رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی: بڕواتان بە خۆتان و دۆزەکەتان هەبێت..

د. سالار عوسمان
لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران، سەرۆک بارزانی لە وتارێکدا، وەک هەمیشە باسی کورد، بوون، شکۆ و شانازی و ئاییندەی کوردستانی کرد و لەو گێڵگەیەوە ئاخفی، کە هەمیشە بۆ کورد ڕووناکی و بۆ ناحەزان تاریکییە، گێڵگەی بڕوا، ئومێد و ئاییندە، کە دەبێ کورد بڕوای بە خۆی و دۆزەکەی پتەو بێت و، بە ئومێدەوە سەیری بەیانی بکات.
هەر جار سەرۆک بارزانی دەبینین، هێز و هەوێن، شیان و ڤیانی پترمان پێ دەبەخشێت و چیڕۆکی ئەودیو تونێڵی خەونەکانی نەتەوەیەکی چێڕۆکدار دەکا بە ڕووناکی ڕێگا.
جگە لە هەموو ئەمانە، سەرۆک بارزانی باسی ئەوەی کرد، کە دەبێ قوتابیان ئەوەی فێری دەبن بیکەنە بەرچنە و کردار و بیخەنە خزمەت میللەت و گەورەترین سەرمایە میللەتە.
سەرۆک بارزانی هەر ڕووی لە قوتابیانی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران نەبوو، ڕووی لە هەمووان بوو، کە پێویستە ڕووناک بیر بکەنەوە و ڕووناک ئاییندەسازیی بکەن و بەردەوام چارەسەرمان پێ بێت، بەڵام چارەسەرێک عیززەتی کورد و کوردستان بپارێزێت.