رۆژنامەی ھەولێر

لە داڕشتنەوەی ستراتیژیەتی هاوكێشە سیاسیەكان لەناوچەكەدا

 

 

دوێنێ، چلەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی ” بایەخی وزە لە داڕشتنەوەی هاوكێشە سیاسیەكان لەناوچەكەدا” لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.

بۆ ئەم گفتوگۆیە ڕاپۆرتێكی مەیدانی لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادە كرابوو كە تیایدا چەندین ئەكادیمستی یاسایی و جیۆلۆجی و پسپۆر لە بواری وزە باسیان لە گرنگی كاریگەری وزە كردبوو لە داڕشتنەوەی هاوكێشە سیاسیەكان بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی جیهان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، دوای نمایشكردنی ئەم ڕاپۆرتە مەیدانیە ئەم بەڕێزانە ” د.حەمدی شنگالی، شیخ یەحیا ئەلسونبل، د. غەزال عوزێر بارزانی، كەریم پەروێزی ، د.بەڕۆژ سندی، ڕووبار هەمزە دزەیی، فەلاح سەید مەولود، د.خورشید عەبدولەتیف، د.سۆران ئێلخانی ، هەڤاڵ عەبدولحافز ، د.ڕێبین سەمەد عەبدوڵڵا، هەروەها هەریەك لە ” د.شێركۆ جەودەت و كەبیر ئەحمەد زیباری بە –سكایب و، پ.د.سەرهات ئەركمەند بە ناردنی ڤیدیۆیەكی تۆمار كراو ، لەگەڵ ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ” شڤان حەمدی، د.نەزاكەت حسێن، عیماد تەها، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” ماوەی 3 كاتژمێر زۆر ڕاشكاوانە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە گرنگە كرا.
لەم گفتوگۆیەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە لە جیهانی ئەمڕۆدا، وزە بۆتە چەكێكی دیپلۆماتی بێدەنگ و چەكێكی كاریگەر لەكاتی شەڕ و ململانێ نیودەوڵەتیەكاندا، هەر كارتی وزەش دووبارە ستراتیژیەتی هاوكێشە سیاسیەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان سەرلەنوێ دادەرێژێتەوە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەكانی وزە زۆر بواری جیاواز دەگرێتەوە، بەڵام هەردوو سێكتەری ” نەوت و گاز” هەتا ئێستا كارتی سەرەكین لە هاوكێشە سیاسیەكانی جیهان و ، لە هەر شوێنكی جیهان مەترسی لەسەر هەناردە كردن و بارزگانی ” نەوت و گاز” ئاستەنگی بێتە بەردەم ئەوا كاریگەری زۆر دیاری لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیش دەبێت.
سەبارەت بە میكانیزمی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەردوو سێكتەری ” نەوت و گاز”، زۆر ڕاشكاوانە ڕەخنەی توند لە حكومەتی فیدرالی عێراق گیرا كە نایەوێت یاسای نەوت و گازی فیدرالی دوای تێپەربوونی زیاترلە 20 ساڵ بەسەر پەسەندكردنی دەستووری عێراقدا دەربچێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو یاسایە میكانیزمێك بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی داهاتی نەوت و گاز سوودی بۆ تێكرای هاوڵاتیانی عێراق هەبێت.
جێگەی ئاماژە پێكردنە ڕاپۆرتی ئەم گفتوگۆیە لە رۆژی 4ی ئاداری 2026 لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.