رۆژنامەی ھەولێر

ئابووریی عێراق لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا دەبووژێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ سێزدەی حوزەیران ڕێک ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل تێپەڕی، جەنگێک کە لە یازدەمین ڕۆژیدا ئەمریکاش هاتە پاڵ ئیسرائیل و دوای ئەوەی سێ لە گەرنگترین وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان کران لە بیست و چواری حوزەیران کۆتایی هات.

ئەو جەنگە بووە هۆی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی بارگرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و چارەنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی زۆرترین مشتومڕی بەدواوە بوو و تا وای لێهات لە کۆتایی ئەیلوولەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕێکاری سناپ بەکی چالاک کرد و سزا نێودەوڵەتییەکان دوای دە ساڵ دژی ئێران زیندوو کرانەوە.
لە بیست و هەشتی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە گەڕێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران کرد و ئێرانیش وەڵامی دایەوە و بۆ ماوەی چل ڕۆژ ئاگر و ئاسن بەسەر ئاسمانی ئێران و ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نيوەڕاست باری و ئەو جەنگەش لە هەشتی نیسان دوای ئاگربەست وەستا.
بەپێی ڕێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن کە بە ناوبژیوانی پاکستان واژۆ کرابوو دەبوایە ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە بەڵام ئەم گەرووە داخراوی مایەوە و بۆیەش لە سێزدەی مانگی نیسان ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاند.
کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان کە هۆکاری سەرەکی بوون لە ئابووری و سەرچاوەی داهاتی وڵاتانی ناوچەکە و لەوانەش عێراق کەوتنە نێوان دوو بەرداشی جەنگ و زیانێکی زۆری ئابووری بەر کەرتی دەریاوانی بازرگانی و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش کەوت نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهانی بەرز بوویەوە و ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتانی جیهان هەڵکشا.
لە حەوتی حوزەیرانی ئەمساڵ ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و لە هەشتی مانگ ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و ئەو جەنگەش کە کەمتر لە بیست و چوار سەعاتی خایاند بە هەوڵەکانی ترەمپ وەستێنرا.
هەر دوای ئەم ڕووداوە ئەمریکا ئێرانی بە خستنەخوارەوەی کۆپتەرێکی ئاپاچی تۆمەتبار کرد و بۆیەش دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی تۆڵەسەندنەنەوەی کرد و لە دەی ئەم مانگەدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئێران و دەگوترێ چل شوێنی ئێرانی کردە ئامانج و ئەو هێرشەش هەر کەمتر لە ڕۆژێکی خایاند،
رۆژی هەینی یازدەی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا هێرش نەکاتە سەر ئێران و باسی لە گەیشتنی بە یادداشتێکی لێکتێگەیشتن کرد. جگە لە میدیاکانی ئەمریکا میدیاکانی ئێرانیش ئەگەر گەیشتن بە یادداشتێکی لێکتێگەیشتنیان پشتڕاست کردەوە.
باس لەوە دەکرێ هەر لەم هەفتەیەدا جەی دی ڤەنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە جنێف واژۆ لەسەر ئەو یادداشتە بکەن و هەر چەندە قسەی جیاواز لەبارەی ناوەڕۆکی یاداشتەکە دەکرێت و هێشتا بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام ئەوەی یەکلا بۆتەوە ئەوەیە دەبێت گەرووی هورمز بەڕووی سەرجەم کەشتییەکاندا بکرێتەوە.
بڕیارە لە ڕۆژی دووشەممەوە ڕێبەرانی گرووپی حەوت لە ئەوروپا کۆ ببنەوە و باسی دواین گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی جیهان بکەن و چاوەڕوان دەکرێ هەر لە میانەی ئەو کۆبوونەوەیە جۆرە یادداشتێک لە نیوان ئێران و ئەمریکادا واژۆ بکرێت.
پێیویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێ کە لە ماوەی هەفتە و مانگەکانی ڕابردوو چەندین جار ئێران و ئەمریکا تا واژۆکردنی یادداشتنامە لەیەکتر نزیک کەوتوونەتەوە بەڵام دواتر لەپڕ بارگرژی سەریهەڵداوە.
کرانەوەی گەرووی هورمز دەتوانێت سوودی بۆ وڵاتانی جیهان و ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی هەبێت چونکە، عێراق زیاتر لە سێ مانگە لە هەناردەکردنی زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بێبەش بووە، ئەم ڕووداوە دەتوانێت دۆخی ئابووریی عێراق ئاسایی بکاتەوە کە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە ئەگەر داخرانی هورمز زیاتر درێژە بکێشێت.