رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی

عارف ڕوشدی

پەیامی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییە، پەیامی پاراستنی خواستەکانی گەل و نیشتیمان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، پەیامی بەرزڕاگرتن و رێزدارکردنی خوێنی ئاڵی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازی کوردستانە .
شاراوە نییە، لەئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ململانێی سیاسی، سەربازی و ئابووری لە برەودایە، لایەنە بەشداربووەکان خاوەنی وڵات و بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیانن، لە وانەکانی مێژوودا دەبێ هۆشیاری وەدەست بێنین، بزووتنەوەی کوردایەتی و چەندین بزووتنەوەی هاوشیوە، لە بەریەککەوتن و ململانێی بەرژەوندخوازانەی وڵاتدا، ڕووبەڕووی زیانی گەورەهاتوون، نزیکترین نموونە: رێککەوتنی ناپاکانەی (٦)ی ئازاری ساڵی (١٩٧٥)ی ناسراو بە رێککەوتنی ( جەزائیر )ە، لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عیراقی سەردەمی بەعس و ئێرانی سەردەمی شا، سەرەڕای پیلان و گرفتە بەردەوامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەهۆکاری پێشێلکردنی دەستوورو بازدان بەسەر ماف و ئەرکە دەستوورییەکانی هەرێمدا، بۆیە بەدەنگەوە هاتنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی، بەجێگەیاندنی باپەندبونێکی نیشتیمانی نەتەوەیی و ویژدانییە، تاکو بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو کوردستانیانە، ڕێگری بکرێت لە هەر پیلان و زێدەروویەک بکرێتە سەر پێگەی سیاسی و یاسایی هەرێمەکەمان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان پارێزراوبن، لەوپێناوەدا پێوستە چیتر کاراکردنی پارلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوانەخرێت و نەبێتە بیانو بەدەست، ناحەزانەوە و بەکاربهێنرێت دژی سەروەری گەلەکەمان، لەو باوەرەدام هەر لایەنێک لە تێروانینی بەرتەنگی خواستی کەسی و حزبی نەیەتە ژێر باری پەیامی خواستی نیشتیمانی، پێش هەموو شتێک بەو واتەیە دێت : رێزنەگرتنە لە مێژووی پڕ لەنەهامەتی گەلەکەمان و دەنگدەران و جەماوەرەکەیەتی .
ئەوەی رەوایە : لایەنەکان پێوستە هاوکارو قایل بن بەو هێزو پێگەیەی دەنگدەران پێیان بەخشیون شان بدەنە بەر بەرسیارەتی راپەراندنی ئەرکەکانی ئەم قوناغە هەستیارو جەنجاڵە و کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمەکەمان بەرەو ئاستێکی باڵاتر بیبەن.