هاودەنگ فارووق
ئەگەرچی سەرۆککۆمار بەبێ کۆدەنگیی کورد لەو پۆستەدا دانراوە و ئەو دانانەش لە کاتی خۆیدا وەک قۆڵبەستێکی ترسناک پیشان دران، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە سەرۆککۆمار دوای دەستبەکاربوونیشی هەر خەریکی قۆڵبەست و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتیدا ماوەتەوە و لە ئەرکی سەرەکیی خۆی، کە پاراستنی دەستوور و هاوسەنگییە، دوور کەوتووەتەوە. پێویستە خۆی لە فیتنە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان بپارێزێت، لە گرێی دەروونی و فشاری حیزبی دوور بکەوێتەوە، مەزنتر بیر بکاتەوە و پۆستەکەی بەرزتر لە بەرژەوەندیی حیزبی ببینێت.
ئاخر چۆن دەبێت سەرۆککۆمار کورد بێت و لە هەمان کاتدا ڕۆڵی لەتکردنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان ببینێت؟
نموونەیەکی جوان هەیە کە دەقاودەق لەسەر بەڕێز نزار ئامێدی جێبەجێ دەبێت و وەک کاڵا بە باڵایدا دەبڕێت؛ نموونەکە دەڵێت: «بەدرێژایی ژیانیان مەڕەکان لە گورگ دەترسان بیانخوات، کەچی لەلایەن شوانەکەیانەوە ڕادەستی قەساب دەکرێن و دەخورێن.»
لە عێراقیشدا هەموو چاودێرانی پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانن لەوەی گرووپە چەکدارەکان پابەندی دەستوور نەبن و پێشێلی بکەن؛ کەچی ئەو کەسەی ئەرکی پاراستنی دەستووری لە ئەستۆدایە، خۆی دەبێتە پێشێلکاری و درگاوەدرگای حیزبەکانی بەغدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی کونجوکەلەبەرێک بۆ جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە.
لە کاتێکدا پارێزگاکانی کوردستان لە چوارچێوەی هەرێمێکدا خۆیان ڕێک خستووە و دەستووریش ددانی پێدا ناوە، باش دەزانێت کە دەستوور هیچ میکانیزمێکی دیاری نەکردووە بۆ دەرچوونی پارێزگایەک لە هەرێمێکی ددانپێدانراو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامێدی بە زۆر و زۆردارەکی هەوڵ دەدات حیلەیەکی ناشەرعی بۆ ئەم مەبەستە بدۆزێتەوە و دەستوور بکاتە قوربانیی مەرامی سیاسییەکانی حیزبەکەی.
قسەکە لەسەر ئەوە نییە کە ئەو هەوڵانە دژایەتیی ڕاستەوخۆی دەستوورن؛ هەروەها تێدەگەین کە ناوبراو فشاری زۆری لەسەرە و لەوانەیە توانای بەرگەگرتنی ئەو فشارانەی نەبێت. بەڵام ئایا دەستوور بۆ ئەوەیە بخرێتە بەر چەقۆی جەلاد و تەنیا لەبەر ئەوەی سەرۆککۆمار بەرگەی فشاری سەرحیزبەکەی ناگرێت، پێشێل بکرێت؟
ئەم پرسیارە بەر لە هەموو شتێک ئاراستەی ئەو دەزگا سیادییانەیە کە پێویستە بە توندی پابەندی دەستوور بن: ئایا ڕێگە دەدەن ئیرادە و بڕیاری چەند کەسێکی کەمینەی خۆسەپێنی حیزبی، هەموو پرنسیپە دەستوورییەکان پێشێل بکات؟
هەروەها، ئایا درگاوەدرگاکردنی سەرۆککۆمار بۆ دۆزینەوەی فێڵێکی ناشەرعی بە مەبەستی پێشێلکردنی دەستوور، تەعن لە ئەهلیەتی ئەو کەسە بۆ مانەوەی لەو پۆستەدا نییە؟ یاساناسان و دەستوورناسان لەو ڕووەوە چی دەڵێن؟ ئایا دەکرێت هەر حیزبێک لە پێشبڕکێیەکی یاسایی و دیموکراسیدا دۆڕا، هەڕەشەی جیاکردنەوەی بەشێک یان ناوچەیەک بکات؟ ئەگەر وابێت، با چاوەڕوان بین هەر حیزبێکی دۆڕاو لە هەڵبژاردندا ناوچەیەک بۆ خۆی پاوان بکات و جیای بکاتەوە؛ ئەوەش واتای ئەوەیە کە دەبێت فاتیحا بۆ دەستوور بخوێنین.
