دیمانە: ئارام كۆشكی – سلێمانی
ڕەنجدەر جەبار؛ یەکێکە لەو وەرگێڕانە ماوەی چەند ساڵێکە کار لەسەر وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەرانی عەرەب دەکات و لەو نێوانەشدا تا هەنووکە 10 کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە. ئەم وەرگێڕە بەوە ناسراوە کە کاری کەم و دەقی ناوازە بۆ زمانی کوردی دەگوازێتەوە و زۆرترین بەرهەمیش کە وەریگێڕابێت بەرهەمەکانی موحسین ئەلڕەملی-یە، کە ڕۆماننووسێکی عێراقییە و ئێستا لە ئیسپانیا دەژی و تا ئێستا ئەم بەرهەمانی ئەم نووسەرە عێراقییە تاراوگەنشینەی وەرگێڕاوە “وردوخاشی پەرتەوازە، منداڵ و پێڵاوەکان، خورمای سەر پەنجەکان، باخچەکانی سەرۆک، دوایین دێهاتی”، بۆ ئاگاداربوون لە دیدگاکانی ئەم وەرگێڕە سەبارەت بە وەرگێڕان ئەم دیدارەکان بە پێویست زانی.
* ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی نووسەری عێراقی موحسن ئەڵڕەمی-ن هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم نووسەرە عێراقییە چییە؟
وەڵام: یەکەمین کاری موحسین ئەلڕەملی، کە خوێندمەوە (باخچەکانی سەرۆک) بوو. ئەم ڕۆمانە هێندە لە هەست و تێڕوانینەکانمەوە نزیک بوو، حەزم دەکرد خۆم نووسەری بوومایە، ئەوە نەکرێت، وەرگێڕی بوومایە، کاری تایپ، یان هەڵەبڕیم بۆ بکردایە، هیچ یەکێک لەوانە نەبوایە، خۆم بەسەر کتێبخانەکاندا دابەشم بکردایە. بە جۆرێک لە جۆرەکان بچووکترین ڕۆڵم لە گەیاندنی ئەم ڕۆمانە بە خوێنەران هەبوایە. خۆشبەختانە شەرەفی وەرگێڕانیم بەرکەوت. دواتر کاتێک هەموو ڕۆمانەکانیم خوێندەوە، کە تا ئەو کاتە چاپ کرابوون، هەستم کرد (وردوخاشی پەرتەوازە) ئەو ڕۆمانەی ڕەملییە، کە مافی خۆی وەرنەگرتووە و یەکێک لە دەستە خوشکەکەی (باخچەکانی سەرۆک)، سێبەرێکی هێندە فراوانی بەسەریدا کێشاوە، ئەم یەکەمین ڕۆمانە بچووکەی شاردووەتەوە. لە دوای ئەویش دوو ڕۆمانی دیکە و کۆمەڵە چیرۆکێک، کە نوێترین بەرهەمی نووسەر و نوێترین وەرگێڕانی منە، لە ڕووی پڵۆت، تەکنیک، کارەکتەرسازی، شوێن، سکێچی کات و نزیکبوونی لە ڕۆحی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، ئاستێکی بەرزی هونەرییان هەیە. هەروەها نووسەر بە شێوازی ئاسانی سەختگیر دەنووسێت، کە کارەکانی زوو دەچنە دڵی خوێنەرەوە و بە زمانێکی سادە دەتوانێت دەربڕی قووڵترین ئەندێشە و ئازار و ڕەهەندە دەروونییەکانی مرۆڤ بێت. نووسەر زۆربەی کەشی ڕۆمان و چیرۆکەکانی لە گوندەکەی خۆیەوە وەردەگرێت و زۆر ڕووداو و کارەکتەرەکانی لە کەسانی ڕاستەقینەوە بەرجەستە دەکات، بە ئەندازەیەک هەندێکجار ناوەکانیش وەک خۆیان دەگوێزێتەوە و لە چوارچێوەیەکی هونەری وەهادا ڕێکیان دەخات، خەیاڵ و ڕاستی ئاوێزانی یەکتر دەبن، دەتوانم بڵێم کۆی ئەمانە هاندەربوون بۆ ئیشکردن لەسەر بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە.
* لە پڕۆسەی وەرگێڕاندا چ ئاستەنگێک ڕووبەڕووتان بوویەوە؟
وەڵام: ئاستەنگەکانی وەرگێڕان جۆراوجۆر و بە پێی جۆری کار و ئەزموون دەگۆڕێت. لە سەرەتادا بە هۆی کەمئەزموونیم لە بواری وەرگێڕان، زیاتر کێشەی داڕشتنەوەی دەقەکانم هەبوو، چۆن دەقێک لە زمانی دووەم داڕێژمەوە دوور بێت لە وەرگێڕانی وشە بەوشە. دواتر پاش ئەوەی کەمێک دەست و پەنجەم لەگەڵ ئەم کارە نەرم بوو، بەشێک لەو کێشانە لە بەردەمم ئاسان بوون، بەڵام هەستم کرد کۆمەڵێک کێشەی دیکە هەن، پێشتر پەیم پێ نەبردبوون؛ ئەوانیش چۆن کارێک بکەم وەرگێڕانەکانم هاوکێشی دەقی زمانی یەکەم بن، یان وەرگێڕانێکی ئازاد و ڕۆحی دەقی سەرەتا لە زمانی دووەمدا بتوێنمەوە. دواتر وەک لە تیۆرییەکانی ئەمبرتۆ ئیکۆ تێگەیشتم، کە وەرگێڕان گواستنەوەی دەق نییە لە زمانێک بۆ یەکێکی تر، بەڵکو نزیکبوونەوەیە لە دەق؛ یان وەک مامۆستا حەمەکەریم عارف دەڵێت: زمانی یەکەم خۆی بەدەستەوە نادات و زمانی دووەمیش دەرگا واڵا ناکات. ئێستا کێشەکان بەو جۆرە دەبینم، بەپێی ئەم تێڕوانینە چۆن زمانی دووەم بگەیەنم بە جێگایەک نزیکترین خاڵ بێت لە زمانی یەکەم، بەڵام بۆن و برامەی خۆی لەدەست نەدات.
