رۆژنامەی ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان: ڕێکارەکان زۆر توند کراون ناتوانرێت گزی لە تاقیکردنەوەکاندا بکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی “خولی یەکەم” لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن و ١١٧١٤٢ قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی پەروەردە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە و ھاوئاھەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە ١١٧١٤٢ قوتابی لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن، ١٩٤٠٣ مامۆستا و فەرمانبەر وەک دەستەی کارگێڕی ھۆڵەکان دیاریکراون، کە پێکھاتوون لە ١٢٠١٨ چاودێر، ٢٠٠٣ بەڕێوەبەری ھۆڵ، ٢٠٠٣ یاریدەدەری بەڕێوەبەر، ١٣٧٦ سەرپەرشتیار و ٢٠٠٣ کارمەندی خزمەتگوزار.
دابەشبوونی قوتابییان و ھۆڵەکان بەپێی ناوچەکان بەم شێوەیە: ھەولێر، ٣٨٠٦٣ قوتابی لە ٦٦٥ ھۆڵ، دھۆک، ٢٧٢٦٦ قوتابی لە ٤٧٧ ھۆڵ، سلێمانی ٢٦٥٦٣ قوتابی لە ٤٠٢ ھۆڵ، ھەڵەبجە ١٥٩٠ قوتابی لە ٣٨ ھۆڵ، ئیدارەی زاخۆ، ٦ ٩١٨ قوتابی لە ١١٢ ھۆڵ، ئیدارەی سۆران، ٦،٣٩٨ قوتابی لە ١٢٢ ھۆڵ، ئیدارەی گەرمیان، ٥٣٥٦ قوتابی لە ٩٢ ھۆڵ، ئیدارەی ڕاپەڕین ٤٩٨٨ قوتابی لە ٩٥ ھۆڵ.
قوتابییانی بەشداربوو بەسەر سێ لقدا دابەشبوون کە پێکھاتوون لە ٨٨١١٦ قوتابی زانستی، ٢٦٤٣١ لە وێژەیی و ٢٥٩٥ قوتابیش لە پیشەیی.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ھاوئاھەنگی تەواومان لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ، کارەبا و گواستنەوە و گەیاندن کردووە بۆ ئەوەی ھاوکارمان بن، ھەریەکەیان لە بواری خۆیاندا.
لەبارەی پاراستنی پرسیارەکان و ڕێگری لە سەرپێچی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، گوتیشی: ھاوئاھەنگی تەواومان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ھەیە بۆ ئەوەی لە کاتی گواستنەوەیاندا دزەیان پێ نەکرێت، ھەروەھا خشتەی تاقیکردنەوەکانمان داوەتە وەزارەتی کارەبا بۆ ئەوەی لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا کارەبا ھەبێت.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئاماژەی بە بڕینی ئینتەرنێت کرد و ڕاگەیاند، لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا ھێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی کاتی دەپچڕێت، ئەم ساڵ ھەوڵەکانمان بە تەواوی چڕکردووەتەوە و ڕێکارەکان زۆر توند کراون، ناتوانرێت گزی “غەش” بکرێت و ھەر کەسێک ئەو کارە بکات بە زووترین کات ئاشکرا دەکرێت.
شایانی باسە تاقیکردنەوەکان لە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەستپێدەکەن و تاوەکو ٨ـی تەممووزی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبن.