“بۆ ئەمساڵ لەسنوری پارێزگای هەولێر زیاتر لە ( 38 هەزار) قوتابی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لە ( 649 ) هۆڵی تاقیکردنەوەدا بەشداری لە تاقیكردنەوەكاندا دەكەن”
ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.6.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی ( زانستی، وێژەیی، پیشەیی )، بەیاوەری لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندیی، سەردانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی لە قوتابخانەی هەولێری کچان کرد.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا، پارێزگار لە ڕەوشی قوتابیان و ئامادەکارییە لۆجستییەکانی کۆڵییەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوازێکی سەرکەوتوو.
پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان و کەشێکی ئارام لە تەواوی هۆڵەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ قوتابیان دابینکراون و ئاماژەی بە پلانی تۆکمەی پارێزگای هەولێر کرد کە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان لایەنە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، و فەرمانگەکانی کارەبا و تەندروستی داڕێژراوە، بە مەبەستی ڕێگری لە هەر گرفتێکی تەکنیکی یان تەندروستی، و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرجەم قوتابیان خواست، گوتیشی، پڕۆسەی خوێندن لە هەولێری پایتەخت، بە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان لە ئاستێکی باش دایە و ئومیدی خواست لە داهاتوودا زیاتریش بەرەوپێش بڕوات.
جێگەی باسە، بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2025-2026، لەسنوری پارێزگای هەولێر ( 38 هەزار و 88 قوتابی ) لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لەنێو ( 649 ) هۆڵی تاقیکردنەوەدا بەشدارن لە تاقیكردنەوەكاندا، بۆ ئەمساڵیش پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بەپێی پلانێکی پێشوەختەی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێک کە زامنی پاراستنی هاوسەنگی، دادپەروەری و دابینکردنی تەواوی مافەکانی قوتابیان دەکات لە سەرجەم ناوەندەکانی تاقیکردنەوەدا.

