رۆژنامەی ھەولێر

شیکەرەوەیەکی وەرزشی بە تەنزەوە قسە لەسەر لێدوانێکی ئەربیلووا دەکات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ئەربیلووای راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، ڕایگەیاند بوو هێشتا ڕکەبەریی لە نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنەدا بۆ بردنەوەی ناسناوی لا لیگا ماوە، بەڵام ڕۆژنامەنووسێک تەنز لەو قسەیەی دەدا.

دەیڤید سانچیز، شیکەرەوەی وەرزشیی، باسی لەوە کردووە، کە ئەلڤارۆ ئەربیلووا لە یانەی ریاڵ مەدرید دۆخی خراپە و ئاست و ئەنجامەکانی وەک پێویست نین و بەرشلۆنە بەسەریدا سەرکەوتووە.
دەیڤید سانچیز لە بەرنامەی لاتریبۆدا لە ڕادیۆی مارکا باسی لەوە کرد: پێش هەفتەیەک ئەربیلووا وتی رکەبەری لەسەر ناوەکە بەردەوامە، پێم وایە مەبەستی خولی ئینگلیزی یان خولی وڵاتانی دیکە بێ، چونکە بە دڵنیاییەوە مەبەستی لا لیگا نییە، خولەکە نەماوە و تەنانەت پێش هەفتەیەکیش کۆتایی هاتووە و بەرشلۆنە یەکلای کردووەتەوە.
ئەو شیکەرەوەیە باسی لەوە کردووە، کە جیاوازیی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید تەنیا لە خاڵ و ڕیزبەندیدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو جیاوازییەکی گەورەی تۆپی پێ هەیە، ئاستی یانەی بەرشلۆنە بە سەرپەرشتیی هانز فلیک زۆر لە ئاستی ریاڵ مەدرید بەرزترە.
دەیڤید سانچیز سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کە ئەربیلووا ئەو هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە باسکردنی ئەگەری بردنەوەی ناسناوەکە، ئەوەیش خۆی باوەڕی پێ نییە. دەشڵێ: دووبارەکردنەوەی سکاڵا و گلەیی و ڕەخنەی ئەو راهێنەرە لە ناوبژیوانان، خوویەکە و لە هەموو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەکوو تەکتیک باسی دەکا و دووبارەی دەکاتەوە.
هەروەها بەراوردی ئاستی ریاڵ مەدریدی لە نێوان هەردوو راهێنەر ئەربیلووا و چابی ئەلۆنسۆی کرد و وتی: جیاوازییەکان زۆرن و ئەربیلووا ژمارەکانی زۆر لە ژمارەکانی چابی خراپترە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ریاڵ مەدرید رووی نەداوە.
دەشڵێ: هەرچەندە هەموو خەتاکە ناکرێتە سەر ئەربیلووا، بەڵام بەشێکی زۆری لە ئەستۆی ئەودایە، بەوەی بە بوونی گرووپێک یاریزانی زۆر باشیش، ئاستێکی خراپی هەیە.
بۆ بیرهێنانەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتاییهاتنی خولەكانی تۆپی پێ، بە تایبەت كە ریاڵ مەدرید تەنیا لە خولی ئیسپانیا یارییەكانی ماوە و لەو خولەش تا ڕاددەیەكی زۆر بێهیوا بووە، دەنگوباس و قسە لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی ئەلڤارۆ ئەربیلووای راهێنەری یانەكە دەكرێ و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید، دەركی بەوە كردووە كە زۆربەی یاریزانانی یانەكەی، دەیانەوێ ئەربیلووا لە یانەكە بەردەوام بێ، ئەوەیش بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەنووس تۆماس گۆنزالێسی رۆژنامەنووسی ئێل دیبەیتی ئیسپانییە.