رۆژنامەی ھەولێر

کارئاسانییەکی زۆری بۆ جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا ٨١٠ پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان بە گوژمەی ترلیۆنێک و ٥٧ ملیار دینار لەسەر داھاتی ناوخۆ جێبەجێ کراون. پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەرچەرخانێکی گەورەی لە کەرتی گەشتیاریدا دروست کردووە. دروستکردنی ڕێگەکانی دووساید و باشترکردنی کوالێتیی شەقامەکان، نەک تەنیا کات و ماندووبوونی گەشتیارانی کەم کردووەتەوە، بەڵکو بووەتە ھۆی ڕاکێشانی ژمارەیەکی بێپێشینەی گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە.

لە کەرتی ڕێگەوبانی دەرەوەی شارەکان، ١,٢٧١ پڕۆژە بە تێچووی ٥.٣٢٢ ترلیۆن دینار و بە درێژایی ٥,٩٤٠ کیلۆمەتر پلانیان بۆ دانراوە، لەم ڕێژەیە ٨١٠ پڕۆژە تەواو کراون، ھەروەھا لە ناوەوەی شارەکان ٢,٢٤٨ پڕۆژەی شەقام و پرد بە تێچووی ٢.٠٥ ترلیۆن دینار جێبەجێ کراون، ئەندازەی ھاتووچۆش بە جێگیرکردنی ٦٠ پرد، ٦٨ کیلۆمەتر پەرژینی ئاسنین و ٢١,٦٠٠ ھێمای ھاتووچۆ پەرەی پێدراوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری داوە و بە جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆر، ژێرخانی ئەم کەرتەی بەرەوپێش بردووە و بووژاندووەتەوە.
زیاتر لە ٨٠ پرۆژەی نوێی گەشتیاری بە سەرمایەی زیاتر لە ٧.٥ ملیار دۆلار جێبەجێ کراون، کە زۆرترین وەبەرھێنان لەسەر ئاستی ھەرێم لەم کەرتەدا ئەنجام دراوە و بووەتە ھۆی گەشەکردنی ژێرخانی کەرتی گەشتیاری و ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار.
ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، گەیشتووەتە زیاتر لە ٧ ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا، لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠٠٠ شوێن و بنکەی جۆراوجۆری گەشتیاری لە سەرانسەری ھەرێم ئامادەن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە نزیکەی ٨٠%ـی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر لەخۆدەگرێت، ئێستا بە قۆناخێکی زێڕینی گەشەسەندنی گەشتیاریدا تێپەڕ دەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، پەرەپێدانی ڕێگەوبانەکانی ناوچەکەی کردووەتە لە پێشینەی کارەکانی، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسوودەیی گەشتیاران دروست کردووە.
گەشتیاران باس لەوە دەکەن جاران ھاتووچۆکردن بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بەھۆی تەسکی ڕێگەوبانەکانەوە ئەرکێکی قورس بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، بەھۆی ڕێگەی دووسایدەوە بە دوو کاتژمێر و نیو و بەوپەڕی ئاسوودەییەوە دەگەینە ناوچە گەشتیارییەکان.
ھاوکات جەخت لەوە دەکەنەوە، گۆڕینی ڕێگەکان بۆ دووساید، مەترسییەکانی پێکدادانی کەم کردووەتەوە و جووڵەی گەشتیارانی خێراتر کردووە، تەنانەت گەشتیارانی دەرەوەی وڵاتیش سەرسامیی خۆیان بە ئاستی ئاوەدانیی ناوچەکە دەربڕیوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، توانیویەتی زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر ڕێگەی دووساید لە ناوچە ھەرە ھەستیار و گەشتیارییەکانی سۆران جێبەجێ بکات، ئەم پڕۆژانە بوونەتە ھۆی ئەوەی کە تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا، ھەزاران گەشتیار ڕوو لە ناوچەکە بکەن، جەنجاڵییەکی ئەوتۆ دروست نەبێت و کاسبکارانی ناوچەکەش سوودێکی زۆری دارایی لەم جووڵە گەشتیارییە وەربگرن.
