڕووداوەکانی پێشوو.
ئەمە تەنها پرسیاری سەربازی نییە، پرسیاری نیشتیمانییە. و لە بەغداش دەبێت کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بێت. هەڵوێستی یەکگرتوویی کوردی تەنها بۆ ناوخۆی کوردستان گرنگ نییە، لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداشدا کاریگەریی و گرنگیی خۆی هەیە.
ئەگەر هەر حیزبێک بە تەنیا و بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکات، کێشەکان دەکرێت لە بابەتی نێوان هەولێر و بەغداوە بگۆڕدرێن بۆ بابەتی نێوان حیزبە کوردییەکان و بەغدا. ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی توانای کورد کەم بکاتەوە. بەڵام ئەگەر هەڵوێستێکی هاوبەش لەسەر بابەتە بنەڕەتییەکان هەبێت، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتیمانیی کوردی بێت، نەک تەنها پرۆژەی حیزبێک.

ناوچەکەش پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ هەیە
کوردستان نابێت تەنها لە چوارچێوەی سنووری هەرێمی کوردستاندا سەیری ڕووداوەکان بکات، هەر گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران، هەر ئاڵۆزییەک لە سوریا، هەر گۆڕانکارییەک لە ئاسایشی عێراق، و هەر گۆڕانێک لە سیستەمی هاوسەنگیی ناوچەکە، بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری دەبێت لەسەر کوردستان.
لەبەر ئەوە، پێویستە کورد تەنها وەڵامدەرەوەی ڕووداوەکان نەبێت، بەڵکو خوێنەرەوەی ڕووداوەکان بێت. هەروەک سەرۆک بارزانی خوێندنەوەی بۆ ئایندە کردووە، دەبێت بەهەند وەریبگرین. ئەمەش پێویستە دامەزراوە توێژینەوەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، چونکە ئەم تێروانینانەی سەرۆک بارزانی لە ئەزموونی زیاتر لە نیو سەدە سەرچاوە دەگرن، کە سەرۆک بارزانی بەشێک بووە و ڕۆڵی سەرەکی لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان و ڕووداوەکانی عێراق.
لە قۆناغێکدا کە عێراق دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان دەچێتە قۆناغی نوێی ئاسایشی، و پێشمەرگە دەبێت ڕۆڵێکی گرنگتر لە بەرگریی ناوخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکاندا هەبێت، کورد ناتوانێت بە هەڵوێستی کاتی مامەڵە بکات. پێویستە بۆ هەر ئەگەرێکی سیاسی و ئەمنی و ناوچەیی، تێروانینێکی هەبێت، بۆ هەر سناریۆیەک، هەڵوێستێکی هەبێت، و بۆ هەر هەڵوێستێک، میکانیزمی جێبەجێکردنێکی هەبێت.
ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کەوا کورد دەبێت خۆی لەگەڵ هیچ لایەنێکی دەرەکی یان ناوچەیی ببەستێتەوە. بە پێچەوانەوە، پێویستە بنەمای سیاسەتی کورد بەرژەوەندیی کوردستان، سەقامگیریی عێراق، پابەندبوون بە دەستوور و ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت.
ئەمە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی کورد نەبێتە بەشێک لە کێشەی ناوچەکە، بەڵکو ببێتە بەشێک لە چارەسەر، هەر وەک ئێستا.

کورد دەبێت پێش ڕووداوەکان بیر بکاتەوە
مێژوو زۆرجار ئەوەی فێر کردووین کە هەموو دەرفەتێک بە دوای خۆیدا مەترسییەک دێنێت، و هەموو مەترسییەکیش دەکرێت دەرفەتێکی سیاسی لە دوا بێت.
بەڵام ئەو نەتەوەیەی دەتوانێت پێش ڕووداوەکان بیر بکاتەوە، لە کاتی ڕووداوەکاندا کەمتر تووشی سەرلێشێواوی دەبێت. کورد پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە، نەک بۆ ئەوەی جیاوازییە سیاسییەکان بسڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی جیاوازییەکان نەبنە هۆی لەدەستدانی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان.
کاتێک عێراق دەگۆڕێت، کوردستان نابێت تەنها چاودێریی گۆڕانکارییەکان بکات. کاتێک ناوچەکە دەگۆڕێت، کورد نابێت تەنها چاوەڕێی ئەوە بێت کە لایەنەکانی تر بڕیار بدەن. کورد دەبێت لەسەر ئەوەی چی دەیەوێت، چی پەسەند دەکات و چی ڕەت دەکاتەوە، پێشتر هەڵوێستی خۆی دیاری کردبێت و لەسەر ئەو بنەمایانە بڕیاری خۆی بدات.
چونکە لە سیاسەتدا، تەنها ئەوە گرنگ نییە کە کێ زووتر هەواڵ دەبیستێت، بەڵکو ئەوە گرنگە کێ زووتر ڕووداوەکە دەخوێنێتەوە و هەڵوێستی خۆی بۆی ئامادە دەکات.

ئەوەیە ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ لەبەردەم هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکانە:
لە کاتی جیاوازیی بۆچووندا جیاواز بن، بەڵام لە کاتی بڕیارە نیشتیمانییەکاندا، کورد دەبێت هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت.