عەبدولڕەحمان فەرهادی
گه‌ر جارێك به كه‌ر بڵێین هۆش، ئیتر تێده‌گات و ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام مرۆڤ زۆرجار تێناگات، یان نایه‌وێ تێبگات، ئیتر بۆچی كه‌ر له به‌نیاده‌م ئاوه‌زمه‌ندتر نییه؟ ئه‌و له مرۆڤ تێده‌گا، به‌ڵام ئه‌وه ئێمه‌ین له‌و ناگه‌ین، تێیناگه‌ین ده‌نا له‌و ئاقڵتر ده‌بین. عه‌زیز نه‌سین له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باس له ئاقڵیی كه‌ر ده‌كات و ئه‌ویش لەمێژە پێیوایه كه‌ر له مرۆڤ ئاقڵتره، ئەوەتا له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێ:
له پاییزی 1930 چوومه یه‌كێك له گونده‌كانی كوهپایه، كه خه‌ڵكه ساده و ساكاره‌كه‌ی زۆر سه‌ره‌تایییانه ده‌ژیان و ئه‌و گه‌نم و دانه‌وێڵه‌یه‌ی كه هاوینان به‌رهه‌میان دێنا، له چاڵانیان ده‌كردن و دایانده‌پۆشین و له كۆتایی پاییزێ له چاڵانیان ده‌ردێنانه‌وه. كه چوومه ئه‌وێ، لادێیییه‌كان چاڵه‌كانیان لێ ون بووبوو، چونكه گیاوگۆڵ هه‌موو جێیه‌كی داپۆشیبوو و نیشانه‌یه‌كیش نه‌بوو شوێنه‌كان دیار بكاته‌وه، زۆر جێیان هه‌ڵكه‌ندبوو به‌ڵام چاڵه‌كانیان هه‌ر نه‌ده‌دیته‌وه. من پێمگوتن: بڕۆن هه‌مان ئه‌و كه‌رانه بێننه‌وه كه هاوینێ به‌رهه‌مه‌كانتان له‌سه‌ر خه‌رمانێوه پێ هێناوه‌ته سه‌ر چاڵه‌كان، هه‌ر له‌وێوه به‌رد و گڵیان لێ باركه‌نه‌وه و به‌رهەڵدایان بكه‌نه‌وه و لێیانگه‌ڕێن، ڕه‌نگه هه‌ر به‌پێی خۆیان بچنه‌وه سه‌ر چاڵه‌كان. لادێیییه‌كان به‌قسه‌یان كردم و هاتن وایانكرد و كه‌ره‌كان ملیان لێنا و له‌و ده‌شته‌دا له جێیه‌كی وه‌ستان، كه لادێیییه‌كان شوێنه‌كانیان لێدایه‌وه، كه‌ره‌كان به‌هه‌ڵه نه‌چووبوون، چاڵه‌كان هه‌ر له‌وێ بوون.
جارێکیان هاوڕێیەکی کۆنە پێشمە‌رگە بۆی نووسیبووم “با سە‌رھاتێكی ڕاستە‌قینە‌ت بۆ بباسێنم”: لە كۆتاییی ھە‌شتاكان پێشمە‌رگە بووم، شە‌وێك لە گوندی پرینگە کە شەش كیلۆمە‌تر لە خۆراوای قوشتە‌پە‌یە، بە‌ڕێكە‌وت پێشمە‌رگە‌یە‌كی نە‌خۆشمان خستە سە‌ر پشتی كە‌رێك و بە‌ڕێكە‌وتین و لە جادە‌ی هەولێر-کەرکووک لە ڕاستی گوندی موورتكە پە‌ڕینە‌وە تا گە‌یشتینە شوێنی بێ ترس، نزیك گوندی دووشیوانی مە‌نتكان تووشی برادە‌رانی خۆمان بووین و كە‌رە‌كە‌مان بە‌رهەڵدا كرد، کەرەکە ھە‌ر بە‌و شە‌وە گە‌ڕابووە‌وە گوندی پرینگە، كە‌سوكارمان وایانزانیبوو ئێمە شتێكمان بە‌سە‌رھاتووە، کوو! ئە‌و كە‌رە بە‌و تاریكە‌شە‌وە‌ی هاتووەتە‌وە و دە‌یان كیلۆمە‌تری بڕیوە!
کوڕێک ھەبوو لەگەڵ من قوتابیی ناوەندیی زۆزان بوو، ناوی جاسم بوو، جاسم کەڕەکرمانجێک بوو وەک خۆمان! وەلێ سەروبیچمی ئەوەندە ناشیرین بوو، شەوقی لە تەپاڵە بڕیبوو! ئێمە ناوماننابوو (جاسم جۆگەلە) چونکە دەیانگوت بەردەوام لەدەو جۆگەلە قوڕەشیناوییەکان خەریکی کرمومرمە. جاسم ھەمووجار بە کەرەکەی خۆی لە دوورەوە بەلای سایلۆوە دەھاتە مەکتەبێ، کە دەگەیشتە بەردەم دەرگای مەکتەب، لە کەرەکەی دادەبەزی و شوولکێکی دەخێواندێ و کەرە خۆی بە ئاقڵی، ھەڵتەک ھەڵتەک ملی ڕێی دەگرت و دەچووەوە ماڵەوە.
ھە‌ر ئە‌و ھاوەڵەم ھەمان شوولکی دەدایە مامۆستا بۆ ئەوەی پێی لە ئێمەش بدات. زۆر سەیر بوو! ئە‌و شوولکەی جاسم هەڵیدەبژارد کە دواتریش دەیدایە مامۆستاکەمان، دایما شوولکی هەنار بوو، ئەوەندە لاستیکی و نەرم بوو، سە‌ر و قوونی دەگەیشتەوە یەک، جار ھەبوو مامۆستاکە هەر بە‌و شوولکە لە جاسمیشی دەدا!
برادەرێك بۆی گێڕامەوە:
پێم وایە لە شارەزوور بوو، کۆمەڵێك ئەندازیار دەیانەویست رێگایەک بۆ گوندێک دەستنیشان بکەن، بە مەبەستی چەوڕێژی و هاتوچوو، هەرچەندی هەوڵیان دەدا سەریان لێ دەرنەدەچوو، چونكە سروشتی خاکەکەی گردەزوورگ و دۆڵی بچووک بووە.
کابرایەکی سوار لێیان نزیک دەبێتەوە، تەماشای ئامێر و سەروگوێلاکیان دەکات، لێیان دەپرسێت: ئەرێ! ئەوە ئێوە خەریکی چین؟
ئەمانیش وەڵامی كابرا دەدەنەوە و دەڵێن: دەمانەوێ ڕێگایەک بکەینەوە بۆ ئەوێ گوندی سەرێ، نازانین لە کوێوە دەست پێکەین! و ڕێگاکە بە كوێدا ببەین. کابرا لەسەر کەرەکەی دێتە خوارەوە و دەڵێ: من خەڵکی گوندەکەم، بڕۆننێ کەرەکەم بەرەڵا دەکەم، چۆن خۆی دەچێتەوە گوند، ئە‌و بەکوێدا چوو ئەوە ڕێگایەکە. كابرا کەری بەڕەڵڵا کرد، ئەوانیش بەدوایدا سەرنجیاندا رێگایەکی گونجاوە، بۆیە لەسەر شوونی کەرەکە نەخشەی ڕێگایەکەیان کێشا!
هاوڕێی سەردەمی كۆلیجم، كاكەڕەش گەریاوە، بۆی گێڕامەوە:
منداڵ بووم لە گوندی گەریاوە بەولاوە، هیچ شوێنێکم نەبینیبوو، باوکم بە دایکمی گوت: کە ڕۆژ هەڵات باراشی لە کەرێ بارکەن، با كاكەڕەش بیباتە ئاشی لە مەسیفی، ئاشەكە گازی بوو هی ماڵی جەمیل ئاغای کۆڕێ بوو، ئاشەوانەكە ناوی ڕەمەزان بوو.
من قەت نەچووبوومە ئاشی و پێم نەدەزانی ئاش لە كوێ‌یە!
گوتم: بابە من ئاش پێنازانم!
گوتی: کوڕم تۆ دوای کەرەكە بکەوە، ئە‌و خۆی دەتباتە ئاش!؟
بەیانییەکەی باراشیان لە کەرێ بارکرد و گوتیان بەری ڕوو لە مەسیف بكە و تۆ لە دوای بڕۆ و کارت پێیەوە نەبێت، ئە‌و ڕێگاكە بە هەڵە نابڕێت، ناچار دوای کەرێ سپی کەوتم و لێم خوڕی، من وەختبوو دڵم بتەقێت! دەترسام نەكا بزربم. بڕۆ بڕۆ کەرێ سپی نەوەستا تا سەری بە دەرگای ئاشی وەنا، ئینجا ڕەنگوڕووم هاتەوە بەر. بۆ گەڕانەوەش بە هەمان شێوە بارەکەیان لۆ بارکردم، کەرێ سپی نەوەستا هەتا سەری بە هەیوانێ وەنا!؟
سەد حەیف و مەخابن، حیزبی كەران مۆڵەت نەدرا و قەدەغە كرا!
ئێ ده‌ی كه به‌نیاده‌م خۆی پێ له كه‌ر ئاقڵتره، كه‌واته بۆچی كه‌ر له بەنیادە‌م ئاوه‌زمه‌ندتر و پڕ ئه‌قڵتر نییە؟