*هەموو وەرگێڕێک کاتێک کتێبێک وەردەگێڕێت ئامانجێکی هەیە، لای ئێوە ئامانجی وەرگێڕان بە گشتی و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەڵڕەمی چییە؟
وەڵام: سەبارەت بە خۆم، کە تا ئێستا لە کایەی ئەدەبیاتدا وەرگێڕانم کردووە، مەرج نییە ئەو کتێبانەی وەرمگێڕاون باشترینەکان بن. کتێبی دیکەم خوێندوونەتەوە دەکرێ باشتر و گرنگتر بن. کاتێک بڕیار لە وەرگێڕانی بەرهەمێک دەدەم، دیارە بەجۆرێک کاریگەری لەسەر داناوم، کتێبێکی تر بەو ئەندازەیە نەیکردووە. هەر ئەمەش هۆکاری ئیشکردنم بووە لەسەر زۆربەی ئیشەکانی موحسین ئەلرەملی. لە لایەکی دی لە ڕووی پەیوەندی کەسییەوە، کارکردن لەگەڵ موحسین لە هەندێک نووسەری تر ئاسانترە. تا ئێستا ئەو کارانەی کردوومن بە کوردی، داوای مافی خاوەندارێتی نەکردووە، بەتایبەت بۆ زمانی کوردی، لە کاتێکدا ئاگادارم بۆ زمانی دیکە ئامادە نەبووە بێبەرامبەر ئەو مافە بدات. ئەمەش بۆ قایلکردنی دەزگایەک بۆ چاپکردن، ئاسانکاری دەکات، کە بەگشتی بازاڕ و بازاڕگەری کتێب لە کوردستان لە باشترین و سەرنجڕاکێشترین سێکتەرە بازرگانییەکان نییە. بەگشتی لای من ئامانج لە وەرگێڕان ئاشناکردنی هاوزمانەکانمە بەو بەرهەمانەی بۆ من گرنگ بوون و بۆ کتێبخانەی کوردی بە گرنگیان دەزانم. ئەگەر کەمێک توانام بەسەر زمانێکدا هەبێت، پێم خۆشە لەم بوارەدا هاوشانی وەرگێڕە بەڕێزەکانی دیکە خزمەتی زمان و کولتووری خۆمی پێ بکەم. هیوادارم بە دروستی ئەو کارەم کردبێت!
* ئاستەنگی وەرگێڕان لەم سەردەمی هەژموونی (ئەی ئای)دا چۆن دەبینن؟ ئایا پێتوایە وەرگێڕانی ئەدەبیات جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێت؟
وەڵام: هەرکەسێک هەژموونی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد نادیدە بگرێت و سەرسەختی لەگەڵ بکات، لە کاروان جێدەمێنێت. جیاوازی دەقی ئەدەبی، بە هەموو ژانرەکانییەوە لەگەڵ دەقێکی دیکە، دەربڕینی هەستێکی مرۆییە، زمانێکی ئاسایی، یان دەقێکی ئاسایی ناتوانێت تینوێتی ئەو هەستە بشکێنێت. لە پرۆسەی وەرگێڕانیشدا گواستنەوەی ئەم هەستە جۆرە هونەرمەندییەکی پێویستە، هەستێکی وای هەبێت لە هەمان ئاستی نووسەری دەقی یەکەم، بگرە هەندێک دەستەواژە و هەندێک دەربڕین، ئەگەر لە زمانی یەکەمدا بەسادەیی هاتبنە گۆ، لە زمانی دووەمدا پێویستی بە وەستاییەکی باش هەیە بۆ ئەوەی ئاستی ئەدەبیی دەق بپارێزێت. نازانم لە ئێستادا زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت بە هەستێکی مرۆیی، یان بە هەستێکی هونەرمەندانە ئیش بکات، یان لە داهاتوودا دەتوانێت ئەوە بکات؟! هەندێک هەوڵ دەبینم، بەڵام ئەنجامەکەیانم نەبینیووە، دەبێت چاوەڕێ بین.
*ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی بەرهەمی چ نووسەرێکن؟
وەڵام: لە ئێستادا چەند بژاردەیەکم لە بەردەستە لە بەرهەمی هەریەکە لە نووسەران: فواد ئەلتەکەرلی، زەید عومران، عەلی لەفتە سەعید، ئەحمەد سەعداوی و سعود ئەلسنعوسی. هێشتا لەسەر یەکێکیان یەکلا نەبوومەتەوە، بەڵام کاروانی وەرگێڕان بەردەوامە و زۆر خوێنەران لە چاوەڕوانیدا ناهێڵمەوە.

