رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (شەرقییە) باس لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار دەکات

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە شیکارییەکی قووڵی بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، جەنگی ئەمریکا و ئێران و ئاییندەی ناوچەکە خستەڕوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕایگەیاند، کە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق حوکمی وڵات ناکەن، بەڵکوو “دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکان” دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هاوکات هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر عێراق نەگەڕێتەوە سەر بنەما سەرەکییەکانی پێکەوەژیان و جێبەجێکردنی دەستوور، سیستەمی سیاسی تووشی داڕمان دەبێت.

مێژووی خەبات و فیدراڵییەت

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، خەباتی گەلی کورد گەیشتە قۆناخێکی نوێ کە تێیدا پەرلەمانی کوردستان فیدراڵیەتی پەسەند کرد وەک ئامرازێک بۆ بونیادنانی عێراقێکی نوێ، هاوکات گوتی، بەشێکی گەورەی ئاوات و خەباتی گەلی کورد بەدیهاتووە بەڵام نەک هەمووی.

سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە، کە فیدراڵیەت بە مانای دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان دێت، کەچی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی بەغدا باوەڕیان بەم پرەنسیپە نییە و تا ئێستاش کلتووری حوکمی مەرکەزی زاڵە، لەو بارەیەوە هۆشداری دا کە “حوکمی مەرکەزی پێشتر بە ئاسن، ئاگر، چەکی کیمیایی و ئەنفال تاقیکرایەوە و شکستی هێنا و ڕووخاند، بۆیە هەر دەسەڵاتێکی دیکەش پەنا بۆ هەمان شێواز ببات، چارەنووسی هەر ڕووخان دەبێت.”

پەکخستنی دەستوور و سێ بنەما سەرەکییەکە

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دوای 2003 ڕێککەوتن کرابوو عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) بونیاد بنرێتەوە و دەستووریش بەم رۆحیەتە نووسرایەوە، بەڵام لە واقیعدا پیادە نەکراوە.

گوتیشی، “ڕووبەڕووی دۆخێکی سەیر دەبینەوە، لەسەر کارنامەی حکوومەتی عێراق ڕێکدەکەوین و واژووی دەکەین، کەچی هەر کە حکوومەت پێکهات، دەستوور و ڕێککەوتنەکان فەرامۆش دەکرێن و میزاجی کەسی دەبێتە بڕیاردەر.”

ئاماژەی بەوەش کرد، دەستوور نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر وەک دادوەر و ناوبژیوان پەسەند بکرێت، کێشەکان زۆر بە سادەیی چارەسەر دەبن.

مەرجی مانەوە لە حکوومەتی عێراق و ڕێککەوتنی نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری

سەبارەت بە بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەی فیدراڵیدا، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، پارتی لە بەغدا ڕووبەڕووی “پیلانگێڕییەکی قێزەون” بووەوە لەلایەن هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێک لە سوننەکان بە مەبەستی پەراوێزخستنی، بەڵام نەیانتوانی.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند، ڕێککەوتنێکی نووسراو و فەرمی هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و هادی عامری، بە نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ کراوە. ئەم ڕێککەوتنە بنەمای بەشداریکردنی ئێمەیە لە کابینەکەدا و دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، هیچ مانایەک بۆ مانەوەمان لە حکوومەتدا نامێنێتەوە. جەختیشی کردەوە کە بێ بوونی پارتی و ڕەوتی سەدر، حوکمڕانی لە عێراق بە ئیفلیجی دەمێنێتەوە.

هاوکات سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، ئەوانەی هەوڵی پەراوێزخستنی پارتییان دا لە ئەنجامدا خۆیان پەراوێز خران و پارتی مایەوە.

مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، لە پاڵ دۆسیەکانی گەندەڵی و چەکی بێمۆڵەتدا، دۆسیەیەکی دیکە هەیە کە لە هەردووکیان مەترسیدارترە لەسەر ئاییندەی وڵات، ئەویش تەشەنەسەندنی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکانـە.

