ڕائیب جادر – هەولێر
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێم پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی لە جووتیاران دەستپێکرد و ١٣ سایلۆ بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کراون. بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، بە ھەموو سایلۆ و ئەو شوێنانەی گەنم عەمبار دەکەن توانای ملیۆنێک تۆن گەنمان ھەیە. دەشڵێ: چەند کۆمپانیایەک گەنمی جووتیاران دەکڕنەوە.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە، ٢٩٢ تۆن گەنم لە ناو پلان و ١٠٨ تۆنیش لە دەرەوەی پلان لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە کاتێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات بەرھەمی ئەمساڵی گەنم زیاتر لە ملیۆنێک و نیو تۆن بێت.
جووتیاران نیگەرانن
بەپێی ئامارەکان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٥ ھەزار جووتیار لەسەر ڕووبەری زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی گەنم دەچێنن و بۆ ئەمساڵیش بەھۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینەوە پێشبینی دەکرێت بەرھەمێکی یەکجار زۆری گەنم بەدەست بھێنرێت.
کەرتی کشتوکاڵ ژێرخانێکی ئابووری و بازرگانی و گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ھەر وڵاتێک، جووتیاران لەبەر زۆربوونی بەرھەمی ئەمساڵ خۆشحاڵن، بەڵام بەھۆی ئەو ڕێژە کەمەی کە لە ئەوان وەردەگیرێت نیگەرانن. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ھۆشداری دا لە زیانمەندبوونی جووتیاران و گوتی: نرخی وەرگرتنی گەنم لەناو پلاندا ٧٠٠ ھەزار دینارە بۆ ھەر تۆنێک، بەڵام گەنمی دەرەوەی پلان بە ٥٠٠ ھەزار دینار وەردەگیرێت، جەختیشی لەوە کردەوە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت، چونکە گەنمێکی زۆری جووتیاران دەمێنێتەوە ساغ نابێتەوە، بەمەش زەرەرمەندی یەکەم جووتیاران دەبن.
ئەو بڕە گەنمەی بەغدا لە ھەرێم وەردەگرێت کەمە و ھەوڵی زیادکردنی دەدەین
سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت ٤٠٠ ھەزار تۆنە، کە ١٥٠ ھەزار بۆ پارێزگای سلێمانی، پارێزگای ھەولێر ١٢٢ ھەزار تۆن، پارێزگای دھۆک ١١٦ ھەزار تۆن و پارێزگای ھەڵەبجەش ١١ ھەزار تۆن، ئەو بڕە گەنمەی وەردەگیرێت بۆ جووتیارانی ھەرێم کەمە.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: وەزیری بازرگانی عێراق دانی بەوەناوە ئەو بڕە گەنمەی لە جووتیارانی ھەرێم وەردەگیرێت کەمە، سەرەرای ئەوەش تاوەکو یەک مانگ لە نێو پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانین، بۆیە ھەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ زیادبوونی ئەو بڕە، بە ھەموو سایلۆ و ئەو شوێنانەی گەنم عەمبار دەکەن توانای ملیۆنێک تۆن گەنمان ھەیە.
دوای ئەوەی پرۆسەی بە بازاڕکردن تەواودەبێت حکوومەتی ھەرێم جووتیاران بەجێناھێڵێت، بەڵکو بەچڕی کار لەسەر ئەوە دەکات ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە بۆیان بە بازاڕ بکرێت، چونکە چەند کۆمپانیایەک کە گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەت ھەیە ناچارکراون کە دەبێت گەنمی جووتیاران بکڕنەوە و ھاوکات حکوومەتی ھەرێم ھاوکاری ھەموو ئەو لایەنانە دەکات کە دەیانەوێت گەنمی جووتیاران لە دەرەوەی ھەرێم بە بازاڕ بکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لەوە کرد کە حکوومەتی عێراق دەیەوێت ئەمساڵ بە کۆی گشتی ٤.٥ ملیۆن تۆن گەنم لە ھەموو عێراق وەربگرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو بڕە ٤٠٠ ھەزار تۆنەی بۆ ھەرێم دانراوە زۆر کەمە، نرخی یەک تۆن گەنم کە بەغدا دیاری کردووە ٧٠٠ ھەزار دینارە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٨٠٠ ھەزار دینار بوو، ئەمەش وای کردووە جووتیاران نیگەران بن.
لە کۆتاییدا ھاواری دڵنیایی دایە جووتیاران کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانی حکوومەتی فیدراڵ دەمێنێتەوە، لەڕێگەی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانەوە بە بازاڕ بکرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتیشی بکەن بۆ ئەوەی جووتیاران تووشی زیان نەبن.
شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردوو خەرج دەکرێن
وەزیری بازرگانیی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، دەست بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کراوە. ئاماژە بەوەش دەدات سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی گەنم پەیڕەو دەکرێت کە کۆتایی بە چاوەڕوانیی زۆری جووتیاران دەھێنێت.
مستەفا نزار، وەزیری بازرگانیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پارێزگای دھۆک ڕایگەیاند، مژدە دەدەینە جووتیارانی ئازیزی ھەرێمی کوردستان کە لەسەر بەدواداچوون و ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردوویان بۆ نێردراوە.
وەزیری بازرگانی ئاشکرای کرد، دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەستیان بە ناردنی بەشێک لەو شایستە داراییانە کردووە و گوتیشی: پشتیوان بە خودا لە ڕۆژانی داھاتوودا ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە، بەتەواوی دەنێردرێت.
سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، مستەفا نزار، ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنییان بۆ “گرتنی پێشوەختە” سەرەگرتنی ئەلیکترۆنی خستووەتە گەڕ، کە دەبێتە ھۆی ئاسانکردنی پڕۆسەی بە بازاڕکردن، بەھۆی ئەم سیستمە نوێیەوە “جووتیار ناچار نابێت چەندین ڕۆژ چاوەڕێ بکات و خەرجییەکی زۆر بکەوێتە سەرشانی.
شاندێک دەچێتە بەغدا
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و چەند پرسێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکات. ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئەم ھەفتەیە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا دەکات، شاندەکە لەبارەی چەند پرسێک لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆدەبێتەوە، دیارترینیان پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێم، ڕوونیشی کردەوە، حکوومەتی فیدراڵ بڕیاری داوە ٢٩٢ ھەزار تۆن گەنم لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی و ١٠٨ ھەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانەکە لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە کاتێکدا پێشبینی دەکەن ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم بھێنرێت.
ھیوا عەلی ئاماژەی بەوە دا، داوا لە بەغدا دەکەن بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران زیاد بکات، ئەگەر ئەو بڕە زیاد نەکات دەرگای سایلۆکان لە ناوخۆدا بۆ وەرگرتنی گەنم دەکرێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا گفتوگۆکردنە لەسەر قەدەغەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵیی ھەرێمی کوردستان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ھەروەھا کاراکردنەوەی ڕۆژمێری کشتوکاڵی و دروستکردنی چوار بەنداو تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان دەبن.

