رۆژنامەی ھەولێر

دەستەڵات و بەڕێوەبردنی سامان

فازڵ میرانی

بەشی دووەم

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا و تا ئێستاش، ناوەندی نوێی دارایی سەر هەڵدەدەن کە پەیوەستن بە ناوەندە سیاسییەکانەوە، زۆرێک لەم ناوەندە دارایی و سیاسییانەش لە هەردوو بواردا تازەپێگەیشتوون. ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ــ کە ئەمەش کارێکی لۆژیکییە ــ کە گۆڕانکاریی سیاسی و سەرنەکەوتنی زۆرێک لە سیاسییەکان لە هێورکردنەوەی کەشی وڵات یان پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی عاقڵانە لە بەڕێوەبردندا، بووبێتە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسیی نوێ، بەڵام کۆکردنەوە و دروستبوونی سامان بەو خێراییە نییە کە پارت و حزبی پێ دروست دەبێت؛ مەگەر لە حاڵەتێکدا کە سەرچاوەکەی جێی گومان بێت. بۆ ئەمەش، کافییە چاوێک بە تۆمار و داتا داراییەکانی پێشووی خودان سامانە نوێیەکاندا بخشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە جەوهەری و فەرامۆشکراوە بورووژێنرێت: سەرچاوەی ئەم سامانە کوێیە؟
لەگەڵ لۆژیکی دروستدا ناگونجێت کە ناوەندەکانی کەڵەکەکردنی سامان بەم قەبارە و بەم شێوازەی دابەشبوونە گەشە بکەن، وەک ئەوەی ڕوویداوە و ئێستاش ڕوودەدات؛ لە کاتێکدا دەزگاکانی چاودێری، دادوەری و دەستپاکی، بەشێک لەو دۆسیانە دەخەنەڕوو کە تێیدا دەردەکەوێت پارەیەکی یەکجار زۆری حکوومی و فەرمی (بە شێوەی نەختینەیی و نانەختینەیی) بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی جوڵێنراون. مەبەستی ئەم بابەتەی بۆ گفتوگۆ خراوەتەڕوو ئەمە نییە، بەڵکو مەبەستەکە ناوەڕۆکی داهاتووی سیستەمەکە و چۆنیەتیی بیرکردنەوە و مامەڵەکردنیەتی لەگەڵ پرسەکانی بەڕێوەبردن، سیاسەت و یاساداناندا، ئەمەش دوای ئەوەی وەرچەرخانێک لە ناوەڕۆکی ئەرک و پۆستی گشتیدا ڕوویداوە؛ بە شێوەیەک کە لە هزرێکی بەڕێوەبەری سەرچاوەکانەوە، گۆڕاوە بۆ هاوبەشێک یان باڵادەستێک بەسەر ئاڕاستەکردنی زۆربەی سەرچاوەکان بەرەو دەرەوەی ڕێڕەوە ئاساییەکەی خۆیان، ئەو ڕێڕەوەی کە پێشتر سووڕێکی دارایی بوو بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ئەو سامانانەی کە موڵکی سەرجەم خەڵکن.
هەر بیرکردنەوە و پلاندانانێکی گەشەپێدان کە دەچێتە چوارچێوەی ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتەوە، دەکرێت لە ڕێگەی دامەزراوەکانییەوە یان بە هەماهەنگی نێوان لایەنی دەرەکی و دەسەڵات ئەنجام بدرێت؛ بە شێوەیەک کە سەرەتا دەستەبەری بەدیهاتنی ئەو کارە بکات کە مەبەست لێی بەردەوامبوونی خزمەتگوزاریی دامەزراوەیەک یان پەرەپێدانی، یان دروستکردنی دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری نوێیە. تەنانەت لە بواری
وەبەرهێنانیشدا، پێویستە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستیان هەبێت
بەرامبەر بەو پارەیەی کە دێتە ناو وڵاتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی پێ بکرێت و بزانرێت بە چ ئاڕاستەیەکدا دەچێت، چونکە نموونەیەک نییە کە هەموو کۆمەڵگەیەک بۆ هەموو جۆرە وەبەرهێنانێک گونجاو بێت. لەگەڵ ئەمانەشدا، پایەیەکی سەرەکی لە تەواوی ئەم پرۆسانەدا دەمێنێتەوە، کە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە.
لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتدا، ڕەنگە خاڵە هەرە کوشندەکە حەشار درابێت، چونکە ئەم دەستەواژەیە مانایەکی ڕاستەقینە لەخۆدەگرێت کە کۆکەرەوەی نێوان سەلاحیەتی (دەسەڵات)، پێگەی یاسایی، ئەو ڕێگریانەیە کە پێویستیی پاراستنی ئامانجەکە و ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی دەگرێتەوە، کە یەکێکیان قازانجکردن و دەستکەوتی شەخسییە بەهۆی پۆست و فەرمانەکەوە. دەی چۆن دەبێت ئەگەر عەقڵییەتێک بگاتە دەسەڵات کە بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ سەرمایەی دەوڵەتدا بکات وەک ئەوەی موڵکی تایبەتی خۆی بێت و تەنیا خۆی قازانجی لێ بکات، لە کاتێکدا ئەستۆپاکی و دەستگرتنی بەسەر سامانی دەوڵەتدا، نە لەسەر بنەمای ئەمانەت بێت و نە لەسەر بنەمای گەرەنتی و بەرپرسیارێتی!؟
جگە لەو پاداشتە هاندەرانەی کە هەندێک لە سیستەمە کارگێڕییەکان بڕیاری لێ دەدەن، هیچ کاتێک ڕووی نەداوە دەسەڵاتێکی ڕێزدار ڕایبگەیەنێت کە دەستگرتنی بەسەر سامانەکان و پلاندانان بۆ داهاتوویان، دەستی خاوەنێکی شەخسییە. لە نموونەی عێراقیشدا، سەرجەم تاکەکانی گەل لە خەزێنەی سامانەکانی خۆیان قەرەبوویان بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان داوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتییەی کە هاوشێوەی بەرپرسیارێتیی گەرەنتی (الضمان)ـە لە کەفالەتدا، کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر سامانی ئەو لایەنەی بەڵێنی کەفالەتەکەی داوە (کە دەبوو دەسەڵات بێت)؛ بەڵام ئەو پارانەی کە دەسەڵات کۆنترۆڵی دەکات پارەی گەلە، کە ڕەنگە زۆربەی تاکەکانی چۆنیەتیی لێپرسینەوە لەوانە نەزانن کە سامانەکانیان بەفیڕۆ دەدەن.
من ئەم نموونەیەم و عەقڵییەتی حوکمڕانیی پێشووم هێنایەوە ــ لەگەڵ هەموو ئەو تێبینییانەی لەسەر قازانج و سوودمەندبوونی هەبوو ــ چونکە لە چوارچێوەی تۆڕێکدا بوو کە زۆر بچووکتر و کەم-دەستبەسەرداگرتر بوو بەراورد بەوەی کە دواتر هات.
دەی ئەنجامەکان چۆن دەبن لەگەڵ سەرهەڵدانی عەقڵییەتێکدا کە هەر بەرگێکی گونجاو بێت دەیپۆشێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە بریتییە لە قازانجکردن؛ قازانجکردن لە ڕێگەی سامانی دەوڵەتەوە لە دەرەوەی ڕێڕەوە ڕێگەپێدراوەکان، جا چ لە ڕێگەی دەسەڵاتپێدانی فەرمی بێت یان بێدەنگبوون لە کەمکوڕی و کەلێنەکانی یاسایەک کە چاکسازیی تێدا ناکرێتەوە؟
من دەمەوێت بگەمە ئامانجی ئەو بابەتەی کە بۆ هۆشداریدان لێی نووسیومە: ڕێگە مەدەن بە فرۆشتن یان گۆڕینی سامانی دەوڵەت بۆ سامانی شەخسی؛ ئێوە ئەزموونی دەوڵەتێک دووبارە دەکەنەوە کە پێشەنگ بوو لە گەشەکردندا، بەڵام سەرەنجام بەرەو لاوازی چوو؛ لاوازییەکی دەرەکی کە بە پلەی یەکەم سەرچاوەی لە لاوازیی ناوخۆییەوە گرتبوو، لەو ڕۆژەی کە سنوورەکانی نێوان سەرمایەی دەوڵەت و سەرمایەی ڕاوچیانی سامان هەڵگیران، لەو ڕۆژەوەی کە فەرمانبەر تێوەگلا و بوو بە
بازرگانێک بە پارەی دەوڵەتەوە بەبێ مۆڵەت و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی، کە ئەگەر زیانێکیش بکەوتایەتەوە، لە گیرفانی ئەو نەدەڕۆیشت.
پێداچوونەوە بەو چوارچێو یاساییانەی کە کات و دۆخی سەپاندنی سزا بەسەر یاریپێکەرانی سامانی نیشتمانیدا ڕێکدەخەن، ئەوە دەردەخات کە بڕی پێبژاردن (غەرامە) لەو سزایانەی سەرپشکن لە نێوان زیندانیکردن و غەرامەدا (یان یەکێکیان)، بەهۆی داڕمانی بەهای دراوەوە گەیشتوونەتە ئاستێک کە چیتر وەک پێبژاردن هەژمار ناکرێن، مەگەر تەنیا لەو ڕووەوە کە چووەتە نێو دۆسیەی تاوانباریی خاوەنەکەیەوە.
هەروەها واقیعی کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە کە خەریکە کۆمەڵگە دابەشی سەر دوو چینی زۆر لێکدوور دەکات؛ چینێک کە هەموو شتێکی بۆ فەراهەم کراوە، چینێکی دیکە کە کەمترین شت یان هیچ شتێکی بەدەستەوە نییە. ئەگەر چاوێک بە دوو ڕاپۆرتی نوێی نێودەوڵەتیدا بخشێننەوە کە لەسەر ڕێژەی برسیێتی و نەزانین دەرچوون، ژمارەگەلێک دەبینن کە تەنیا گوزارشت لە کەمتەرخەمیی ئەو لایەنە ناکەن کە دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو شاهیدی بەردەوامبوون دەبن لەسەر دووبارەکردنەوەی ئەو کارانەی کە لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا ژمارەی نەخوێندەوار و برسییەکان زیاتر دەکەن.
ئێمە تێدەگەین بۆچی جاروبار بێدەنگی لە ئاستی سەرپێچییەکان بەرامبەر بە وڵاتەکەمان دەکرێت، جارێکی تریش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت؛ چونکە ئەمە بەپێی دەسەڵات و هێزی لایەنی سەرپێچیکارەکەیە، بەڵام ئەم دۆخە نەدەگەیشتە ئەم ئاستە بەرزە و لە بنەڕەتیشەوە ڕووی نەدەدا، ئەگەر دزەکردنی ئەو عەقڵییەتە خاوەن ئەجێندایانە نەبووایە کە ئەگەر بەردەوام بن، کار بۆ گواستنەوەی ئەوەی ماوەتەوە لە سامانەکانمان بۆ سەر حیسابی تایبەتی خۆیان دەکەن.