سەبارەت بە توانای عەلی زەیدی لە کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت، سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە، “سەرۆکوەزیران بە تەنیا ناتوانێت ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات، بەڵکوو پێویستی بە پاڵپشتیی ڕاستەقینەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، بە ڕواڵەت پاڵپشتی لێ دەکەن، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پرسە زۆر سەختە.

هاوکات هیوادارە ئەم دۆسیەیە نەگاتە ئاستی شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی، چونکە شەڕ نە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمدایە و نە لە قازانجی هیچ لایەکدایە.

چەکی بێمۆڵەت، دەستکەوتی کەسی و مەترسیی سزاکانی ئەمریکا

سەرۆک بارزانی بە سەختی زانی تەنانەت دوای وادەی 30ـی ئەیلوول یان بە درێژکردنەوەی تا 30ـی حوزەیرانی 2027ـیش ئەم پرسە بە ئاسانی یەکلا ببێتەوە و، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کەسانێک هەن کە سوودمەندن لەم دۆخە پڕ لە چەکە و دەستبەرداری نابن.

گوتیشی، گرنگ ئەوەیە چەک کۆنترۆڵکراو بێت و تەنیا بە فەرمانی فەرماندەیی باڵا بەکاربهێنرێت، نەک هەر کەسە و بە کەیفی خۆی هەڵسوکەوت بکات، ئەگەر ئەمە چارەسەر بکرێت، سەرکەوتنە بۆ تەواوی عێراق و بۆ خودی ئەو گرووپە چەکدارانەش.

هاوکات هۆشداری دا لە لێکەوتەی گوشارەکانی واشنتن و گوتی، ئەگەر ئەم دۆسیەیە چارەسەر نەکرێت، ئەمریکا سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت و وڵات دووچاری کێشەی گەورە و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، بۆیە چارەسەرکردنی بە شێوازی ئاشتییانە، لەگەڵ ئێران بێت یان غەیری ئێران، لە بەرژەوەندیی باڵای عێراقدایە.

پەیوەندیی دۆخی عێراق بە جەنگی ئەمریکا و ئێران و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەتوانێت کۆتایی بە کێشەی چەک بهێنێت، سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی کردەوە، “دۆخی عێراق بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەوەی کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بە چی کۆتایی دێت.”

سەرۆک بارزانی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەربڕی و بەراوردی کرد بە کشانەوەکەی ساڵی 2011 و بیرەوەرییەکی ئەو سەردەمەی گێڕایەوە کە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا لە عەبدولقادر عوبەیدی (وەزیری بەرگری) و جەواد بۆلانی (وەزیری ناوخۆ)ی ئەو کاتی عێراقی پرسیبوو ئایا توانای پاراستنی وڵاتیان هەیە، ئەوانیش وتبوویان “تەنانەت توانای پاراستنی بنکەیەکی پۆلیسیشمان نییە”.

سەرۆک بارزانی گوتی، “ئەوکات ئەمریکییەکان کشانەوە و لە ئەنجامدا کارەساتی هاتنی داعش لە 2014 ڕوویدا، من ئێستاش ترسم لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە. لە ساڵی 2014 حکوومەتی عێراق داوای لە ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ کرد کە بە هانایەوە بچن و بە ڕاستی ئەگەر پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان نەبووایە، سەرکەوتن بەسەر داعشدا مەحاڵ بوو.”

جەختی لەوە کردەوە، کە ڕاستە داعش تووشی شکستی گەورە بووە، بەڵام هێشتا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە ماوەتەوە. گوتیشی، “هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی عێراق و بۆ ئامانجی دیاریکراو هاتوون کە بریتییە لە هاوکاریکردنی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە دژ بە داعش، بەڵام ئێستا هەندێک وا دەزانن داعش بە تەواوی کۆتایی هاتووە و پێویست بە مانەوەی ئەم هێزانە ناکات، هیوادارم بۆچوونەکەیان ڕاست بێت و عێراق تووشی کارەسات نەبێتەوە.”

نەمانی نەختینە و کابینەکەی زەیدی

هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو لایەنانەی دژایەتیی ئەمریکا دەکەن و گوتی، ئەگەر ئەمریکا بە بڕیارێکی سادە ناردنی پارەی نەختینە بۆ عێراق ڕابگرێت، دوای دوو بۆ سێ مانگ وڵات ناتوانێت مووچە بدات، ئەو کاتە ئەو کەسانەی موزایەدە دەکەن با وەڵام بدەنەوە کە چی دەکەن؟ لە کاتێکدا داهاتی عێراق بە تەواوی لەسەر نەوتە.

سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دووپات کردەوە و گوتی، زەیدی کەسێکی گەنجە و خاوەنی نییەتێکی پاک و دروستە و ئێمە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا هاوکاریی تەواومان کردووە و سەرجەم ئەو تۆمەتبارانەی پارەیان دزیبوو و هاتبوونە هەرێم، ڕادەستی بەغدامان کردوونەتەوە.

پەلامارە درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکان، سەرۆک بارزانی بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی،: هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە جەنگی ئەمریکا و ئێران، بەڵام تا ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی هەرێم کراون، ئەمەش مایەی سەرسوڕمان و توندترین سەرکۆنەیە.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێرانیش جەختی کردەوە، گۆڕانکاری لە ئێران تەنیا بە دەستی گەلی ئێران دەکرێت نەک دەستوەردانی دەرەکی.

ماددەی 140، یاسای نەوت و گاز و پشکی بودجە

سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لە مافە دەستوورییەکان کردەوە و گوتی، “ماددەی 140 ماددەیەکی دەستووریی زیندووە، کۆتایی نایەت و دەستبەرداری نابین.

لەبارەی یاسای نەوت و گازیش، ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2007 ڕەشنووسێکی نموونەیی بە هاوکاریی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ئامادە کرا، بەڵام وەزیری نەوتی ئەوکاتی عێراق بە هۆی گوتاری نەژادپەرستانە دژ بە گەلی کورد ڕەتیکردەوە.

سەرۆک بارزانی گوتی، بەپێی ماددەی 111 و 112 ـی دەستوور، نەوت و سامانی وڵات موڵکی هەموو گەلانی عێراقە و ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبردنی هاوبەشین بە پێی دەستوور.

هەروەها پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتیدا بەپێی سەرژمێری دیاریی کرد و گوتی، بەبێ ناوچە دابڕێنراوەکان، پشکی ڕاستەقینەی هەرێم لە نێوان 14 بۆ 14.5% دەبێت و پێویستە جێگیر بکرێت.

یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و پەیامێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

سەرۆک بارزانی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە هەنگاوێکی مێژوویی و نیشتمانی وەسف کرد.

لە بارەی کوردانی سووریاشەوە، سەرۆک بارزانی گوتی، “کورد لە سووریا بەشێکی ئازیزی جەستەی ئێمەن، پێویستە بپارێزرێن و هاوکارییان بکەین لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق بۆ ئەوەی دۆخی خۆیان بچەسپێنن.

سەرۆک بارزانی وانەیەکی مێژوویی خستەڕوو و ڕایگەیاند، “ئەگەر متمانەت بە خۆت نەبێت و تەنیا پشت بە هێزی دەرەکی ببەستیت، ئەمریکاش بێت، ڕۆژێک دادێت دەتخات، گرنگ ئەوەیە پشت بە بازووی خۆت ببەستیت.

سەروەریی عێراق و گەشبینی بە ئاییندە

سەرۆک بارزانی جەختی لە پاراستنی کەرامەت و سەروەری کردەوە و گوتی، دەبێت عێراقییەکان خۆیان بڕیار لەسەر سەروەریی خۆیان بدەن و لە کاتی پێویستدا بڵێن نەخێر”

سەرۆک مەسعود بارزانی، چاوپێکەوتنەکەی بە پەیامێکی هیوابەخش کۆتایی پێهێنا و ڕایگەیاند، “سەرەڕای هەموو ئاڵۆزی و ئاڵنگارییەکان، من هەمیشە و بەردەوام بە ئاییندە گەشبینم”.