دروستکردنی ڕێگەی باشتر تەنیا خزمەت بە گەشتیاران ناکات، بەڵکو وەک شادەماری ئابووریی ئیدارەی سۆران تەماشا دەکرێت، کە تێیدا سرووشتی ناوازە و ئاسانکاریی ھاتووچۆ پێکەوە بوونەتە ھۆی ئەوەی سۆران ببێتە جەمسەرێکی سەرەکیی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە. بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری، دەڵێن، لە کابینەی نۆیەم یەکێک لە سێکتەرە سەرەکییەکان سێکتەری گەشتوگوزار بووە، ئەمەش وای کردووە لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم زیاتر ڕەنگ بداتەوە و جۆرێک لە بەرپرسیاریەتیش بەسەر دامەزاراوەکان دابەش بکات، ھەوڵدەدەین سێکتەری گەشتوگوزار ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات و ببێت بە ڕەھەندێکی نیشتمانی بۆ ئەوەی گەشتوگوزار پێش بخەین، ئەمە وای کرد گەشتوگوزار وەک سەرچاوەیەکی گرنگ پشتی پێبەستین، لەسەر ئەم بنەمایە بەرنامەی گەشتوگوزاریمان لەبارەی سێکتەرە جیاوازەکان داناوە، لەبارەی بە بازاڕکردنی کەرتی گەشتگوزاریش لە ڕووی میدیایی و بەستنەوەی کەرتەکە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پێشانگە نێودوڵەتییەکان بۆ نمایشکردنی کار و چالاکییەکانمان کاری باشمان کردووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، بە گوژمەی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینار، ١٤٤٢ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کردووە. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، پڕۆژەکان سێکتەرە جیاوازەکانیان گرتووەتەوە لەوانە ١٠٩٤ پڕۆژەیان تەواوبوونە و ٣٤٨ پڕۆژەش لە قۆناغی کارکردندان، کە دابەشبوون بەسەر ٥٨٦ پڕۆژەی ڕێگەوبان، ٢٣٤ پڕۆژەی بیناسازی، ٢٤٠ پڕۆژەی ئاو، ٢٣٣ پڕۆژەی کارەبا و ١٤٩ پڕۆژەی کەرتی خۆجێیەتی، لەگەڵ دروستکردنی زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر شەقام.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تیشکی خستەسەر گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکە کە بە کۆی گوژمەی ٣٦٠ ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، لەوانەش پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک-خەلیفان بە گوژمەی ٨١ ملیار دینار، پڕۆژەی بەرزەپرد بە گوژمەی ٣٢ ملیار دینار، پڕۆژەی ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران، شەقامی ٤٠ مەتری و دووسایدی ٢٥ مەتری پیشەسازی کۆن، کە بوونەتە ھۆی گەشەسەندن و فراوانبوونی بەرچاوی ناوچەکە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیدا، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی بە ستانداردێکی جیھانی و بە گوژمەی ٣٧ ملیار دینار جێبەجێ کرد، کە گرنگییەکی ستراتیژی بۆ کەرتی بازرگانی و گەشتیاری ھەیە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، تەواوی ھەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ژێرخانی ڕێگەوبانەکانی ھەرێم لەگەڵ ستانداردە جیھانییەکان بگونجێنێت، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەرتی بازرگانی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانە، ئەم دووسایدە ڕێگەی سەرەکی نێوان ھەولێر و ورمێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پێشتر پانییەکەی تەنیا ٨ مەتر بوو، بەڵام ئێستا کراوە بە دووساید بە پانی ٢٥ مەتر و درێژی ٢.٥ کیلۆمەتر.
ئەم پڕۆژەیە کە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ کراوە، چەندین خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە، تۆڕی ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاوی خواردنەوە، سیستەمی ڕووناککەرەوە، ھێڵی خزمەتگوزاری، شوێنی وەستانی کاتی و ھێماکانی ھاتووچۆ.
ھەروەھا بۆ پاراستنی ژینگە و جوانیی ناوچەکە، زیاتر لە ١٠٠٠ دار لە ھەردوو لای ڕێگەکە چێندراون و ١٧٠ کورسی دانیشتن و ١٧٠ سەڵی خۆڵ دانراون، جگە لەوەش دیوارێکی ڕاگر بە درێژی ٣٩٠ مەتر بۆ پاراستنی ڕێگەکە دروستکراوە.
شۆفێران دەڵێن، پێشتر ڕێگەکە زۆر خراپ بوو، پڕ بوو لە چاڵ و چۆڵی و تاسە، ماندووبوونێکی زۆری بۆ ئێمە دروست دەکرد، بەڵام ئێستا ڕێگەکە زۆر باش بووە و ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، جووتیارانی ناوچەکە سوودمەندی سەرەکین لە چاککردنی ڕێگەوبانەکان، دەستخۆشی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، پێشتر بەھۆی خراپی ڕێگەوبانەکان، گواستنەوەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانمان زۆر زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا بەھۆی دووسایدکردنی ڕێگەکان و دروستکردنی پرد و تونێلەکان، بەرھەمەکانمان بە زووترین کات و بە کەمترین تێچوو دەگەیەنینە بازاڕەکان.